سەرەکترین هێزی دژ بە ئەمریکا ئێرانە نەک داعش/وەرگێڕان لە ئینگلیسیەوە

0
740

نووسەری ئەو بابەتە کە لە ماڵپەڕی نیۆیۆرک پۆستدا بڵاو بۆتەوە، “ڕۆبێرت سپینسر” ـە کە یەکێک لە بەرپرسانی بەڕێوەبەریی دیدەبانی مافی مرۆڤ و نووسەری نیۆیۆرک تایمزە کە پڕفرۆشترین ڕۆژنامەی جیهانە.

وەرگێڕان لە ئینگلیسیەوە بۆ کوردی: ڕۆژی کورد

ئەمڕۆکە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر تەناهیی نەتەوەیی (ئەمریکا)، داعش یان چین یان ڕووسیە و تەنانەت دێوە ناخۆشەویستەکەی حکومەت واتا گۆڕانکاریی ئاووهەوا نیە. گەورەترین هەڕەشە، کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ڕژیمێک کە لە ساڵی ١٩٧٩ وە شەڕێکی بە دژی ئەمریکا دەست پێکردووە و لە سەرجەم نوێژی هەینییەکانی ئەو وڵاتەدا درووشمی “نەمان بۆ ئەمریکا” دەگوترێتەوە و ئێستاش لە سایەی سەری سەرۆک کۆمار ئۆباما و جان کێری ـیەوە لە دوایین قۆناغی خۆیدایە بۆ وەدەست هێنانی بۆمبی ناوکی.

ئێران وەک داعش بە هات و هوت نیە بەڵام ئێران چالاکانە کار لەسەر گەڵاڵە و پلانگەلێکی یەکجار زۆر و بەهێز بە دژی ئەمریکا دەکات کە دەتوانێ یەکجار لە داعش مەترسیدارتر بێت. ڕێبەری ئێران، ئایەتووڵا عەلی خامنەیی مانگی ژوئەنی ٢٠١١ بە ئاشکرا گوتی: “لە هەر شوێنێک بزووتنەوەیەکی ئیسلامی، خەڵکی و دژە ئەمریکایی هەبێ، ئێمە پشتیوانی لێ دەکەین”.

ساڵی ٢٠١٢، خامنەیی بانگەشەی بۆ شەڕ بە دژی ڕۆژئاوا کرد بەڵام ئێستا بە هۆی ئوباماوە، دوای لاچوونی گەمارۆکان، ئێران بیلیۆنها دۆلاری بۆ گەڕێندراوە تا هێرشی لەو چەشنە زیندوو بکاتەوە”.

هەروەک من لە پەرتووکە نوێیەکەی خۆمدا بەناوی “ڕێنمای تەواوی بۆ تەواوی کافرەکان لەسەر ئێران” نەتەوە زەوی و شوێنی پەروەردەکردنی چالاکیە تیرۆریستییەکان، خستوومەتە ڕوو: دابین کردنی بوودجە و چاوەدێریی تۆڕی ڕێکخراوە جیهادییە تیرۆریستییەکان لە هەرهموو جیهان، ئامادەی بەڕێوەبردنی داواکارییەکانی ئێران و لە ناویاندا لەناوبردنی دژبەرانی ئێرانە.

سەرۆکی ئەو تۆڕە، حیزبووڵایە کە بەتەواوی لقێکە لە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە کە حیزبووڵا بەرپرسی کوشتنی ٢٤١ کەسی ئەمریکاییە لە بۆمب نانەوە لە پایەگایەکی ئەمریکا لە  بەیرووت لە ساڵی ١٩٨٣.

ئێران هەروەها لە دابین کردنی بوودجەی بۆمب نانەوە لە بورجەکانی “خوبار” لە عەرەبستانی سعوودی کە ئەندامانی هێزی هەوایی ئەمریکای تێدابوون و هەروەها لە بۆمب نانەوە لە کۆنسوولگەریی ئەمریکا لە کنیا و تانزانیا کە زیاتر لە ٢٠٠ کەسی لەو بۆمب نانەوانەدا کوژران، دەوری سەرەکی و کارای هەبووە.

حیزبووڵای ئێران تەنیا لە لوبنان چالاکی ناکات. حیزبووڵا هەروەها لە مێکسیکۆ کە بە درێژایی سنووری نێوان ئەمریکا و مێکسیکۆ باندی مافیایی دەرمانی لێیە، چالاکی دەکا. ئەو هاوکارییەش قازانجی بۆ هەر دوو لایەن هەیە:  لە لایەکەوە حیزبووڵا پارەیەکی باشی بۆ پەروەردەکردن و ڕاهێنانی چەکدارەکانی دەست دەکەوێ و ئەو کارتێلانەی مادە هۆشبەرەکانیش ڕاهێنانی باشیان لەلایەن حیزبووڵاوە دەدرێتێ تا بەو شێوە و تەکنیکانە هێرش بکەنە سەر جەگەی دژبەرانی خۆیان. ئەوەیە هۆکاری ئەوەی کە کارتێلەکانی مادەی هۆشبەر لە مێکزیکۆ لەو دواییانەدا دوو شێوە لە شێوەکارەکانی گرووپە جیهادییە ئیسلامییەکان واتا “سەربڕین و منداڵ دزین” لە ناو خۆیان بەکار دێنن کە ئەوە لە ژێر پەروەردەی حیزبووڵادا بووە.

