ئێمەیش دەبین بە دەنگی سماقان، ڕاگەیەندراوی فەرمیی کەمپەینی “سماقان دەنگی هەمووانە” “ژمارە دوو”

0
1246

ئێمەیش دەبین بە دەنگی سماقان

ڕاگەیەندراوی فەرمیی کەمپەینی “سماقان دەنگی هەمووانە”
“ژمارە دوو”

چیای “سماقان”‌ له‌ ته‌نیشت به‌ردی گاڕان هەڵکەوتوو له‌ ١٠ کیلۆمتریی خۆرهه‌ڵاتی شاری مه‌ریوانە و لەسەر ڕێگای مەریوان-سەقز، هەڵکەوتووە که‌ پێکهاتووه‌ له‌ دارستانێکی چڕوپڕ و هه‌روه‌ها ڕوه‌که‌ تایبه‌ته‌کانی وه‌کوو: که‌ما، زه‌نگ، هه‌ڵز، به‌ڕه‌زا، ڕێواس و هه‌زاران ڕوه‌کی تر. “سماقان”ط هه‌روه‌ها شوێنێکی گه‌شتیارییه‌ بۆ گه‌شتیاران، ئەوەش بەو هۆیەیە کە پردی مێژویی گاڕان و به‌نداوی گاڕان له‌نزیک ئه‌م شوێنه‌ هەڵکەوتووە و هەروەها چه‌ند کانیاوێکی ده‌گمه‌ن که‌ ئاوی ئه‌م کانیاوانه‌ ده‌ڕژێته‌ ناو ڕووباری گاڕان، لەم دۆڵەدا هەڵکەوتووە. چیای سماقان له‌ سەرجەم وه‌ره‌زه‌کانی ساڵدا، به‌تایبه‌ت لە وه‌رزی به‌هاردا، خاوەن جوانییه‌کی بێ‌وێنه‌یە و سەیرانگایەکی دڵڕفێنیشی هەیه. ئەم دۆڵە نزیک گوندەکانی گومەرەلەنگ، وێڵە، ماسیەر و…هتدە و بەگشتی بۆ خەڵکی ناوچەی سەرشیوی مەریوان زۆر گرینگە.

وەک ئاگادارن ئەم چەندین ساڵە شوێنی کۆگاکردنی زبڵ و پاشماوەکانی شاری مەریوان بووەتە کێشەیەکی جیددی، بەڵام بەداخەوە شارەوانیی مەریوان نەیتوانیوە یان نەیویستووە بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. ساڵی ڕابردوو لەژێر گوشاری دانیشتووانی گوندی ئەسراوا، شارەوانی بڕیاری گۆڕینی شوێنی کۆگاکردنی زبڵ و پاشماوەکانی بۆ جێگەیەکی تر دەرکرد.
لە چەند مانگی ڕابردوودا دۆڵی “سماقان”، بە شێوەیکی زۆر نازانستی و بۆشی هەیە بە ئانقەست و مەبەستدار وەکوو جێگەی نوێ بۆ کۆگاکردنی زبڵ و پاشماوەکانی شاری مەریوان هەڵبژێراوە کە دەرکردنی ئەم بڕیارە لەگەڵ ناڕەزایەتیی بەرینی دانیشتووانی ناوچەی سەرشیوی مەریوان و چالاکانی ژینگەپارێز و سروشت دۆستان، ڕووبەڕوو بوویەوە؛ ناڕزایەتیگەلێک کە بەرپرسانی شار نەتەنیا گوێیان لێ نەگرتووە بەڵکوو سوورن لەسەر جێبەجێ‌کردنی بڕیارەکەیان و تا ئێستا دەستیان بۆ زۆر میکانیزمی دژەمرۆڤی و ناشارەستانیانە بردووە کە ئەوە گومانی بەئانقەست و لە ڕووی پلان دیاریکرانی سماقان بۆ کۆگاکردنی زبڵ و زاڵ، زیاتر دەکات.

تەنیا لە شاری مەریوان ڕۆژانە ٦٨٠٠٠جۆری زبڵ و پاشماوە کە ٥٠٠ جۆری ئەم پاشماوانە هۆکاری تووش‌بوون بە شێرپەنجەیە، وەرهەم دێت؛ هەروەها ئەمە دەبێتە یەکێک لە سەرەکیتەرین هۆکاری بڵاو بوونەوە نەخۆشیی شێرپەنجە لە ناوچەکە و وەک بۆمبێکی کیمیایی بۆ ناوچەی سەرشیوی مەریوان مەترسیدار دەبێت. ئەم زبڵانە جگە لەوەی بۆ تەندروستیی خەڵک مەترسیدارە، گەورەترین زەبریش لە سروشتی ناوچەکە دەگەیەنێت؛ له ژەحراویکردنی خاک و ئاو و هەوای ناوچەکە بگرە تاکوو فەوتانی دارستان و جۆرە جۆربەجۆرەکانی گیا و ڕوەک.

ئێستا دانیشتووانی ناوچەی سەرشیوی مەریوان ڕادەگەیەنن کە ئەم کێشە بەتەنیا کێشەی خەڵکی ناوچەی سەرشیو نییە و کێشەکە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیانی دانیشتووانی شاری مەریوانەوە هەیە، بۆیە داواکارن کە خەڵکی شاری مەریوان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی بنەڕەتی، هەڵوێست بگرن. خەڵک دەبێ ببنە بەربەست لەهەمبەری تووش بوونی خۆیان بە هەزاران نەخۆشین و ببنە پارێزەرێک بۆ سماقان کە وەک چارەنووسی شوومی ئەسراوای بەسەر نەیێت.

هەر بۆیەش، ئێمە چالاکانی مەدەنیی کورد و خەڵکانی ئاساییش، لە ڕێگای ئەو کەمپەینەوە و لە هەر رێگایەکی ترەوە بۆمان بلوێ، دەنگی ناڕەزایەتیی خۆمان لە هەمبەر شێواندنی سرووشتی وڵاتەکەمان و ڕووداوی کارەساتباری لەم شێوەیە هەڵدەبڕین و پاڵپشت و پاڵنەر و هاودەنگیان دەبین.

دەستەی بەڕێوەبەریی کەمپەین

۱۷ی خاکەلێوەی ۲۷۱۷ی کوردی