بەپێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۱۲ی بانەمەڕی ۲۷۱۷، بیستوسێهەمین هەڵمەتی “ڕۆژێک بۆ ژینگە” کە تەرخان کرا بوو بە خاوێن کردنەوەی سێڕێیانی خاڵدار تا کۆگای زبڵی پیرانشار لە ژێر ناوی “خاوەنداری لە ژینگە خاوەنداری لە ژیانە” بە بەشداری چالاکانەی ژینگە دۆستان بەڕێوەچوو.
لەو هەڵمەتەدا مەودای سێڕێیانی خاڵدار تا کارخانەی نیوەکارەی بازیافت و دەوروبەری لە زبڵ و پاشماوە خاوێن کرایەوە”کۆمەڵی ژینگەپارێزانی پیرانشار وێڕای دەستخۆشی لە هەموو ژینگەدۆستانی بەشداربوو، داوا لە شارەداری و لایەنە بەرپرسەکان دەکات هەرچی زووترە قۆڵی هیممەت لە تەواو کردنی کارخانەی بازیافتی زبڵی پیرانشار هەڵماڵن تا وێڕای خاوێن ڕاگرتنی ژینگە و پاراستنی لە مەترسی بڵاو بوونەوەی نەخۆشی و پیس بوونی بەهۆی چوونە ناوی شیرەی ژەهراوی و مەترسیداری زبڵەکان بۆ نێو ئاوە ژێرزەویەکان، سەرچاوەیەکی داهاتیش بۆ شارەکەمان دەستەبەر بکەن.