ئەنجۆمەنی وڵات لە شاری بۆکان، بەریوە بردنی چەندین چالاکی جۆرواجۆر لەو ناوچە

0
1508

ژینگەوان: بەپێی هەواڵی هەواڵنێەی ژینگەوان لە شاری بۆکان، کار و چالاکی ماندوونەناسانەی چالاکانی ژینگەیی شاری بۆکان،لە ناوچە جۆراوجۆرەکان و گوندە دوور ونزیکەکانی سەربە شاری بۆکان بەردەوامە

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوە،”کومیتەی گوندەکان” ی (کمیتە روستایی) ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی وڵات،لە درێژەی کار و چالاکی فەرهەنگی و مەیدانی خۆی دا، سەردانی گوندی خوڕخوڕەی کرد و لە گەڵ خەڵکی ئەو ئاوایییە، کێشە وقەیرانە ژینگەیییەکانی ئەو ناوچەیە بە گشتی و، ئەو گوندەی بە تایبەتی، تاوتوێ کرد.

لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو سەردانەی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی وڵات ـ ی بۆکان، لە گوندەکان و ئاوایییەکانی سەر بەشاری بۆکان،یەکەم دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ مشۆرخوران و ژینگەدۆستانە و پاشان هاوکاری و کاری هاوبەشی ژینگەیییه بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانە ژینگەیییەکان و هەروەها تێکۆشان بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی زانیاری و هوشیاری ژینگەیی جەماوەری ئەو ناوچانە.

ئەو ئەنجومەنە هاوکات چەندین نەمامیشی وەک دیاری نەورۆزانە، پێشکەشی سروشتی ئەو ئاوایییە کرد و لە حەوشەی مەدرەسەی ئاوایی خوڕخوڕە،بە هاوکاری لاوانی تێکۆشەر و مشوورخۆر، دەستیدایە چاندنی ئەو نەمامانە.

شایانی باسە کە هاوکات لەگەڵ ئەو چالاکییە ژینگەیییە،ئەنجومەنی وڵات بەشداری لە مەراسمی کۆتایی خولی فێرکاری زمانی کوردی ودانی بڕوانامە بە خوێنکارانی گوندەکانی خوڕخوڕە،زیڕاندۆڵ،سڵامەت،ساردەکۆێستان و زاواکێو(کە بە ئەستۆی فێرگەی زمانی کوردی ئەدەب ـ ی بۆکان بوو،)کرد.

دوای کۆتایی ئەو مەراسمە،بە خۆشحاڵییەوە، بە تێکۆشانی لاوان و مشوورخۆرانی زمان و ئەدەبی کوردی ئەو گوندە و هەروەها بە هاوکاری فێرگەی زمانی کوردی ئەدەب و مامۆستای زمانی کوردی،خاتوو سووسەن حەسەنزادە،کتێبخانەیەکی خنجیلانەش بە دەستی ئەدیبان و شاعیرانی ئەنجومەن ئەدەبی بۆکان و بەشداری خەڵکی ئاوایی و ئەنجومەنی وڵات دەستی بە کار کرد.

ئەنجومەنی وڵات لەگەڵ سەردانی مەیدانی ئاوایی خوڕخوڕە، لە شوێنی کۆبونەەی ڕێوڕەسمی کۆتایی خولی فێرکاری زمانی کوردی کە لە مزگەوتی ئاوایی بەڕێوە چوو،وێڕای پێشکەش کردنی وتار لە لایەن ئەندامی لێژنەی بەڕێوبەری وڵات، تڕاکت و بڕووشوری ژینگەیی بە سەر بەشداربووانی ئەو مەراسمەدا بڵاو کردەوە.