پرسی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان و تێڕوانینێک

0
4466

ىنووسینی: باهۆز ‌زرێبار

لەو کاتەوە پرسی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان هاتووەتە ئاراوە، بە هەموو شێوازێک ڕا و بۆچوونی خەڵکی ئاسایی و کەسایەتییە سیاسی و فەرهەنگییەکان لەمبارەوە دەبینین و دەبیسین. هەندێک کەس و لایەن خۆیان بە ئاڵاهەڵگری ڕاستییەکان دەزانن و بە هەموو تەکنیکێکەوە هێرش دەکەنە سەر ئەم پرسە و پاساوگەلێکی سەیر دێننەوە، ئەم هەندێک کەسە، هەم کورد و هەم غەیری کورد دەگرێتەوە. کۆمەڵێک خەڵکی دی هەن کە پشتیوانی لەم پرسە دەکەن کە ئەمانیش بۆ خۆیان دەبنە چەند گرووپەوە: گرووپێک کە تێدەگەن ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی چییە و پشتیوانی ڕاستەقینەن؛ گرووپێکیش کە بە بۆنەی هەستی نەتەوەییەوە پشتیوانی دەکەن و لەو دوو واتا تێناگەن و گرووپێکی دیکەیش کە بەبۆنەی بەرژەوەندیی خۆیانەوە پشتیوانی ڕادەگەیەنن و زۆر جێگەی متمانە نین.

بەر لە دەستپێکی باسەکە، پێویستە لە “ڕێفراندۆم” تێبگەین: ڕێفراندۆم یان گشتپرسی (Referendum)، دەنگدانێکی ڕاستەوخۆیە، کە تێیدا داوا لە تەواوی دەنگدەرانی کۆمەڵگایەک یان وڵاتێک دەکرێت بۆ دەنگدان لەسەر پێشنیازێکی دیاریکراو کە لە لایەن کەسێک یان دەزگایەکی کاربەدەست پێشنیازکراوە، بەشداری بکەن. ئەنجامی ڕێفراندۆم ڕەنگە ببێتە ھۆی دەرچوونی یاسایەکی نوێ. لە سیستەمی پەرلەمانیی نوێدا ڕێفراندۆم بۆ پەسەندکردنی یاسایەکی بنەڕەتی یان گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە حکوومەتدا ئەنجام دەدرێت. ئەم ڕێفراندۆمەی باشووری کوردستانیش، گشتپرسییەکە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی.

بەڵام سەربەخۆیی چییە؟ سەربەخۆیی (Independence) بریتییە لە بارودۆخێک کە گەل، وڵات یان دەوڵەتێک دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردن و دەسەڵاتداری بە سەر وڵاتەکەی خۆیدا ھەبێت. سەربەخۆیی دەکرێت بە شێوەی دێموکراتیک یان لە ڕێگای خەباتی چەکدارییەوە دەست بکەوێت. چەندین جۆری سەربەخۆیی بوونی هەیە: ((سەربەخۆیی ئابووری؛ خۆبەڕێوەبەری؛ سەربەخۆیی بیر؛ سەربەخۆیی دەروونی؛ سەربەخۆیی سیاسی.)) سەربەخۆبوونی باشووری کوردستانیش بە واتای بونیادنانی وڵاتێکی نوێیە بە ناوی “کوردستان” کە لە هەموو بوارێکدا سەربەخۆیە و دەبێتە خاوەن سنوورێکی تایبەت لەگەڵ وڵاتی ئێراق.

لەم نێوانەدا، وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، بەتایبەت ئێران و تورکیا، کە دژی سەربەخۆیی کوردستانن، جۆرێک شەڕیی دەروونییان سازکردووە و جگەلەمە هەڕەش و گوڕەشەیش دەکەن! بۆ نموونە ئێران دەڵێت: ((ئێمە دژی بەش‌کردنی وڵاتی ئێراقین…)) و منیش لە وەڵامدا دەڵێم: ((لە ڕاستیدا ئێمەیش دژی بەش‌کردن و لەت‌کردنی وڵاتی ئێراقین! بەڵام خۆ کوردستان بەشێک لە ئێراق نییە تا ئێمە بێین بەشی بکەین؛ بەڵکوو کوردستان خاکی کوردە و لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەرانی عەرەبدا بووە و لە هەنووکەدا ئەم دۆخە قەبووڵ ناکرێت و چیدی کوردستان نایەوێت لەژێر دەسەڵاتی عەرەبدا بمێنێتەوە و نایەوێت وەک بەشێک لە وڵاتی عەرەبەکان بێتە هەژمار.))

