شارەوانیی مەریوان، تێکدەری خۆشی و سەیرانی بەهاریی خەڵکی سەرشیو

0
1699

یادداشتێک لە: باهۆز زرێبار

۲۰ ڕۆژ لە بەهاری ئەمساڵ تێپەڕی و خەڵکی کوردستان لە سەیرانگاکان و چیا دڵڕفێنەکانی نیشتمان، لەگەڵ بنەماڵەکانیان کەیف لە دیمەنەکان و پێکەوەبوونیان دەبەن. بەدڵنیاییشەوە، بەرپرسان و فەرمانبەرانی فەرمانگە دەوڵەتییەکانیش، وەک فەرمانداری و شارەوانی و شۆرا و دەفتەری نوێنەریی مەریوان، لەم کەیف و خۆشییە بێبەش نەبوونە، بەڵام هەر ئەم کەسانە، بە سەدان بنەماڵەی سەرشیویان لەم خۆشییە بێبەش کردووە!

کاتێک شارەوان و نوێنەر و شۆرای مەریوان لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە سەیرانگاکان خۆشیان‌دەگوزەراند و لە سروشت و ژینگە چێژیان‌دەبرد، خەڵکی سەرشیو بە گەورە و منداڵەوە، لە چیای “سماقان” پاسەوانییان دەدا و لەبەردەم ئەستەمترین گوشار و هەڕەشەکانی هێزە ئەمنییەکان خۆڕاگرییان دەکرد. لەو کاتەوە شارەوانیی مەریوان ویستوویە سماقان بکاتە زبڵدانی، بە سەدان کەس لە خەڵکی سەرشیو، لەبەر سەرما و باراندا و لە نێو خەیمەدا بە شەو و ڕۆژ دانیشتوون و زۆربەیان نەخۆش کەوتوون! زۆربەیان لە ئەستمترین دۆخدا شەویان گەیاندووەتە ڕۆژ و…

۲۰ ڕۆژ لە بەهار تێپەڕیوە و خەڵکی مەریوان لەژێر سێبەری بەرپرسە نابەرپرسەکانیان (شارەوانی و شۆرا و نوێنەر)، بەجێی بۆنی نەرگیز و گیای بەهاری، تەنیا بۆنی زبڵیان کردووە و بە بینایەک لە زبڵ چوونەتە پێشوازی میوانانی نەورۆزییەوە. شەقامەکان لە بوونی ژەحری ئەو زبڵانەوە، ڕەش دەکاتەوە و بەدڵنیاییەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نەخۆشخانەکان پڕ دەبن لەو نەخۆشانەی کە بەبۆنەی ئەو زبڵانە نەخۆش کەوتوون. خەڵک لەم بەهارەدا لەجێی ئەوەی لە سروشت چێژ ببەن و کاتەکانیان لەوێ بەسەر بەرن، دەبێ لە نەخۆشخانەکان گیرۆدە بن.

مەریوانێک کە بە شارێکی خاوێن و سروشتی ناسراوە، ئەمڕۆ بەبۆنەی کەمتەرخەمیی بەرپرسە نابەرپرسەکانەوە ڕووخسارێکی شڵەژاوی بەخۆی گرتووە. ئەم نابەرپرسانە ڕازین زبڵەکانی مەریوان هەڵڕێژنە نێو زەریاچەی زرێبار، بەڵام لە دزی دەست‌نەکێشن و کارخانەیەکی بازیافت دانەنێن. دەیانەوێت بە ڕاکێشانی بیر و چاوی ژینگەدۆستان بەرەو سماقان، لەولای‌ تریشەوە بە دانانی پاڵاوگە، زرێبار لەنێو بەرن.

ناشارەوانیی مەریوان و سەرجەم ناحەزانی ئەم نیشتمانە، ئاگادار دەکەینەوە:

((نە سماقان دەکەینە نێچیرتان و نە دەهێڵین زرێبار حەپەلووش بکەن. خەڵکی مەریوان بەخەبەرە و ئاگاداری پیلانەکانتانە…))