ساڵیادی دامەزراندنی کتێبخانەی عەتری گوڵۆڵان، بەرێوەچوونی هەڵمەتێکی نەمام چاندن

0
1330

بەپێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، ئەنجۆمەنی وەڵات لە شاری بۆکان لە درێژەی کار و چالاکییەکانی خۆییدا، رێورەسمێکی بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کتێبخانەی عەتری گوڵۆڵانی لە ئاوایی گوڵۆڵان هەروەها هەڵمەتێکی نەمام چاندنی بەرێوە برد.

ڕۆژی هەینی ڕیکەوتی ۲۰ی ڕەشەمە کۆڕیادی شەشەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کتێبخانەی مامۆستا محەممەد نووری،ناسراو بە عەتری گوڵۆڵانی،بە بەشداری بەرچاوی چالاکانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی وڵات و چاندنی نەمام لە لایەن ئەو ئەنجومەنەوە بە ڕێوەچوو و شایانی باسە کە ڕێژەیەکی زۆر لە چین وتوێژە جیاجیاکانی ئەو مەڵبەندە و هەروەها ئەنجومەنی ئەدەبی و کۆڕی فێرکاری زمانی کوردی ئەدەب ـ ی بۆکانیش لەو کۆڕەدا بەشداری بەرچاویان هەبوو.

ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی وڵات بە مەبەستی پتەوتر کردن و پەرەپێدانی پێوەندییەکانی لە گەڵ دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، لەو کۆڕەدا بەشدار بوو و بە ناشتنی چەندین نەمام،پەیامی ژینگەپارێزی و وڵات پارێزیی خۆی، ئاراستەی ئەو کۆڕیادە و خەڵکی بەڕێزی گوڵۆڵان و ناوچەکە کرد.

لەم مەراسمەدا کە لە مزگەوتی گوڵۆڵان بەڕێوەچوو، نزیک بە۲۰۰کەس تیایدا بەشدار بوون و لە دوای چاندنی نەمامەکان لە بەر درگای مزگەوتی ئاوایی،کۆڕەکە لە ناو مزگەوتی ئاواییدا دەستی پێکرد و مامۆستا و پێش نوێژی ئاوایی گوڵۆڵان، وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان، وتارێکی سەبارەت بە کەسایەتی خوالێخۆشبوو مامۆستا محەممەدنووری پێشکەش کرد و هەروەها ئاماژەشی بە گرنگی پەرەپێدانی کتێبخانە و کتێب خوێندنەوە و پەروەردە بە زمانی دایکی لە کۆمەڵگادا، کرد.

لە درێژەی مەراسمەکەدا بە نوێنەرایەتی لە بنەماڵەی مامۆستا نووری،بەڕێز عوسمان نووری، دوای بەخیرهاتنی گەرموگوڕی ئامادەبووان،وتارێکی ئاراستە کرد، کۆڕی سروودی منداڵانی وڵات،بە سەرپەرەستی حسێن گوڵۆڵانی، سروودێکی بۆ منداڵان و هەروەها بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی ژن، پێشکەش کرد و پاشان گرووپی سروودی کێوی قەرەقاش سروودێکی بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە و سەردەشت و ئەنفال کراوانی کورد،پێشکەش کرد.

سمکۆ مەعڕووفی چالاکی ژینگەپارێز و مامۆستای زمانی کوردی، بە نوێنەرایەتی لە ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی وڵات لە وتارێکدا،دوای سپاس و پێزانینی خۆی بۆ میوانداری گەرموگوڕی خەڵکی گوڵۆڵان،باسی لە کار وچالاکییەکانی ئەنجومەنی وڵات کرد و بەرنامە و ئامانجەکانی ئێستا و داهاتووی ئەو ئەنجومەنەی هێنایە بەر باس و ژینگە و پرسی ژینگەپارێزی وەک یەکێک لە گرینگترین پرسەکانی ئەمڕۆی جیهان و کۆمەڵگای کوردی ،لە قەڵەم دا و کوتیشی: فەرهەنگ و کولتووری ژینگەپارێزی لە دێهاتەوە سەرچاوەی گرتووە و ژیانی شارنشینی جگە لە تێکدان و پیس کردنی ژینگە هیچ بەرهەمێکی دیکەی نەبووە.

لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا بەڕێزان حاجی ڕەحیم مینایی شاعیر؛دوکتورشەماڵ سەقزی؛محەممەدحسێن پوور شاعیر؛خالیدعەسگەری؛حسێن گوڵۆڵانی،و چەندین شاعیر و ئەدیب و توێژەر و کەسایەتی دیکە، هەریەک وتارێکیان پێشکەشی کۆڕەکە کرد، کۆڕی سروودی وڵات لەو مەراسمەدا سروودێکی دیکەشی لە سەر بابەتی ژینگە،پێشکەشی بەشداربووانی ئەو کۆڕە کرد.

This slideshow requires JavaScript.