ئەوە تەنیا حیزبووڵا نیە کە ئێران لە ڕووی بوودجەوە دابینی دەکا. هەرچەند گرووپە جیهادییەکان بەسەر دوو بەرەی سوننە و شیعەدا دابەش بوون بەڵام گرووپە جیهادیە سوننەکانیش وەکوو حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەلەستین و هەروەها شیعە حوسی ـیەکانی یەمەن و گرووپە شیعیە عێراقیەکانی وەک کەتایبی حیزبووڵا هەر هەموویان لە لایەن ئێرانەوە، بودجەیان بۆ دابین دەکرێت.

بەڵام ئایا ئێران تەنیا پشتیوانی لە گرووپە جیهادیە تیرۆریستەکان دەکا؟ نا! ئێران باڵی چەپی حیزبی پۆپۆلیستی فەڕانسە، پۆدێمۆس ـیش دابین و پشتیوانی دەکا، ئەوە وێنەیەکی زیندوویە لەوەی کە ئێران چۆناوچۆن توانیویەتی چەپی جیهانی و بزووتنەوە جیهادییەکانی جیهان بە دژی ئورپا، بەکار بێنێ و هاوتەریبیان بکات.

ئێران هەروەها دەوری لە هێرشی تیرۆریستیی ١١ی سیپتامبریشدا هەبووە: لە چەند مانگی بەر لەو هێرشە تیرۆریستییە، لانیکەم ٨ کەس لە فڕۆکەدزەکان بە بەردەوامی سەفەریان بۆ ئێران کردووە و لەوێ چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کردووە و ئەو بەرپرسانەش ئاسانکاریان بۆ کردوون تا سەفەر بۆ ئەفغانستان بکەن و بچن بۆ ئەوێ.

پاساپۆرتەکانی ئەو کەسانە لە لایەن بەرپسانی سنووریی ئێران (کۆنترۆڵی هاتووچووی سنووری نێوان ئێران و ئەفغانستان)، مۆر نەکراوە و بەو هۆیەشەوە ئەو کەسانە دەیناتوانی بێ هیچ کێشەیەک و بێ ئەوەی پێیان بزاندرێت بگەڕێنەوە بۆ ئەمریکا.

کێشە خوڵقێنییەکانی ئێران هەروا بەردوام بوو. ساڵی ٢٠١٢ دەوڵەتی کانادا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ چالاکیی تێکدەرانەی ئێران کە لە سەفارەتی ئێرانەوە سەرچاوەی دەگرت، سەفارەتخانەی ئێرانی لە ئۆتاوا داخست و دیپلۆماتەکانی خۆی لە ئێران بانگ کردەوە.

ئەبوولفەزل ئیسلامی، دیپلۆماتی پێشووی ئێران ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە و سەلماندوویەتی کە ئێران لە ڕێگای سەفارەتەکانی لە کانادا و وڵاتانی تر، کردەوەی تێکدەرانە ئەنجام دەدات و بەڕێوەی دەبات. هەروەها لەو ساڵانەی دواییدا ئەمریکا بە ٧ هەکێری ئێرانی زانی کە لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە هێرشی سایبێرییان کردبۆ سەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا و هەروەها بۆسەر ئاوبەندێکیش لە شاری نیۆیۆرک.

بەپێی سیاسەتە نەزۆک و لاوازەکانی ئۆباما لە هەمبەر کۆماری ئیسلامی، ئەمڕۆ ئێران زۆر بوێرتر و سەرەڕۆتر لە هەر کاتێکە بۆ نموونە و وەک بەڵگە دەتوانین ئاماژە بە سیاسەتی وردکردن و بێ ڕێزی کردن بە مەلەوانە ئەمریکاییەکان لە مانگی ژانیوەردا بکەین.

بەڵام هێشتاش زۆر درەنگ نەبووە. هەرچەند سەرۆک کۆماری نوێ ناتوانێ پێش بەو لێشاوە پارانە بگرێ کە ئۆباما دەستی ئێرانی لەسەر ئاواڵا کردن، سەرۆک کۆماری داهاتوو دەتوانێ و دەبێت گرێبەستی ناوکی لەگەڵ ئێران هەڵوەشێنێتەوە و بە ئێران بسەلمێنێ و نیشانی بدا کە نە تەنیا چەکی ناوکیی ئێران بەڵکوو ناتوانن چیتر سەرەڕۆییەکانی ئێران قەبووڵ بکەن.

ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، هەرچەند لاواز، کە ئوباما ساڵی ٢٠٠٩ ڕەتی کردەوە پشتیوانیان لێ بکات، دەبێ پشتیوانی و یارمەتیی چالاکانەیان لێ بکرێت. لە هەمان کاتدا هەر جۆرە دان و ستانێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە داهاتوودا تەنیا دەبێت بە تێگەیشتنێکی ڕوون لە چاوی تینو بە خوێنی ئێران ئەنجام بدرێت و لەسەر ئەو بنەمایە بێ کە بزاندرێت ئێران گەرەکیەتی ئامریکا بخاپێنێ و سەرجەم گرێبەستەکان و ڕێککەوتنەکان، پێشێل دەکات.

ئێران زۆر مەترسیدارترە لە داعش بەڵام ئێرانیەکان خەڵکانێکن کە خاوەنی یەکێک لە کۆنترین شارستانییەتەکانی سەر زەوین.

ئێرانیەکان شایانی دەسەڵاتێکی شیاوتر لە کۆماری ئیسلامین و بێ گومان دەسەڵاتێکی شیاوتریش پێکدێنن.

بۆ بینینی دەقی ئەو بابەتە بە ئینگلیسی لێرە کرتە بفەرموون

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت