ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی “وڵات”ـی بۆکان، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی بەرز ڕاگرت

0
1437

بەپێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، ئەنجومەنی ژینگەپارێزی وڵات و فێرگەی زمانی کوردی ئەدەب لە شاری بۆکان بە بۆنەی ۲۱ی فێورییە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی ڕێورەسمێکی بەڕێوە برد.

ئەمرۆ ٣ی رەشەمەی ٢٧١٦ی کوردی کۆڕی فێرکاری زمانی کوردی و ئەدەبیاتی منداڵانی ئەدەب بە هاوکاری ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی وڵات لە شاری بۆکان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی رێورەسمێکیان لە بنکەی کۆڕی فێرکاری زمانی کوردی ئەدەب لە پاساژی شارەداری ئەو شارە بە شداری نووسەران،هونەرمەندان،پسپۆڕانی زمان، چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبی بەڕێوە برد.

لەو ڕێوڕەسمەدا پێشەکی مستەفا ئیلخانیزادە بەرپرسی کۆڕی فێرکاری زمانی کوردی ئەدەب باسی گرنگی پەروەردە و ڕاهێنان بە زمانی دایکی کرد و سەبارەت بە کێشەی پەڕاوێز خستنی زمانەکانی کوردی و تورکی و بەلووچی و عەڕەبی لە وڵاتی ئێراندا وتارێکی پێشکەش کرد هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هیچ زمانێک لە دنیادا سەرتر و بەرزتر لە زمانەکانی دیکە نییە و دەبێ بەگشتی لە هەموو وڵاتێکدا و بەتایبەت لە ئێرانیش ڕێز و بەها بۆ هەموو زمانەکان دابنرێت و ڕەخنەشی لەوە گرت کە جێبەجێکردنی بەندی 15ی یاسای بنەڕەتی پشتگوێ خراوە و دەبێ هەرچی زووتر ئەو قانوونه بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

له درێژەی ئەو مەراسمەدا نووسەران و پسپۆڕانی بواری زمان و چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبی وەک بەڕێزان ڕومان نووس حسێن شێربەگی، توێژەر و پسپۆڕی زمان محەممەد باوێردی موقەدەم و مستەفا ئیلخانیزادە بەرپرسی کۆڕی فێرکاری زمانی کوردی ئەدەب و بەڕێز سمکۆ مەعڕوفی مامۆستای زمانی کوردی بە نوێنەرایەتی لە ئەنجومەنی وڵات وتاریان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
شایانی باسە لەو مەڕاسمەدا بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی بلیمەت و کەڵە نووسەر و شاعیری گەورەی کورد مامۆستا هەژار بە خۆێندنەوە چەندین وتار و شێعر یادی ئەو کەسایەتییە ناودارەی کورد بەرز ڕاگیرا.