پەرستگەی ئاناهیتا دووەم گەورەترین بینای بەردینی ئێران بەرەو لەناوچوون دەچێت

0
1028

پەرستگەی ئاناهیتا کەلە شاری کەنگەڤەر (کەنگاوەر) و لەسەر ڕێگای پارێزگای کرماشان بۆ هەمەدان پایتەختی مێژوویی مادەکان هەڵکەوتووە، دوای بینای “تەختی جەمشید” کە لەپارێزگای فارس (شیراز) هەڵکەوتووە، وەکوو دووەم بینای بەردینی ئێران بە ئەژمار دێت، بەڵام ئەو جۆرەی کە پێویستە ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە و بە نە ناسراوی ماوەتەوە.

photo_2017-01-17_23-05-39
ئەرسەلان یارئەحمەدی

ئاناهید، یەکێک لە چوار توخمی پیرۆزی ئاو، هەوا، ئاگر و خاک بە ئەژمار دێت و ئاناهیتا بە واتای پەری، پارێزەری ئاو، فراوانیی بەرەكەت، جوانی و زاوزێیە و لەلای ئێرانییەكان و بەتایبەت لە كولتووری كوردەواریدا خاوەن پێگە و گرینگییەكی تایبەتە.

بینای پەرستگەی ئاناهیتا لە پشت تەپۆڵكەیەك بە ناوی تەپۆڵکەی ناهید بە ڕووبەری 4/6 هێكتار كراوەتەوە و 20٩ مەتر درێژی و ٢٢٤ میتریش پانایی هەیە و بەرزایی تەپۆڵکەکەش لە دەورووبەری تەنیا ٣٢ مەتر دەبێت. یەکەم توێژینەوە و پشکنین لەسەر پەرستگەی ئاناهیتا ساڵی ١٩٦٨ی زایینی بە سەرپرەستی “سەیفوڵڵا کامبەخش فەرد” ئەنجام درا و بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی ئەو پشکنینە ” ئەو بینایە شوێنێک بووە بۆ پەرستنی خواوەندی “ئاناهیتا” لە دەورەی دەسەڵاتداریی ئەشکانییەکان.

گرنگیی ئەو بینایە لەو کاتەدا تا ئەو ڕادەیە بووە کە تیرداتەکان (ناوی چەندین کەس لە پاشاکانی ئەشکانی) لەو پەرستگەیەدا ڕێوڕەسمی تاج لەسەرنانی خۆیان وەکوو پاشا بەڕێوە بردووە و لە دوای ئەشکانییەکانیش و لە سەردەمی ساسانییەکان، سەلجووقیەکان، سەفەوییەکان و قاجاڕییەکان بۆ مەبەستی دیکە کەڵک لەو پەرستەگەی وەرگیراوە.

گرنگیدان بە “ئاناهیتا” لە دەورەی ئەردەشیری دووەمی هەخامەنشینی بووەتە باو و لە قۆناغی دەسەڵاتدارێتیی ئەشکانییەکان و ساسانییەکانیش درێژەی هەبووە و چەندین بەردەنووسی تێدا دۆزراونەتەوە کە وێنەی ئاناهیتا و ئەهورامەزدای تێیدا پێکەوە هاتوون و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە چەندین پەرستگەی تایبەت بە ئاناهیتا لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران وەکوو هەمەدان، کازروون، ئازەربایجان، کرماشان و کەنگەڤەر دابمەزرێت کە گرنگترینیان پەرستگەی ئاناهیتایە لە پارێزگای کرماشان و شاری کەنگەڤەر.

جیاوازیی پەرستگەی ئاناهیتا لەگەڵ پەرستگەکانی دیکەی ئەو سەردەمە ئەوەیە، کە ئەستووریی ستوونەکانی ئەو پەرستگەیە یەک لەسەر سێی بەرزاییەکەیەتی و ئەمەش شکۆیەکی تایبەتی بەو بینایە داوە. ئەو شکۆیە تا ڕادەیەک بووە کە “ابن فقیە” لە ساڵی ٢٩٠ی کۆچی مانگی (هجری قمری) لە پەرتووکی بەناوبانگی “البلدان”دا دەنووسێت: “هیچ ستوونێکی سەرنجڕاکێشتر لە ستوونەکانی پەرەستگەی ئاناهیتا بوونی نییە.”
بەرزایی ئەو ئەستوونانە ٣ مەتر و نیو و ئەستووریەکەشی ١ مەتر و ٣٠ سانتیمەترە و مەودای نێوان هەر دوو ئەستوون بەرانبەرە لەگەڵ بەرزایی ستوونەکان، واتە ٣ و نیو مەترە.

یەکەم کەس کە ناوی پەرستگەی ئاناهیتای هێناوە “ئیزیدۆر خارکسی” جوگرافیناسی یۆنانی بووە کە لەساڵی ٣٧ی زایینی لە شاری کەنگەڤەر تێپەڕیوە و بە “کۆنکوبار” (concobar)ناوی هێناوە و پەرستگەی ئاناهیتاشی بە “ئارتمیس” ناو هێناوە. ئارتمیس لە باوەڕی یۆنانییەکان بە پەریی ئاو و زاوزێ ناسراوە کە هاوتای وشەی “ئاناهیتا” دێت لای ئێرانییەکان. بەپێی پشکنینە سەرەتاییەکان هەموو بەردانەی کەلە بینای پەرستگەی ئاناهیتا کەڵکیان لێ وەرگیراوە لە کانزای بەردی “چل مەڕان”ی کەنگاوەر کە لە ٢ کیلۆمەتری رۆژئاوای پەرستگەکە هەڵکەوتووە دەرهێنراون و بەکار هاتوون.

ئاناهیتا لە نێوان پشتگوێ خرانی بەرپرسان و کەمتەرخەمیی خەڵک

پەرستگەی ئاناهیتا سەرباری ئەوەی کە مێژوویەکی کۆنی هەیە و دووەم بینای بەردینی ئێران بە ئەژمار دێت، بەڵام هەتا ئێستا ئەو جۆرەی کە پێویستە گرنگیی پێ نەدراوە. ئەو بینایە کە بە میراتێکی کولتووری و مێژوویی بۆ کورد ئەژمار دێت و دەتوانێ بەهۆی ئەو تایبەتمەندییانەوە گەشتیاری بیانی و نێوخۆیی ڕابکێشێت و لە ئەنجامدا گەشەکردنی ئابووری ناوچەکەی لێ بکەوێتەوە.

پەرستگەی ئاناهیتا ساڵی ١٩٣٠ بە ژمارەی ٣١ وەکوو ئاسەواری میللی لە ئێراندا تۆمار کراوە. هەرچەند لە ساڵی ١٣٨٩ پەرستگەی ئاناهیتا یەکێک لە ١٠ بژاردەی ئێران بووە بۆ تۆمارکردن لە یۆنسکۆ، بەڵام پەرستگەی ئاناهیتا سەرباری گرنگییەکەی هەتا ئێستاش وەکوو ئاسەوارێکی مێژوویی لەلایەن یۆنۆسکۆوە تۆمار نەکراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پەیوەندیدار. یەکێک لە لەمپەرە سەرەکییەکان لەبەردەم تۆمارکرانی پەرستگەی ئاناهیتا لە یۆنسکۆ (رێکخراوی زانستی، فەرهەنگی و پەروەردەیی دەوڵەتە یەکگرتووەکان) یەکلایی نەبوونی ئەو توێژینەوانەیە کە لە بواری مێژوو لەسەر پەرستگەکە ئەنجام دراوە.
بەرپرسانی پەیوەندیدار سەرباری ئەوەی کە ئاگاداری ئەو کێشانەن، بەڵام نەک هەر هیچ هەوڵێکیان نەداوە، بەڵکوو ماوەی چەندین ساڵە هەموو جۆرە پشکینین و توێژینەوەیەک لەو پەرستگەیەیان ڕاگرتووە و هیچ بوودجەیەکی لەلایەن حکوومەتەوە بۆ تەرخان نەکراوە.

پشتگوێ خرانی ئاناهیتا لەلایەن بەرپرسانەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ناوچەکە لەو دەرفەتە کەڵک وەربگرن و وەکوو کەرەستەی بیناسازی لە دیوارە مێژوویەکانی ئەو بینایە کەڵک وەربگرن و بەشێکی زۆر لە دیوار و پەیژەکانی بیناکە لەلایەن خەڵکەوە بۆ ئەو مەبەستە بردراوە و کەسیش ڕێگری لەو کارە نەکردووە و لە گەری بەردەوامبوونی ئەو ڕەوتە، ئەگەری لەناوچوونی یەکجارەکیی ئەو ئاسەوارە مێژووییە لە ئارادایە.
ئازەر تاهیرئابادی ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی ماڵپەڕی “ڕێگا کوردستان” لە شاری کەنگەڤەر لە لێدوانێکدا بۆ حەفتەنامەی (باس) لەو بارەوە ڕایگەیاند” بەداخەوە خەڵک لەم ساڵانەی دواییدا زیانی زۆریان بەو بینا میژووییە گەیاندووە و ئەگەر بینا کۆنەکانی نێو شار بگەڕێیت لە زۆربەیاندا بەردە تایبەتییەکانی ئەو بینایە بەکار هاتووە”.

ئەو ڕۆژنامە نووسە باسی لەوەش کرد کە ٣ ساڵ بەرلە ئێستا سەرجەم ئاسەوارە مێژووییەکانی مۆزخانەی کەنگەڤەر کە ٣٠ پارچە بووە و هەموویان لە ئەنجامی پشکنینی پەرستگەی ئاناهیتا دۆزرابوونەوە، بەتاڵان براون و پاش سێ ساڵ هەتا ئێستاش ڕوون نەبووەتەوە کە لەلایەن چ کەسانێکەوە تاڵان کراون و بەرپرسانی حکوومیش نەک هیچ هەوڵێکیان بۆ دۆزینەوەی ئەو ئاسەوارانە نەداوە، بگرە بوونەتە لەمپەر و پێشیان بە میدیایی بوونی ئەو دزییە گرت.

شاری کەنگەڤەر لە ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان و هاوسنوور لەگەڵ پارێزگاکانی هەمەدان و لوڕستان هەڵکەوتووە و دانیشتوانەکەی بە سێ زاراوەی کەلهوڕی، لەکی و لوڕی دەئاخێون. دەشتی کەنگەڤەر یەکێک لە دەشتە بەپیتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەژمار دێت و دەیان کانی و سەرچاوەی ئاو لەو ناوچەیە هەیە و شیمانەش دەکرێ هەر ئەمەش یەکێک لە هۆکارەکان بووبێت کە پەرستگەی ئاناهیتا لەو ناوچەیە بونیاد نرابێ.
کەنگەڤەر مێژوویەکی کۆنی هەیە و چونکە لەسەر شارێی هیگمەتانە بۆ تیسفوون هەڵکەوتبوو، خاوەن پێگەیەکی تایبەتی بووە.
هەرچەند مێژووی کەنگەڤەر بۆ ١٣ سەدە بەرلە ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵام دوای هاتنی ئسیلامیش گرنگیی خۆی لەدەست نەدا.
میسیۆ ئۆلیویە گەڕیدەی فەرەنسی کاتێک لە ڕێکەوتی ٨ی ژوئەنی ١٩٧٦ی زایینی سەردانی کەنگەڤەر دەکات دەنووسێت: “دوای ٧ کاتژمێر ڕێگەبڕین لە کەنگەڤەر گیرساینەوە، کەنگەڤەر گوندێکی ئاباد و پڕ حەشیمەت لەنێو گەلێکی سەرسەوز کە پڕ بوو لە ئاو هەڵکەوتبوو. کەنگەڤەر کە وێدەچێ هەمان “کۆنگبار” بێت وا دیارە پێشتر شەڕێکی گەورە بووە، لێرەدا ئاسەواری کەونارا هەیە کە پێم وایە هیچ یەک لە گەڕیدەکان باسیان لێوە نەکردووە، من لێرە ئاسیایەکی کەونم بینی…”.

photo_2017-01-17_22-53-34

photo_2017-01-17_22-47-05

photo_2017-01-17_22-53-44

photo_2017-01-17_22-47-19

photo_2017-01-17_22-55-00