پێشانگەی وێنەی سروشتی کوردستان، لە زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان، کۆتایی پێهات

0
2140

ژینگەوان: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ژینگەوان لە شاری مەریوان، ڕێکەوتی ۹ی گوڵان، لە زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان، پێشانگەیەکی وێنە کرایەوە. ئەم پێشانگەیە کە پێکهات‌بوو لە وێنەکانی سروشتی کوردستان، لە لایەن ئەنجومەنە زانستییەکانی زانکۆی ناوبراوەوە، بەڕێوەچوو.

ئەم پێشانگەیه کە پێکهاتبوو له ۳۲ وێنەی ۲۱ وێنەگری خوێندکاری زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان و تا ۱۰ ڕۆژ بەردەوام بوو، لە ڕێکەوتی ۱۹ی گوڵاندا، بە ناساندنی ۱۰ وێنەگری هەڵبژێراو و بە چاندنی نەمام، کۆتایی پێهات.

هەروەها کە لە هەواڵی پێشوودا هاتبوو، بێهزاد قادری، بەڕێوەبەر و یەکێک لە وێنەگرانی ئەم پێشانگەیە، سەبارەت بە ئەم پێشانگەیە، ڕاگەیاندبوو: ئەنجومەنی پەیام‌نووری مەریوان، ئەمساڵ بە چالاکییەکی تایبەت، لەسەر ڕێبازی ژینگەدۆستی و پەرەپێدانی هونەری وێنەگرتن، لە نێو خوێنداکارانی زانکۆی ناوبراودا، ئەم پێشانگەیەی ڕێکخستووە و کۆمەڵێک بەرهەمی جوان و ڕازاوەی ئاراستەی خوێندکاران و هاوڕێیانی ئەنجومەن کردووە.

لە درێژەیشدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەم پێشانگەیە بۆ گەیشتن بە ئەم ئامانجانە ڕێکخراوە: – خۆشەویستی بۆ سروشتی کوردستان. – پەرەپێدانی فەرهەنگی ژینگەتەوەری. – ناساندنی ناوچەکانی کوردستان. – ناساندنی خوێندکارانی وێنەگر و ژینگەدۆست. – ناساندنی هونەری وێنەگرتن و…

هەروەها ناوبراو بۆ درێژەی ئەم چالاکییە لە ساڵەکانی داهاتوودا گوتی: ئێمە بە پێویستمان زانی بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵێک لە خوێندکارانی خوازیار، ئەم پێشانگەیە ڕێکبخەین و لە چالاکییەکانی داهاتوودا دەبێ ئەم خوێندکارانە هەنگاوی ئەوتۆ بنێن.

لە کۆتاییشدا گوتی: کاری ئێمە دەستپێکێک بوو بۆ دەرکەوتنی ئەو خوێندکارانە و ئێستە ڕێگە خۆش بووه بۆ دامەزراندنی بنکەی وێنەگری لە زانکۆدا و دەبێ خوازیاران ئەو کارە بکەن تاکوو زانکۆ ببووژێتەوە و لە چوارچێوەی ئەو بنکەدا، چەندین کارگەی فێرکاریی وێنەگری دابنرێت و ئەندامی نوێ وەربگرن و پێشانگەی تر ڕێکبخەن.

This slideshow requires JavaScript.