ئەنجۆمەنی سەوزی چیا بە بوونەی گیان لە دەستدانی کۆڵبەرانی شاری سەردەشت پەیامێکی بڵاو کردەوە

0
1110

بەپێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، ئەنجۆمەنی سەوزی چیا لە شاری مەریوان بە بوونەی گیان لە دەست دانی چەند کۆڵبەری کورد لە شاری سەردەشت کە بە هۆی هەرس و ڕنوو گیانیان لە دەست دابوو پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم پەیامە بەم چشنەیە:

‍ هاوخەمی بۆ کۆڵبەرانی کۆچکردوو لە سەردەشت

کۆڵبەر هێمای بەشخوراوی و زەوت کردنی سەرەتاییترین مافەکانی ژیانە، بوونی کۆڵبەری نیشاندەری ناعەداڵەتی کۆمەڵایەتی و غەدری ئابووری و نابەرابەری دابەشکردنی هەلەکانی کارە، کۆڵبەری کار نییە پەلەقاژەیەکە بۆ ڕزگار بوون لە برسیەتی، کۆڵبەران قوربانی ترین قوربانییانی ئەم نیشتیمانەن، پەپوولەی ڕۆحییان لە کەم شوێنی ئەم دەڤەرە نەفڕێ، بۆ نووکی فیشەک ناسراون، جادەکانی کوردستان غەریبییان ناکەن، کەژ و سەرماو بەفر و هەرەس بیرەوەری تاڵ و شیرینییان هەیە لە کاروانی کۆڵبەران.

هەواڵی گیان لە دەست دانی چەن هاوڵاتییەکی کۆڵبەر لە شاری سەردەشتی هەمیشە بریندار، خەمێکی گەورەی خستە دڵی هەموومانەوە، بەداخەوە کوشتن و گیان لە دەست دانی کۆڵبەران برینێکی تازە نییە، هەموو ڕۆژێ خوێ لەم برینەمان ئەچێنرێت و ساڕێژ بوونی ئێجگار ئەستەمە.

ئەنجومەنی سەوزی چیا وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارە بۆ ئەم کارەساتە، پرسەو سەرەخۆشی خۆی بۆ بنەماڵی ئەو ئازیزانە ڕائەگەیەنێت و داواکارین ئێمەیش بە شەریکی خەمی خۆیان بزانن.

ئەنجومەنی سەوزی چیا
10ی ڕێبەندانی 2716