شۆرای هاوکاریی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان لە نامەیەکدا بۆ فەرمانداری ئەو شارە داوای مافی خوێندن بە زمانی دایکی دەکەن

0
785

بەپێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، شۆرای هاوکاریی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری مەریوان لە نامەیەکدا ڕوو لە فەرمانداری ئەو شارە، داوای جێبەجێ کردنی مافی خوێندن بە زمانی دایکی لە خوێندنگەکانی شاردا دەکەن.

شۆرای هاوکاریی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری مەریوان لە ڕێکەوتی 18ی ڕەشەمەدا بە ئاراستە کردنی نامەیەک ڕوو لە نوێنەرانی شارە کوردنشینەکان لە پارلەمان و قایمەقامییەتی مەریوان، داوای مافی یاسایی خوێندن بە زمانی دایکی بۆ هەموو گەلانی ئێران و بەکارهێنانی فێرکاریی زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردەدا دەکەن.

لەو نامەیەدا کە وێنەیەکی بە دەست ماڵپەری ژینگەوان گشتووە، لەگەڵ وە بیر هێنانەوەی پێویستیی دەستەبەر بوونی ئەو مافە بۆ هەموو گەلانی ئێران، لە قایمقامی شاری مەریوان داوا کراوە کە وەک نوێنەری دەوڵەت خوێندن بە زمانی دایکی لە خوێندنگەکانی شاردا بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە.