ئێمەش دەبین بە دەنگی سماقان, ڕاگەیەندراوی فەرمیی کەمپەینی ” سماقان دەنگی هەمووانە “

0
797
راگەیاندنی ماژە یەک :

ماوەی زیاتر لە بیست ڕۆژە کە خەڵکی ناوچەی سەرشیوی مەریوان بە مەبەستی پێشگرتن بە کاولکارییەکانی ناوەندە پێوەندیدارە حکوومەتییەکان لە مەریوان گیانی خۆیان کردووەتە قەڵغان بۆ پاراستنی ژینگەی نیشتمانی دایک.

ئەو خەڵکە شەو و ڕۆژ تەنیا و تەنیا بر مەبەستی پارێزگاری لە ژینگەی وڵاتەکەیان و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە دەستیان لە ژیانی تاکەکەسیی خۆیان هەڵگرتووە.

پاش هەڕەشە و گوڕەشەکانی ناوندەکانی حکومەت لەو خەڵکە بە مەبەستی وازهێنان لەو ناوچەیە و ئەوەی کە حکوومەت بتوانێت زبڵ و پاشماوەکانی مەریوان و سەوڵاوا لە دۆڵی سماقان کۆ بکاتەوە.

خەڵکی ناوچەی سەرشیو لەو بڕوایەدان کە لە ئەگەری گواستنەوەی زبڵ و پاشماوەکانی سەوڵاوا و مەریوان بۆ دۆڵی سماقان، ژینگەی ئەو ناوچەیە بەگشتی کاول دەکرێت و ژیان و ماڵ و حاڵی هاووڵاتییان تێک دەچێت.

ناوندەکانی حکومەت لە سەرەوەی هەموویان شارەوانی مەریوان لە نوێترین هەوڵەکانیدا، هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە کە بە نیسبەت بوون بە زبڵدانی سماقان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، دەستبەسەر دەکات و هەڕەشە دەکات کە ئەم شەپۆلەی دەستبەسەرکردنی خەڵکی بێ تاوان درێژەی دەبێت.

ئێمە وەک چالاکانی ژینگەپارێزی لاوانی کورد بە گشتی لە هەموو ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە بە ڕاگەیاندنی کەمپەینی پشتیوانی لە هاووڵاتییانی سەرشیوی مەریوان و دۆڵی سماقان، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ئەو هاووڵاتییە ناڕازییانە کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵەکانی خۆیان وەگڕخستووە کە پێش بە کاولکارییەکانی حکوومەتی تاران لە کوردستان بگرن.

دەستەی بەڕێوبەریی کەمپەین 16ی خاکەلێوەی 2717ی کوردی