خەڵکی ناوچەی سەرشیوی مەریوان روو لە خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێزی مەریوان داواکاریەک بڵاو دەکەنەوە

0
1043

بەپێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، خەڵکی ناوچەی سەرشیوی مەریوان دوای ڕۆژ کۆبوونەوەی نارەزایەتیەکەی خۆیان لە دۆڵی سماقان بە نسبەت گواستنەوەی زبڵ و پاشماوەکانی شاری مەریوان بۆ ئەو شۆێنە هەروەها گرتن و دەسبەسەر کردنی چەند کەس لە خەڵکی ئەو ناوچە لە بڵاوکراوەیەکی نۆێدا روو لە خەڵکی شاری مەریوان و چالاکانی ژینگەپارێز داوایی پشتیوانی دەکەن.

دەقی ئەم داواکاریە بەم چەشنەی خوارەوەیە:

 “داواکاریی دانیشتووانی ناوچەی سەرشیو لە خەڵکی شاری مەریوان و ڕێکخراوە مەدنی و ژینگەییەکان”

خەڵکی خۆشەویست و هۆشیار و ژینگەپارێزی شاری مەریوان؛
وەک ئاگادارن ئەم چەندین ساڵە شوێنی کۆگاکردنی زبڵ و پاشماوەکانی شاری مەریوان بووەتە کێشەیەکی جیددی، بەڵام بەداخەوە شارەداریی مەریوان نەیتوانیوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، ساڵی ڕابردوو لەژێر گوشاری دانیشتووانی گوندی ئەسراوا، شارەداریی مەریوان بڕیاری گۆڕینی شوێنی کۆگاکردنی زبڵ و پاشماوەکانی بۆ جێگەیەکی دیکە دەرکرد.

لە چەند مانگی ڕابردوودا دۆڵی سماقان لە تەنیشت بەردی گاڕان و هەڵکەوتوو لەسەر جادەی سەقز- مەریوان، وەکوو جێگەی نوێ بۆ کۆگاکردنی زبڵ و پاشماوەکانی شاری مەریوان هەڵبژارد، دەرکردنی ئەم بڕیارە لەگەڵ ناڕەزایەتیی بەرینی دانیشتووانی ناوچەی سەرشیوی مەریوان ڕووبەڕوو بوویەوە؛ دۆڵی سماقان لە هیچ ڕوویەکەوە لەبار نییە بۆ کۆگاکردنی زبڵ و پاشماوەکان، بەڵام بەداخەوە بەرپرسانی شار سوورن لەسەر جێبەجێ‌کردنی بڕیارەکەیان و هەروەها خەڵکی ناوچەکەیش سوورن لەسەر پێشگرتن بە بڕیاری نەشیاوی شارەداری.

دوای چەندین دانیشتنی خەڵکی ناوچەکە و لایەنە پێوەندیدارەکان، هیچ بەرپرسێک گوێی بۆ داوای خەڵکی ئەم ناوچە نەگرت و ئەمڕۆ بە مەبەستی ئامادەکردنی دۆڵی سماقان بۆ ڕشتن و کۆگاکردنی زبڵ و پاشماوەکان هاتنە شوێنی مەبەست، بەڵام خەڵکی ناوچەکە پێشیان بەم کارە گرت و لە ئاکامدا 15 کەس لە لایەن هێزی ئینتزامییەوە دەستبەسەر کران.

ئێستا دانیشتووانی ناوچەی سەرشیوی مەریوان ڕادەگەیەنن کە ئەم کێشە بەتەنیا کێشەی خەڵکی ناوچەی سەرشیو نییە و کێشەکە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی دانیشتووانی شاری مەریوانەوە هەیە، بۆیە ئێمە خەڵکی سەرشیوی مەریوان داواکارین کە خەڵکی شاری مەریوان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی بنەڕەتی، هەڵوێست بگرن.

بەسپاسەوە؛ دانیشتوانی گوندەکانی: گومارەلەنگ، ماسیەر، وێڵە، گلە، کانی‌کووزەڵە، کۆڵیت.