بۆچی ڕقم لەو درووشمەیە: (بـاکـوردسـتـان پـاک بــکــەیـنـەوە لـە یـەک ڕۆژدا)!

0
1142

محەممەد چاوشین
محەممەد چاوشین

نووسەر: (محەمەد چاوشین)

ئەمڕۆ (١٥/ ٦/ ٢٠١٦)، لەناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان، ھەڵمەتی پاککردنەوەی ژینگەی چەند شوێنێک ئەنجام درا.وەک باس دەکرێ، گوایە لەو ھەڵمەتەدا زیاتر لە ١٥ ھەزارکەس بەشدارییان تێدا کردووە.

نییەتەکە باشە و دەست خۆشییان لێ دەکەم.

بەڵام :

بەش بەحاڵی خۆم، ژینگەم خۆش دەوێ و کار بۆ پاراستنی ژینگەش دەکەم.

ئەوەندەی لەتواناشم دا بووبێت، شتم نووسیوە و کارم لەسەر بڵاوکردنەوەی ڕوئیا و دنیابینی خۆم بۆ ژینگە و ژینگە پارێزی کردووە.

لەلای من، ژینگە پارێزی پرسێکی نیشتیمانییە و وەکوو تێکۆشان بۆ پاراستنی بەھا نەتەوەییەکان تەماشای دەکەم. واتا، ژینگە پارێزی، جۆرێکە لە پێشمەرگایەتی بۆ پاراستنی وڵات لە ناشیرینییەکان.

بەڵام زۆر بێزم لە دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ پاراستنی ژینگە دەبێتەوە.بێزم لەوە دەبێتەوە کە ڕۆژێک دیاری بکرێت بۆ پاک و خاوێن کردنەوەی وڵات لە پاش ماوە فڕێدراوەکان.

چونکە، ژینگە پارێزی، کردارێکی ڕۆژانەیە و سات و کاتی بۆنییە.مرۆڤ ھەموو دەم دەبێ لەفکری پاك و خاوێن ڕاگرتنی ژینگەی دەوروبەری خۆیدا بێت.

ژینگە بەشێوەیەکی بەردەوام دەبێ جوان و خاوێن ڕابگرین، نەک ئەوەی ساڵانە ڕۆژی بۆدیاری بکەین و لەڕۆژێکدا وڵات خاوێن بکەینەوە و بەدرێژایی ساڵیش پیسی بکەین!

بە بۆچوونی من، ژینگە پارێزی و ژینگە دۆستی، بەوە ناکرێت لەماوەی یەک ساڵدا تەنھا ڕۆژێک دیاری بکەین و وەبیر خەڵکی بھێنینەوە کە ژینگەیان خۆش بووێت.بەڵکوو بەوە دەکرێت کە بەدرێژایی ساڵ خەڵک فێربن ژینگە پاک و خاوێن ڕابگرن.

ئێستا بەداخەوە، لەلای ئێمەی کورد(باشوری کوردستان)، پیس کردنی ژینگە بۆتە نەریت و بایەخێکی ئەوتۆ بە ژینگەپارێزی نادرێت.

سرووشتی ئێمەش وایە، ھەمیشە شتەخراپەکان باشتر و ئاسانتر لەناو جڤاتدا جێگا و شوێن پێی خۆیان دەکەنەوە تا شتە باش و جوانەکان!.

پیس کردنی ژینگە و فڕێدانی پاشماوە زیانبەخشەکان، یەکێک لەو کردارە باوانەی ناو کۆمەڵگای ئێمەیە کە ڕۆژانە و بەشێوەیەکی بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.

ھەربۆیە، بەبۆچوونی من، پێویستە ١١ مانگ و ٢٩ ڕۆژ بۆ پاک و  خاوێن ڕاگرتنی ژینگە تەرخان بکرێت و یەک ڕۆژیش بۆ خۆپیشاندان لەدژی ئەوانەی کە دوژمنی ژینگەی ئەم نیشتیمانەن و پێس و پۆخڵ کردنی ژینگەیان لەلا بۆتە کولتوور!.