قەیرانی گۆلی ورمێ‌ لەدووپات بوونەوە دایە

0
618

سەرەڕای بەڵێنییەكانی ناوەندە پێوەندیدارەكانی رێژیمی ئێران لەمەڕ چارەسەریی گۆلی ورمێ‌، بەڵام هێشتاكە ئەو گۆلە ویشك بوونەی ئاوەكەی چارەسەر نەكراوە. مەرگی گۆلی ورمێ

گۆلی ورمێ بە رووبەری ٤٨٣ هەزار هێكتار، یەكێك لە گرینگترین و پڕبایەخ‌ترین ژینگە ئاوییەكانی جیهان دێتە ئەژمار كە هەنووكە بەشێكی بەرچاوی بووەتە خوێ‌جاڕ.

لە ئەنجامی لەناوچوونی گۆلی ورمێ وەكوو ژینگەیەك، كۆتایی بە ژیانی ژمارەیەك گیانلەبەری نایابی وەكوو “ئارتیما” دێت و كارەساتی ژینگەیی بە دواوە دەبێت.

كارناسانی بواری ژینگەپارێزی دەڵێن: وەبەرهێنانی لە رادەبەدەر لە سەرچاوە ژێرزەوییەكان، چالاكیی وەرزێڕی، كەم بوونەوەی بارینی باران، گرتنەوەی بەنداوەكان و دروست كردنی پرد لەسەر گۆلەكە، لە هۆكارەكانی وشك بوونی گۆلی ورمێ لە چه‌ند ساڵی داهاتوو دان.

هەنووكە ٢١ رووخانە و ٣٩ ئاودڕ دەچنە گۆلی ورمێ كە لەسەر تێكڕای ئەوانەدا بەنداو دروست كراوە و زیاتر لە ٦٥ لەسەدی گۆلی ورمێ وشك بووە و ئەو رێژەیە رۆژ لەدوای رۆژ لە زیاد بوون دایە.

قەیرانی گۆلی ورمێ بووەتە یەكێك لە بابەتە باوەكانی بواری ژینگەپارێزی و زۆربەی چالاكان ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر ئەم كەمتەرخەمییەی لێپرسراوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەربڕیوە.

لێپرسراوە پێوەندیدارەكان، گوێ خۆیان لەم كارەساتە ژینگەیە خەواندووە و هیچ جۆرە لێدوانێك سەبارەت بە وشك بوونی گۆلی ورمێ نادەن و ئەگەریش بە شێوەیەكی پەرتەوازە بەڵێنێكیان دابێت قەت نەچووەتە بواری جێبەجێ كردنەوە.

وشك بوونی گۆلی ورمێ بەهۆی سوێری و چڕ بوونەوەی گەردیلەكانی خوێ، كارەساتی ژینگەیی لە ئاستی ناوچەكە و تەنانەت جیهانیشدا لێ دەكەوێتەوە و سۆنامیی خوێی بەدواوە دەبێت.

٢٧ جۆر گواندار، ٢١٢ جۆر باڵندە، ٤١ جۆر خزۆكە (خزندە)، ٧ جۆر دووژیانە (دوزیست) و ٢١ جۆر ماسیی لە گۆلی ورمێدا دەژین كە مەترسیی لە ناوچوونیان لەسەرە و هەتا ئێستا ژمارەیەكیشیان وەكوو “ئارتیما” لە ناوچوون.

ئەگەر كێشەی ئاوی گۆلی ورمێ بەو شێوە بەردەوام بێت، ئەم دەریاچەیە لە ناو دەچێت و دوایی دەبێ سەدان میلیارد دولار بۆ بووژانەوەی سەرف بكرێت.

گۆلی ورمێ یەكێك لە گەورەترین گۆلەكانی جیهانە كە خاوەن ١٠٢ دوورگە و تێكڕای ئەو دوورگانە لەلایەن رێكخراوی یۆنسكۆوە وەكوو كۆمگەی سروشتی تۆمار كراون.