قوتابخانە
هۆنراوەی: مامۆستا شەریف
خوێندنەوەی : هەڵمەت مەعرووفی
مۆنتاژ:ڕۆژی کورد
پاش ئەوەی کە خۆر هەڵدێ
خوێندە واران دێنە دەر
رێی مەکتەب دەگرنە بەر
لە نێو کۆمەڵەی ماڵان
بۆ خوێندنی منداڵان
ماڵێکی زور وێرانە
کراوەتە قوتابخانە
کاکی مودیر بەیانی
بەرلە خوێندە وارانی
ئەڕوات و لەو بەر دەرگا
ماوەێ هاتۆ چو دەکا
رەوشتی کاکی مودیر
لاوی ژیر و رۆشنبیر
لە نیۆ دڵی خەڵکی دێ
بە جوانی گرتویە جێ
یاری هەژارەکانە
هیوای نەدارەکانە
لاوێکی چاک و روو خۆش
کوردی وێژ و کوردی پۆش
بەڕاسی خەڵکی ئەوێ
گیانیان بۆ مودیر ئەوێ
ماوەی تر مەکتەبی دێ
گەرم ئەبێ بە سروودێ
لە پەنجەرەی پورتوکاو
تیشکی خۆر ئەداتە ناو
مامۆستا وەکو جاران
ئەڵێ بە خوێندە واران
دیسان رۆژی شەمەیە
کاتی پرسینە وەیە
وریا تۆ هەستە سەر پێ
دەرسی پێشوم بۆ بڵێ
ئا وێنە چی؟ب وەک چی؟
ت وێنەی چی؟پ وەک چی؟
لە ئەلفەوە تاکو ی
هەرچی دەزانی بیڵێ
وریا بیر ئەکاتوە
وەڵامی ئەداتەوە
ئا وێنەی ئاوارە
ئاواتی ئەو هەژارە
ب وەکو برسیەتی
پ وێنەی پێ پەتی
ت وەکو تالی ژین
تاریکی و تێکوشین
کاتێ شتێ نازانێ
بۆ منداڵان ئەڕوانێ
نون بەوێنەی نەدار
ە بە چەشنی هەژار
کاکی مودیر هەڵدەستێ
بەرامبەریان دەوەستێ
ئەڵێ بەسیەتی ئیتر
دەس کەینە باسێکی تر
هەتا من لە بیرم بێ
ئەم ووشانە ئەگوترێ
تاکەی دەرسی دڵتەنگی؟
تاکەی دەرد و بێدەنگی؟
ئیتر لایان بەین لە بیر
روو کەینە را و تەگبیر
منداڵەکان مات ئەبن
دەرسی تازە گوێ دەگرن
بێ دەنگی ڤوتابخانە
پڕ دەبێ لەم ووشانە
ئا وێنەی ئازادی
ئاڵای ئاوت و شادی
ب وەکو بیرەوەر
ت وێنەی تیکوشەر
س وەکو سەربەستی
سەر و سێدارە و ستی
منداڵ بە یەک دەنگەوە
دەڵین بە ئاهەنگەوە
خ بە وێنەی خەبات
خوێندن و خوێن و خەڵات
کاف وێنەی کوردستان
ماوەێ بەر لە نیوەڕۆ
دوایی دێ دەرسی ئەمڕۆ
ئێوارە منداڵەکان
لە نێو باخ و لە سەر بان
دەرسی تازە دەخوێنن
بە خەڵکی را دەگەیەنن
ی وەکو یەکیەتی
یەکگرتن و یارمەتی
رۆژی شەمەی داهاتو
ئەو دەرسەیان لە بەربو
بەڵام تاکو خۆراوا
بەم گەرمای خۆرە تاوا
لەرێی شارا وەستابون
چاوەرێی مامۆستا بوون
تینی خۆر و خەمباری
پرسین و چاوەنواڕی
مامۆستامان والەکوێ؟
بوچی ناێەتەوە دێ؟
پیش ئەوەی تاریک دابێ
هەواڵێ کەوتە نێو دێ
مامۆستای قوتابخانە
کەوتووەتە بەندیخانە
ماوەئ حەفتەی دەگوزەرێ
نابێ لەوی خەبەرێ
بەڵام خوێندەوارەکان
هەرلە قوتابخانەدان
دەنگی بەرزی دەرسی جوان
ئەروا بەرەو ئاسمان
ب وینەی بێگانە
برین و بەندیخانە
چاویان وا بە رێگەوە
مامۆستایان بێتەوە
رۆژی هەوەڵی زستان
کە سەرما هاتە کوێستان
کەسێ هەواڵێ دێنێ
دڵی دێ ئەلەرزێنێ
چەن لاوێکی روشبیر
بە هاوڕێی کاکی مودیر
ئەو رۆژە تاریک و روون
لە سێدارە درابوون
ئیتر ئەو منداڵانە
جێی دێڵن قوتابخانە
کاتێ ئەڕۆن بە دڵتەنگ
چاوبە فرمێسک و بێدەنگ
خوێندەوارێ کش و مات
سەرنجی دیوار ئەدات
فرمێسکی پڕ لە گرێ
دێت و بەر چاوی دەگرێ
لەبان تەختەی سەر دیوار
خەتێ مابو یادگار
دڵی نەدەهات کەسێ
شتی لە سەر بنوسێ
ی وەکو یکیەتی
یەکگرتن و یارمەتی
ئا وێنەی ئازادی
شەریف حسەین پەناھی مەشھوور بە شەریف سنەیی، شاعیر و مامۆستای زمانی کوردییە. دیوانی شیعرێکی ھەیە بە ناو ملوانکەی شین کە زۆرتر لە ٣٠ شیعری تێدایە.