سه‌ڵاح سالار
كانی بڵ یه‌كێكه له سه‌رچاوه ئاوییه گه‌وره و جوانه‌كانی كوردستان كه ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی هه‌ورامان له كوردستانی رۆژهه‌ڵات و سه‌ر به پارێزگای كرماشانه. ئه‌م كانییه له تۆماری شوێنه‌واره نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئێران به ژماره 64 تۆماره كراوه، كه‌چی ئێستا به‌ره‌و وشكبوون ده‌چێت. حكومه‌تی ئێران سه‌رقاڵی دروستكردنی به‌نداوی (داریان)ـه و بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ش كاری هه‌ڵكه‌ندن و ده‌ستكاریكردنی سه‌رچاوه‌ی كانییه‌كه‌ی كردووه و ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی تیاچوونی سه‌رچاوه‌ی ئاوی كانی بڵ و به‌وهۆیه‌وه كانییه‌كه رووی له وشكبوون كردووه. چالاكوانانی كورد له كوردستانی رۆژهه‌ڵات كه‌مپینێكیان پێكهێناوه بۆ رزگاركردنی كانی بڵ له مه‌رگ، له‌و پێناوه‌شدا فشاریان بۆ كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی ئێران هێناوه تا كاركردن له سه‌رچاوه كانی بڵ و دروستكردنی به‌نداوی داریان رابگرێت. له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووكیش په‌یجێك به ناوی (كمپین حمایت از نجات چشمه بل) كراوه‌ته‌وه. ئێران قه‌یرانی وشكبوونی ده‌ریاچه و سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی هه‌یه و پێشتر ده‌ریاچه گه‌وره‌گه‌ی ورمێ وشك بوو، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له سێ چوار ساڵی ئاینده‌شدا ده‌ریاچه‌ی زرێبار له شاری مه‌ریوان وشك بكات و به‌م شێوه‌یه كانی بڵیش پێش زرێبار كه‌وت له وشكبووندا.