ویلایەتی: بۆ پرسی ناوکی دەستمان نەبەستراوە و بەپێی بەرژەوەندیی خۆمان دەچینە پێش

0
574

ڕۆژی کورد: ئەمڕۆ پێنج شەممە 14ی گەلاوێژی ١٣٩٥، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، لە لاپەڕەی ئینستگرامیی خۆیدا وتووێژێکی خۆی لەگەڵ ماڵپەڕی “ئەلمەیاندن”ـی داناوە کە تێیدا باسی لە پرسی جیاجیای وەک کودەتای تورکیە، ئیسراییل و عەرەبستان و وڵاتانی عەرەبی، پێشکەوتنی دەوڵەتی سووریە و عێراق بەسەر دژبەرانیان، یارمەتیی ئێران بەتایبەتی لە بواری ڕاوێژکاری بە عێراق و سووریە و هەروەها پرسی ناوکی، کردووە.

ڕاوێژکاری خامنەیی لە وڵامی پرسیار لەمەڕ پەیوەندیی عەڕەبستان و ئیسراییل دەڵێ: “جێگای داخە کە کلیل بە دەستەکانی کەعبە بوونەتە چڵکاوخۆری پیسترین دوژمنانی ئیسلام کە هیچ دوژمنایەتییەک نەما بە ئیسلام و فەلەستینی نەکەن، ئەوان بە پارەی مسوڵمانان بۆمب ساز دەکەن و بەسەر خەڵکی مسوڵمانی دا هەڵدەڕێژن”.

ویلایەتی هەروەها بان کی مۆن ـی بە بێدەنگی لەهەمبەر عەڕەبستان و ئیسراییل تۆمەتبار کرد و گوتی: “سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەمبەر عەڕەبستان و ئیسراییل بێدەنگە و دەڵێ چون ئەوان پارە دەدەن بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوا ناویان لە لیستەی جینایەت بەدژی منداڵان دەسڕینەوە، عەڕەبستان بۆمب بەسەر منداڵانی بێ تاوانی مسوڵمانی یەمەن دا دەڕێژێ و بە دژی سووریە پیلان دەگێڕێ و پشتیوانی لە گرووپە تەکفیرییەکان ەکا و ئیسراییلیش منداڵانی بێ تاوانی غەزە دەکوژێ و بەو شێوەیە خۆکوژیی سیاسی دەکا”.

ویلایەتی هەروەها باسی لە هەڵبژاردنی ئەمریکاش کردووە و دەڵێ: “جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان کۆماریخوازەکان و دێموکراتەکاندا لە هەڵوێستیان بە دژی ئێران نیە، وەک دەبینین ئەوەتا دێموکراتەکانیش لە هەڵوێستی خۆیاندا لەسەر ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران کێشە دەخوڵقێنن”.

ویلایەتی بە ئاماژە پێدان بە کێشە خوڵقێنیی دێموکراتەکان لە هەمبەر بەرجام گوتی: “بابەتی ناوکی وا نیە کە ئێران هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبێ و دەستمان بەسترابێ، وا نیە بە هیچ جۆر و بە دڵنیاییەوە بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆمان دەجووڵێینەوە”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت