حیزبی دیموكرات نیگەرانی خۆی لە دووبارەبوونەوەی كارەساتی 96 دەردەبڕێت

0
658

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، لە نامەیەكی ڕەسمیدا نیگەرانیی خۆی لە دووبارەبوونەوەی كارەساتی ساڵی ١٩٩٦ دەردەبڕێت و هۆشداری دەدات ئەگەری زۆرە جارێكی تر  كۆماری ئیسلامی ئێران هاوشێوەی ساڵی ١٩٩٦بارەگاكانیان لە هەرێمی كوردستان بۆردومان بكات و هەڕەشەكانی بەرپرسی هێزی وشكانی سوپای پاسداران بە جیدی وەردەگرن.

ئەمرۆ پێنجشەم، ١٠ی پووشپەڕی، سكرتاریای حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، نامەیەكی ڕەسمی بۆ كۆنسووڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان و نەتەوەیەكگرتووەكان ناردووە و تیایدا ئاماژەی بەوە داوە، بەرپرسانی پلەبەرزی سەربازی و یەك لەوان ” محەممەد پاكپور” فەرماندەی هێزی وشکانیی سپاسی پاسداران ڕایگەیاندوو كە هێرش دەكەنە سەر بنكە و شوێنەكانی حیزبی دێموكرات لە کورستانی عێراق.

 دەقی نامەکە کە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا بڵاو بۆتەوە و وێنەیەکیشی بۆ ڕۆژی کورد ڕەوانە کراوە بەو شیوەی خوارەوەیە:

بە دوای هێرشە جیاجیاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوخۆی کوردستانی ئێران لە ڕێکەوتی ١٥ ژوئەنی ٢٠١٦ی زایینی تا نووسینی ئەم نامەیە ٩ پێشمەرگەمان شەهید بووە، ئەوە لە حاڵێکدایە لە هیچکام لەو شوێنانە پێشمەرگە هێرشی بۆ سەر هیچ دام و دەزگا یان کەسایەتێکی حکوومەتی نەکردووە، بەڵکوو ئەرکی ئەوان پێوەندیگرتن لەگەڵ خەڵک، تەبلیغی سیاسی و تێکڵاوبوون لەگەڵ ئەوان بووە، بەڵام لە هەلومەرجێکدا کە هێرشیان کراوەتە سەر بەرگرییان لە خۆ کردووە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێجگە لە شەهیدکردنی ئەو پێشمەرگانە بەهانەی دەستکەوتووە بۆ تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران و عێراق و شوێنە شاخاوییەکانی ناوخۆی کوردستانی ئێران، بەم چەشنە بووتە هۆی ئاورتێبەردانی دەیان هێکتار باخ و لەوەڕگەی گوندنشینای ئەو ناوچانە، بریندار بوونی پێنج کەس لە گوندنشینەکانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی عێراق کە ٣ کەس لەوان منداڵن و، ئاوارەبوونی دەیان بنەماڵەی گوندنشین و زەرەر و زیانی زۆری دارایی بەوان.

بە دوای ئەوەدا بەرپرسانی پلەبەرزی سەربازی و یەک لەوان “محمد پاکپور” فەرماندەی هێزی زەمینی سپاسی پاسداران ڕایگەیاندوو کە هێرش دەکەنە سەر بنکە و شوێنەکانی حیزبی دێموکرات هەڵکەوتوو لە کوردستانی عێراق.

بە لەبەرچاوگرتنی هێرشەکانی هەوایی ئەو ڕێژیمە لە ڕابردوودا بۆ سەر بنکەکانی ئەو حیزبە، لە هێرشی زەمینی هێزەکانیان لە ساڵی ١٩٩٦بۆ سەر بنکەی سەرەکی حیزب لە شاری کۆیە و لە قوولایی خاکی کوردستانی عێراق، هەروەها هێرشە زیانبارەکانی بەکرێگیراوانی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر کەمپەکانی موجاهدین لە شاری بەغدا لە ساڵی ٢٠١٥ ، ئێمە هەڕەشەی ئەم دواییانەی ڕێژیم بە جیددی وەردەگرین.

بۆیە بە ناردنی ئەم نامەیە وێڕای ئاگادارکردنەوەی بەڕێزتان لە مەترسی ڕوودانی ئەم هێرشانە، داواتان لێ دەکەین لە ڕێگای خۆتانەوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بخەنە ژێر زەخت بۆ ئەوەی دەست لە تۆپبارانی شوێنی نیشتەجێی بوون و کار و ژیانی خەڵکی کورد لە هەردووک بەشی کوردستانی ئێراق و ئێران و، لەهەر چەشنە هێرشێک بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە شوێنی ژیانی سەدان بنەماڵەی کوردی ئاوارەی کوردستانی ئێرانن خۆ بپارێزێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتاریا

٩٥/٤/١٠

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت