پێنج حیزب و لایه‌نی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ به‌یاننامه‌ی جیا جیا دا كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كه‌ی قامیشلوویان مه‌حكووم كرد

0
737

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٦ی گه‌لاوێژ پێنج حیزبی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات ته‌قینه‌وه‌ی قامیشلوو له‌ كوردستانی ڕۆژئاوایان مه‌حكووم كرد ، ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ زیاتر له‌ ٢٣٠ شه‌هید و برینداری لێكه‌وته‌وه‌ ،

له‌و پێوه‌ندییه‌ دا دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت به هێرشه تیرۆریستییەکەی شاری قامیشلوو پەیامێکی هاوخەمیی بڵاو کردەوە.
له‌ په‌یامه‌كه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا هاتووه‌ :

ئاگادار کراین کە سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٦/٥/١٣٩٥ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٧/٠٧/٢٠١٦ی زایینی بە هۆی دوو تەقینەوە لە شاری قامیشلوو بەداخەوە بە دەیان کەس لە خوشک و براکانمان لە خەڵکی ئەو شارە شەهید و بریندار بوون.

ئێمە وێڕای مەحکووم کردنی ئەو هێرشە تیرۆریستییە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی ئەو رووداوە دەکەین و داوای شفایی بە پەلەمان هەیە بۆ بریندارانی ئەم رووداوە.

هه‌روه‌ها کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕاگه‌یه‌ندراوێكی له‌و باره‌وه‌ بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ تێیدا هاتووه‌ :
ئەمڕۆ ڕێکەوتی 27ی مانگی جولای 2016ی زاینیی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری بۆمب رێژکراو لە شاری قامیشلۆ لە کوردستانی ڕۆژئاوا کە بازگەی ئاسایشی ئەو شارەی کردبووە ئامانج تەقێندرایەوە. بەداخەوە تا ئێستا بە پێی ئامارەکان نزیکەی ١٥٠ کەس شەهید و برینداری لێکەوتۆتەوە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وێرای مەحکوم کردنی ئەم کردەووە تیرۆریستییەی ڕێکخراوی داعش سەرەخۆشی لە کەس و کاری شەهیدەکان و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان بە ئاوات دەخوازێ. هەر لەو پەیوەندییەدا وێڕای پشتیوانی لە خەڵکی کوردستانی ڕۆژئاوا کە دەورێکی گەورەیان لە تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هەبووە، داوا لە وڵاتانی بڕیار بەدەست دەکات کە هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ ئاسایش و ئارامی کوردستانی ڕۆژئاوا و پشتیوانی و یارمەتیان بخەنە گەڕ.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران ئه‌و كرده‌وه‌ی به‌ توندی مه‌حكووم كرد ، له‌ په‌یامه‌كه‌ی سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران دا هاتووه‌ :

ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27ی ژوئه‌نی 2016ی زاینیی ترۆریستانی مرۆف كوژی داعش، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری بۆمب رێژکراویان لە ناوه‌ندی شاری قامیشلۆ لە کوردستانی ڕۆژئاوا، سوریه‌ ته‌قانده‌وه‌ و‌ کرده‌وه‌یه‌كی جینایه‌تكارانه‌ی دیكه‌یان به‌ كرده‌وه‌ درندانه‌كانیان زیاد كرد. به‌ پێ‌ زانیاری‌ هه‌واڵده‌رییه‌كان،بەداخەوە تا ئێستا نزیك به‌ 200 کەس شەهید و بریندار هه‌یه‌.

سازمانی خه‌بات ی کوردستانی ئێران به‌ توندی ئه‌م كرده‌وه‌ جینایه‌تكارانه‌یه‌ی ترۆریستانی داعش مەحکوم ده‌كات و هه‌ر به‌ بۆنه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌س و كاری شه‌هیدان ده‌كات وهومێد ده‌كات برینداره‌كان زوو چاك ببنه‌وه‌.

هه‌ر له‌و پێوه‌ندیه‌دا ئاماده‌یی خوی بۆ گه‌یاندنی هه‌ر جۆره‌ هاوكاریه‌ك به‌ پێ‌ی توانا بۆ دانیشتوانی قامیشلۆ ده‌رده‌بڕێ‌.

هاوكات یەکێتیی دیموکراتی کوردستان له‌و پێوه‌ندییه‌ دا نووسی :
بەیانی ئەمڕۆ لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان گرووپی تیرۆریستی داعش لە ڕێگەی کردەوەی تیرۆریستیەوە دەیان کەسی کردە قوربانی و هەر بەو بۆنەیەوە یەکێتیی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و بە توندی ئیدانەی ئەو کارە دژە ئینسانیەی کرد و هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵەی قوربانیان راگەیاند.
دەقی بەیاننامەکە:
پەیامی یەکێتیی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە تەقینەوەکەی قامیشلۆ
بە داخەوە سەرلە بەیانی ئەمڕۆ دەستی ڕەشی تیرۆریستان گەیشتە شاری قامیشلۆ و بە دەیان کەسیان خەلتانی خوێن کرد کە دەیان شەهید و دەیان برینداری لێکەوتەوە و گەلی کوردیان داخدار کرد، گەرچی ئەوە یەکەمین کردەوەی لەو شێوەیە نیە و لە مێژە گەلی کورد پەلامار دەدرێت و کارەساتی مەرگی بە سەردا دەخولقێت بەڵام بەدڵنیاییەوە گەلی کورد کۆڵنەدان و چاونەترسی و خۆبەدەستەوە نەدانی کردووەتە پرەنسیبی ژیانی و بەردەوامیش دەبێت.
وەک یەکێتیی دیموکراتی کوردستان بە توندی هەر جۆرە کردەوەیەکی تیرۆریستی بە هەر پاساوێکەوە و لە ژێر هەر جۆرە درووشم و ئایدیایەکدا، ئیدانە دەکەین و هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵە و کەس و کاری قوربانیانی ئەو کردەوە تیرۆریستیە ڕادەگەیەنین و هیوادارین بە زووترین کات برینی بریندارانی سارێژ ببێتەوە.

هه‌روه‌ها پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی دا بڵاوی كرده‌وه‌ و نووسی :
رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧/٧/٢٠١٦ی زایینی بەرامبەر بە ٦/٥/ ٢٧١٦ کوردی ، ناحەزانی ئاشتی و ئازادی لە دوو کردەوەی تێرۆریستیدا کە ژماریەک لە خوشک و براکانمانی لە قامیشلووی رۆژ ئاوای کوردستان کردە ئامانج و بووە هۆی شەهید و بریندار ژمارەیەک هاونیشتمانی .
بە دڵنیایەوە کە ئەم کردەوە تێرۆریستیانە ناتوانی پێش بە کاروانی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان بگرێت، کە ئەمرۆ هەموو جیهان و بە گەلی کوردیشەوە دژی تێرۆریستان و دوژمنانی ئازادی و مرۆڤایەتی لە یەک سەنگەر دا شەر دەکەن .
وەک ئەنجومەنی سەرکردایەتی ” پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان ” بەهەموو شێوەیەک ئیداونەی ئەوە کردەوە تێرۆریستیە دەکەین و سەرخوشی خومان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدەکان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوەیش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت