هیزەکانی حەشدی شەعبی لە ئازاردان و لەسێدارەدانی سووننەکان بەردەوامن

0
610

ڕۆژی کورد: سەرچاوەکانی هەواڵی عێراق ئەمرۆ شەممە ٢٢ی جۆزەردان بڵاویان کردەوە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی، دەیان کەس لە خەڵکی ئەلسەقلاویە یان لە قوتابخانەیەک لە ناوچەی ئەلسەبیحات لە خۆرهەڵاتی فەلووجە، دەست بەسەر کردووە.
هەروەها دەگوتێ کە هێزەکانی عەسایب، دەیان کەسیان لە قوتابخانەی ئەلبەیادر لە ناوچەی ئەلسەبیحات لە باشوورئ فەلووجە، دەست بەسەر کردووەو هەندێکیشیان لەدار داون.

شایانی ئاماژەیە کە لەو دوو حەوتوویەی دواییدا هەندێ ڕاپۆرت و هەواڵ و ڤیدیۆ لەمەڕ شێوازی دوور لە مافی مرۆڤانەی حەشدی شەعبی بڵاو بۆتەوە کە تێیدا ئازاردان و ئەشکەنجە و لێدانی خەڵکانی ئەو ناوچە سووننەنشینانەی عێراقی لە لایەن حەشدی شەعبییەوە خراوەتە ڕوو، نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ڕاگەیێندراوێکدا ئەو کردەوانەی مەحکووم کردووە.

شێخە عەرەبەکان و سەرۆکی پارلمانی عێراق و بەشێک لە نوێنەرانی پارلمانی ئەو وڵاتە، ئەو جینایەتە دژەمرۆییانەیان بە تۆڵە سەندنەوە لە قەڵم داوە و پێداگری دەکەن تا ئەو دۆسیەی شاری ئەلسەلقاویە و ناوچەکانی تری ڕزگار کراو لەدەست داعش، بچتە بەر دەستی پۆلیسی ئیتحادی و حەشدی خێڵەکان.

شایانی ئاماژەیە، سەرەڕۆییەکانی حەشدی شەعبی کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەو ەپشتگیری دەکرێن بووە بە یەکێک لە سەرەکیترین کێشەکانی عێراق و دەگوترێ زۆر بنەماڵە و خێڵی سووننەی عێراقی لە ترس و داخی حەشدی شەعبی، پەیوەست بە داعش بوون.
هەر وەها پێشتریش حەشدی شەعبی ئاڵای کوردستانیان لە دوزخورماتوو دابەزاندبوو. کەمال ڕەشید ئەندامی ئەنجومەنی قەزاری خورماتوو بە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند درەنگانێکی شەوی ڕابردوو ١٩ی ئازار، دوو ئۆتۆمبێلی چەکدارانی حەشدی شەعبی هەڵیان کوتاوەتە سەر نەخۆشخانەی گشتی شارەکە و سوکایەتیان بە کارمەندە کوردەکان کردوە. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی قەزای خورماتوو وتی چەکدارەکان ئاڵای کوردستانیان لە سەر بینای نەخۆشخانەکە هێناوەتە خوارەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت