خەڵکی ئاوایی بێڵوێ بە توندترین شێوە پێشیان بە لێدانی پاڵاوگە گرت

0
1221

بەپێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، یەکەم ڕۆژی دەستپێکی دروست کردنی پاڵاوگەی نەوت لە شاری مەریوان بەرەوڕووی ناڕەزایەتی خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێزی شاری مەریوان بوویەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنیری ژینگەوان لە مەریوان، سەر لە بەیانیی ئەمرۆ، چوارشەممە ٨ی بەفرانباری ٢٧١٦ی کوردی (١٣٩٥ی هەتاوی)، لە کاتێکدا کە ئەندازیار و کرێکارانی دروست کردنی پاڵاوگەی نەوت لە مەریوان، بە چەند لۆدێر و کەرەستەی خاک کواستنەوە بە نیازی لیدانی پاڵاوگە، لە شوێنەکە ئامادە ببوون، چالاکوانانی ژینگەپارێز و خەڵکی دەڤەرەکە، بە توندی لە هەمبەریان ڕاوەستان و ئیزنی کارپێکردنیان پێنەدەان.

یەکێک لە هاووڵاتییانی بەشداربووی ئەو بەرگرییە ناڕەزایەتییە لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ڕووداوە، بە ژینگەوانی ڕاگەیاند: “سەرەتا چەند لۆدێر کە دەستیان دابوویە خاکبەرداریی ناوچەکە و دەرهێنانی دار و تەخت کردنی زەویی ئەو شوێنە، لەلایەن ژینگە دۆستانی ناوچەکە و هەروەها خەڵکی گۆندی بێڵۆ و دوای ئەوەی کە لەو کردەوەیە ئاگاداربوونەوە، هەڵویستیان نواند و پێشیان پێگرتن.

ئەو هاووڵاتییە هەروەها گوتیشی: “سەرەتا خەڵکی ئاوایی بێڵۆ، داوایان لێکردن تا بە ئارامی و بێ کێشە، شۆێنەکە بەجێ بهێڵن بەڵام ئەندازیاری پرۆژەکە بە شێوەیەکی ناسەردەمیانە، وڵامی خەڵکەکەی داوە، لە ئاکامدا بەرەوڕووی هەڵوێستی توندی خەڵکی ناوچەکە بوویەوەو لە ناوچەکە دەریان کردن و ڕاویان نان”.

سەرچاوەکەی ژینگەوان، لە درێژەدا گوتی” “خەڵکی ئاوایی بێڵۆ بە ئەندازیاری بەڕێوەبەری ئەو پاڵاوگەیان ڕاگەیاندووە کە دروست کردنی پاڵاوگە بۆ ئێمە هێڵی سوورە و بەواتای لە ناو بردنی زرێبارو ژیانی ئێمەیە کەواتە بە هیچ چەشنێک ئەو ئیزنە بە هیچ هێزێک نادەین”.