ئەم خۆگرژکردنەوەی ئێران و تورکیا و ئێراقە تەنیا لەسەر سەربەخۆیی نییە، بەڵکوو تەنانەت دژی ڕێفراندۆمیشن! دژایەتیی ئەم وڵاتانە لەگەڵ ڕێفراندۆم، ڕاستەوخۆ باس لەوەی دەکات کە: ئەم وڵاتانە هێشتا لە مافی مرۆڤ تێنەگەیشتوون و دژایەتی لەگەڵ ڕێفراندۆم بە واتای دیکتاتۆریەتیی ئەوانە. چونکە ڕێفراندۆم مافێکە و باشووری کوردستانیش ئەو مافەیان هەیە کە چارەنووسی خۆیان بەم شێوازە دێموکراتیکە دیاری بکەن و هیچ وڵاتێک و لایەنێک ناتوانێت دژی ئیرادەی گەلێک ڕاوەستێت. حکومەتێکی دیکتاتۆر وەک ئێران، بە توندی دژی دروست‌بوونی وڵاتێکی کوردییە، چونکە زۆر باش ئاگادارە کە وڵاتی کوردستان، کە دەبێتە وڵاتێکی دێموکراتیک، دژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتی دیکتاتۆریی ئەوانە و کوردانی ڕۆژهەڵاتیش بێ‌هەڵوێست نابن.

ئەم ڕاستییەیش حاشاهەڵنەگرە کە وڵاتی “ئێراق”، تەنانەت توانای پاراستنی شارەکانی خۆی نییە و نموونەیەکی بەرچاوی ئەوە بوو کە شاری “موسڵ”یان دوو دەستی پێشکەش داعش کرد؛ هەروەها کێشەی نێوان شیعە و سونی، یەکێک لە گەورەترین کێشەکانیانە. لە درێژایی مێژوویشدا، حکومەتی ناوەندیی ئێراق، بە هەموو شێوازێک کوردی چەوساندووەتەوە، لە کیمیابارانی هەڵەبجەوە بگرە تاکوو ئـــــــەنــــــفـــــال. واتە، کوشتن و قڕکردنی کورد لە لایەن ئێراقەوە، تەنیا بەشی کوردستان بووە. هەروەها کوردستان هیچکات خاکی عەرەب نەبووە و داگیرکەربوونی ئێراق، زۆر ڕوون و ئاشکرایە، بەو جۆرەی کە داگیرکەربوونی ئێران، تورکیا و سووریەیش ڕوونە.

دووبارە لەم نێوانەدا، باسی ئەو هەندێک کوردە دێتە ئاراوە (هەندێکی زۆر کەم لە کوردانی باشوور) کە دژی ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانن! بۆیە منیش تەنیا ئەم پرسیارانەی خوارەوەیان ئاراستە دەکەم:

۱- ئایا خاوەنی خاکی خۆتان، واتە خاکی کوردستان، خۆتانن یان عەرەبی ئێراقی؟

۲- ئایا ئەنفاڵ و هەڵەبجەتان لەبیر چووەتەوە؟

۳- ئایا دەسەڵاتداریی کوردتان پێ باشە یان دەسەڵاتداریی عەرەب (کە هیچ دوور لە بڕوا نییە دووبارە کەسێکی وەک سەدام لە نێوانیان هەڵنەقوڵێت)؟

٤- کاتی هێرشی داعش، پێشمەرگەی کوردستان ئێوەی پاراست یان ئەرتشی عەرەب؟

٥- تا کەی دەتانەوێت ببنە نێچیری کایەسیاسییەکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان؟

٦- ئایا ژێردەست‌مانەوەی عەرەبتان پێخۆشە یان دەسەڵاتداریی کورد؟

۷- ئایا دەتانەوێت خەونی سەربەخۆبوونی کوردستان لەگەڵ خۆتان ببەنە گۆڕ؟

۸- ئایا مێژووی شۆڕش و خەباتی خۆتان لەبیر کردووە کە هەمووی بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان بووە؟

۹- ئایا تێرتان نەخواردووە لە کۆیەلەتی و چەوساندنەوە؟

و… و…

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here