ئۆردۆن سەفیری خۆی لە ئێران بانگ کردەوە

0
889

گرژی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئێران و دەست و پیوەندەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو زیاد بوونە، ١٣هەمین کۆنفرانسی ئیسلامی لە تورکیە، ٥ خاڵی بەیانیەی کۆتایی خۆی بۆ ئێران تەرخان کردبوو و ئێرانی بە پشتیوانی لە تیرۆریزم و هەروەها دەست تێوەردان لە کار و باری ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە تاوانبار کردبوو. ئەمڕۆش پارلمانی عەرەبی، حیزبووڵڵای لوبنان کە یەکێکە لە دەست و پێوەندە هەرە نزیکەکانی ئێران و تیرۆری دەرەوەی ئێران هەموو لە لایەن حیزبووڵلاوە دەکرێن، بە تیرۆریست دەست نیشان کرد, هەروەها وڵاتی ئۆردۆن سەفیری خۆی لە ئێران بانگ کردەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەری ئۆردۆنیی پێترا، حکومەتی ئۆردۆن بەدانی بەیانیەیەک و بە مەبەستی هەندێ ڕاگۆڕینەوە لەمەڕ ڕووداوەکانی ئەو دواییانەی پێتەختی ئۆردۆن، لە ئێران بانگ کردەوە. ئەو بانگ کردنەوەیە لەسەر داواکاریی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئۆردۆن بووە.

هەواڵدەریی پێترا لە زمان دکتور محەممەد ئەلمۆئمنی، وەزیری پەیوەندییەکان و گوتەبێژی دەوڵەتی ئۆردۆن، نوسی، دوابەدوای پێکهاتنی ناوکی ئێران لەگەڵ ٦ زل هێزی جیهان، دەوڵەتی ئۆردۆن کە پشتیوانی لەو پێکهاتنە کردووە هیوای وابوو ئەو پێکهاتنە ببێتە هۆکاری بەهێزبوونی پەیوەندی و دۆستایەتی عەرەبی – ئێرانی و ڕێزی دراوسییەتی و خۆتێهەڵنەقوتان لە کار و باری ناوخۆیی و هاوکاری یەکتری بۆ سەقامگیری ئاسایشی ناوخۆیی.

لەو بەیانیەدا هاتووە: “بەداخەوە لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ناوکیی بەرجام تا ئێستا، هەڵوێستەکانی ئێران هیچ جێگای هیوا و دڵ پێخۆش کردن نین و هەندێ لە گوتە و کردارەکانی ئیران دەرخەری دەست تێوەردان و خۆتێهەڵقووتاندنی ئێران لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتی وڵاتانی کەنداوە. دەوڵەتی ئۆردۆن شتێک جیا لە پەیوەندی باش و درووستی دراوسێیەتی قەبووڵ ناکات ئەو چەشنە کردارانە بە واتای سازکردنی قەیران و ناسەقامگیری لە ناوچەکە دەزانێ”.

دوای ئەوەی کە بینای هەیئەتی نوێنەرایەتی پاشایەتی سعوودی لە تاران و مەشهەد ئاگری تێبەردرا، وڵاتی ئۆردۆن، سەفیری ئێران لە عەمان ـی بانگ کرد و ناڕەزایەتی خۆی و بێزاری قووڵی لەو کردەوەی ئێران، دەربڕی و ڕامانگەیاند کە ئەو کردەوانە بەپێچەوانەی کۆنوانسیۆنی ڤیەن و یاسا ناونەتەوەییەکانن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.