بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی ژینگەوان، کەمپەینی هاواری کانی بڵ بەبڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات کە بەمەبەستی مەحكووم کردنی سانسۆری ناڕەزایەتییەکانی کوردستان بە نیسبەت خنکانی کانی بڵ لە ناوەندی دەنگ و رەنگی سنه، لەگەڵیان بن.
لەم هەوڵە نوێیەدا کە کەمپیەنی هاواری کانی بڵ رێکی خستووە وێڕای مەحکوومکردنی سانسۆری کاناڵی ئوستانی سنە داوا لە خەڵکی سنە، کرماشان، ئیلام و ورمێ و هەموو هاوڵاتییانی کوردستان بەتایبەتی ئەو 1250 کەسەی کە داواکاریی کۆتایی هێنان به مانگرتنیان لە مانگرتوان کردبوو، دەکات کە وێنەی خۆیان بە نووسراوەی ” هاواری خەڵک ببیسن، کانی بڵ مەخنکێنن ” بۆ کەمپەینی هاواری کانی بڵ بنێرن.
سانسۆری ناڕەزایەتییەکانی کوردستان بە نیسبەت خنکانی کانی بڵ لەلایەن دەنگ و رەنگی سنەوە لە حاڵێکدایه کە چەندین رێکخراو وهەواڵدەریی جیهانی بە نیگەرانییەوە دەڕواننە دروست کردنی بەنداوی داریان.
لەم پێوەندییەدا رێکخراوی کۆناراناسی ئامریکا هەواڵی دۆزینەوەی گەلێک ئاسەواری مێژووی و کەونارای بڵاو کردووەتەوە و تێیایدا رایگەیاندووە کە ئەم ئاسەوارانە بە ئاوگیریی بەنداوی داریان لەناودەچن.
هەروەها ماڵپەڕی ” نیوو هیستۆرین ” مێژووی تازە و گۆڤاری نەشناڵ جێئۆگرافیکی لەهێستان هەواڵی لەناوچوونی گەلێ ئاسەواری بە ئاوگیریی بەنداوی داریان بڵاو کردووەتەوە.
ن: هێدی کامرانیپوور
سەرچاوە: کاناڵی کەمپەینی رزگاریی کانی بڵ و هاواری کانی بڵ لە تێلێگرام