شارەوانی و شۆرای شاری مەریوان: خەڵک بدەنە بەر فیشەک و لە داریان بدەن

0
1834

ئەو بڕیارەی شۆڕا و شارەوانیی مەریوان لە ماڵپەڕ “شاری مەریوان” کە ماڵپەڕێکی سەر بە شۆرا و شارەوانیی مەریوانە، خراوەتە بەر باس و بە جۆرێک هەوڵی هەڕەشەکردن لە خەڵک دەخاتە ڕوو.
“سەیوان نیک‌په‌ی”، بەرپرس و هەواڵنێری ئەم ماڵپەڕە، وەها باس لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەکات: “خەڵکی ئەسراوا بدەنە بەر فیشەک و پێویستە بەرزترین تەمێ بکرێن، چونکە ناهێڵن شارەوانی زبڵەکان هەڵبڕێژێت”.

“سەیوان نیک‌پەی” ڕۆژنامەنووسی سەر بە شۆڕا و شارەوانیی مەریوان، وەک ڕۆژنامەنووسێکی دژەخەڵکی و سەربە حکومەت، لەبری ڕاگواستنی ڕاستییەکان و هاوار و ویستی خەڵک، بە نوێنەرایەتیی شۆڕا و شار و فەرمانداری مەریوان، هەڕەشەی توند لە خەڵک دەکات و بڕیاری کوشتنی هاووڵاتیانی خۆی دەردەکات.

کاتێک “سەیوان نیک‌پەی” باس لە بەرزترین ئاستی سەرکوتکردنی هاووڵاتیان دەکات، بەو واتایەیە کە خەڵک بە تاوانی بەرگری کردن لە مافی ڕەوای خۆیان، لە سێدارە بدەن! ئەو بە ناو ڕؤژنامەنووسە لە بەشێکی تر لە بابەتەکەی خۆیدا، کەسانی ژینگەپارێز بە خوێڕی و شەڕخواز ناو دەبات و بەتەواوی سوورە لەسەر وێران‌کردنی ژینگەی ناوچەکە.

ئەم ئاژاوەنانەوەیە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ و دوێنێ، شارەوانی ویستوویەتی بەپێی داواکاریی فەرمانداریی مەریوان، لە ئەسراوا-جێگەی پێشووی هەڵڕژاندنی زبڵ- دیوار ساز بکات و دەوروبەری زبڵەکە بگرێت، تاکوو بەپێی ئەو شتەی خۆی دەیڵێت، تا سازکردنی کارخانەکە، زبڵەکان لەوێ هەڵڕێژێت. بەڵام خەڵک بڕوایان پێیان نەماوە و ئەمڕۆ و دوێنێ، هێرشیان کردووەتە سەریان.

ئێستە ئەم دوو پرسیارە دێتە ئاراوە کە:
١- “سەیوان نیک‌پەی” بە هەبوونی کام بەرپرسیارەتی و ئەرک و پێ ئەسپاردەیی تاکەکەسیی خۆی ڕادەگه‌یەنێت خەڵکی ئەسراوا بدەنە بەر فیشەک و لە سێدارەیان بدەن ئەویش تەنیا بە هۆی ئەوەی کە ناهێڵن زبڵی مەریوان ببەنە شوێنی ژیانیان؟!

۲- ئایا ئەم ڕاگەیەندراوەی ماڵپەڕی “شاری مەریوان” ویستی “سەیوان نیک‌پەی”ـیە یان ئەویش فەرمان و خواستی شارەوانی و شۆرای مەریوانی بڵاو کردووەتەوە کە بە هۆی ئەوەی خۆیان ناتوانن ڕاستەوخۆ و بە هۆی بەرپرسیارەتیی یاساییان، بیدرکێنن، لە زاری ئەوەوە دەیدرکێنن و بەرپرسیارەتییەکە لە ئەستۆی خۆیان دادەماڵن.