ئاگرتێبەردانی ژینگەی کوردستان لەلایەن داگیرکەرەوە/ ئەمڕۆ؛ مەریوان، پاوە، ئیلام و سنە

0
642

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ژینگەوان و بەپشت بەستن بە ئەو هەواڵانەی کە پێمان گەییشتوون، ئەمڕۆش شەپۆلی ئاگرتێبەردانی ژینگەی کوردستان درێژەی بوو.

هەواڵنێری ماڵپەڕی ژینگەوان لە سنە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ شەممە، 22ی جۆزەردانی ساڵی 1395ی هەتاوی، ئاگری نەیار، کوچکەڕەشی سنەی کردە ئامانج.

لەم هەوڵە دژە ژینگەییەدا، خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی نیشتمان گەییشتووە و هەروەها بەڕێژەیەکی بەرچاو کەش پیس بووە و ئەوەش جگە لەو ئاژەڵانەن کە لە ئاگری داگیرکەردا سووتاون.

لەم پێوەندییەدا و هەر ئەمڕۆ، لە ئابدانانی ئیلام لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە کە بەبۆچوونی خەڵک دەست و پێوەندییەکانی حکوومەتن، ئاگر لە ژینگە بەردراوە.

ڕاپۆرتی گەییشتوو لەو پێوەندییەدا با لەوە دەکات کە لەم کردەوەدا خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی نیشتمان گەییشتووە و ڕووبەرێکی زۆر لە دارستانەکان لەئاگردا سووتاون و بوونەتە خەڵووز.

هەروەها، لە مەریوانەوە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمڕۆ لە دوو لاوە ئاگر لە ژینگە بەر دراوە.

لەم پێوەندییەدا، هەواڵنێری ژینگەوان لە مەریوانەوە ڕایگەیاند کە لەم گڕتێبەردانەدا کە لە ناوچەی سەرشیوی مەریوان لە گوندی ماسێر بووە، خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی کوردستان گەییشتووە.

هەواڵنێری ژینگەوان لە زاری چالاکانی ژینگەپارێزییەوە ڕووبەری سووتاوی ژینگەی کوردستان لەو ئاگرتێبەردانەدا نزیک بە 5 هێکتار خەمڵاند.

لە درێژەی شەپۆلی گڕتێبەردانەکانی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان لەلایەن دەست و پێوەندییەکانی حکوومەتی داگیرکەر و دژەکوردی تارانەوە، هەر ئیمڕۆ دارستانەکانی گۆندی ڕەشەدێی پێلە سەر بە مەریوان کرایە ئامانجی ژینۆسایدی سەوز.

هەر لەو پێوەندییەدا و لە درێژەی ئەو هەوڵە دژە ژینگەییەی حکوومەتدا، ئەمڕۆ ژینگەی نیشتمان لە ناوچەی پاوەش بوو بە ئامانجی کاولکاری و گۆڕەپانی ئاگری نەیار.

هەواڵنێری ژینگەوان لەو پێوەندییەدا لەزاری خەڵکەوە ڕایگەیاند کە حکوومەت بەهۆی هەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیە، ئەو کردەوەیەی لەلایەن دەست و پێوەندییەکانیەوە بە ئەنجام گەیاندووە.

خەڵكی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەن کە حکوومەتی ئیسلامی لە کوردستان و لە ڕێگای دەست و پێوەندییەکانییەوە ئاگر لە ژینگەی نیشتمان بەردەدات.

حکوومەتی ئیسلامی بەهۆی هەبوونی هێزە ڕزگاریخوازەکان لە چیاکاندا، بە شێوەی زنجیرەیی و سیستماتیک ئاگر لە دارستانەکانی کوردستان بە تایبەت ناوچە سنوورییەکان بەردەدات.