خامنەیی جارێکی تر عەرەبستانی بە پشتیوانی لە تیرۆریزم تاوانبار کرد

0
892

ڕۆژی کورد: لە کۆتایی ٣٣هەمین خولی ناونەتەوەیی کێبڕکێکانی قورئان لە ئێران و لە کاتی چاوپێکەوتنی خامنەیی لەگەڵ براوەکانی ئەو خولە، خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، جارێکی تر هێرشی کردە سەر ئەمریکا و عەرەبستانی بە پشتیوانی لە تیرۆریسم تاوانبار کرد.

خامنەیی لە قسەکانیدا گوتی: “هەندێک لە وڵاتانی ئیسلامی، خیانەت لە نەتەوەکانی خۆیان دەکەی، خیانەت بە ئوممەتی ئیسلام دەکەن و بەستێن بۆ پەرەسەندنی دەسەڵاتی ئەمریکا زیاد دەکەن، هاوکاری لەگەڵ تاغووتی گەورە کە ئەمریکایە دەکەن و سیاسەتەکانی بەجێ دێنن.

ڕێبەری ڕژیمی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا بێ ئەوەی کە باس لە دەست تێوەردانی ڕژیمی ئێران لە سووریە و عێراق و ئۆدرۆن و وڵاتانی تر بکات و هەروەها پشتیوانیی ڕژیمی ئێران لە حەشدی شەعبی و داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستتەکانی تر باس بکا، گوتی: “هەندێک کەسیش لە ڕێگا ترازاون و بە خەیاڵی ئەوەی کە بۆ ئیسلام کار دەکەن، بە دژی ئیسلام کار دەکەن. ئەو گرووپە تیرۆریستیانەی کە سەر بە وەهابیەکانن و لەگەڵ مسوڵمانان بەشەڕ دێن، وایان کردووە پرسی فەلەستین فەرامۆش بکرێت، کاتێک کە مسوڵمانان پێکەوە شەڕ دەکەن،، پرسی فەلەستین لەبیر دەچتەوە.

خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا وێڕای نکوڵی کردن لە نەتەوەکانی ئێران و ناوبردنی ئێران بە یەک نەتەوە، بە شێوەیەکی هەڕەشەئامێز، باسی لە ڕژیمی ئێران کرد و گوتی: “ئێمە دەوڵەتێکین، دەوڵەتێک کە دەرفەتی زۆرن، نەتەوەیەکی ٨٠ ملیۆنیمان هەیە، چەکمان هەیە، ئابووریمان هەیە، سیاسەت و زانستمان هەیە، ئەوەیە ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامی. دوژمن لە کۆماری ئیسلامی دەترسێ و چون لێی دەترسێ هێرشی دەکاتە سەر، بە هۆی ئەو ترسەیە کە هێرشمان دەکەنە سەر.

ئەو قسانەی خامنەیی لە حاڵێکدا دەگوترێن کە کۆماری ئیسلامی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە پێشوو لە لایەن وڵاتانی ناوچەوە دەکەوێت ژێر گوشار و پەراوێز دەخرێ، دەوڵەتی مالیدڤ، یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئێران بڕی و لە ڕاگەیێندراوێکدا سیاسەتەکانی ئێرانی بە هەڕەشە بۆ سەر ناوچە زانی.

لەلایەکی ترەوە ڕۆژنامەی “بیلد”ی ئاڵمان هەواڵی ڕاگواستنی هێزی چەکداری لەلایەن شیرکەتی فڕۆکەوانیی ماهان لە ئێران، عێراق و لوبنانەوە هێزی چەکدار بەرەو سووریا بڵاو کردەوە، ەو رۆژنامەیە نووسیویەتی: شیرکەتی فڕۆکەوانیی ماهان ٥٦ فڕۆکەی هەیە و سوپای پاسداران لە رێگەی ئەم شیرکەتە فڕۆکەوانییەوە لە مانگی ئووتی ٢٠١٥ی زایینی‌یەوە چەک و چۆڵ و هێزی چەکدار بەمەبەستی پشتیوانی لە دەوڵەتی ئەسەد، بەرەو سووریا بەڕێ دەکات.

هەروەها بەیانیەی کۆتایی ١٣ هەمین کۆنفرانسی ئیسلامیدا داوا لە ئێران کرابوو کۆتایی بە خۆتێهەڵقوتاندنەکانی خۆی لە کار و باری ناوخۆیی وڵاتانی دراوسێدا بهێنێت.

لە بەشێک لەوڕاگەیێندراوەدا داوا لە ئێران کراوبوو کە:

– پێویستە پەیوەندی ئێران لەگەڵ دراوسێکانی لەسەر بنەمای پەیوەندیەکی دۆستانە و خۆ تێهەڵنەقوتاندن لە کار و باری ئەو وڵاتانە بێ. ئێران دەبێ مافی دەسەڵاتداری و سەربەخۆیی دراوسێکانی و چارەسەری کێشەکان تەنیا لە ڕێگای موزاکەرەو دانووستانەوە پشتگیری بکات.
– کۆنفرانس، هێرش بردنە سەر دەستەی دیپلۆماتکاری سعوودی لە ئێران مەحکووم دەکات.
– کۆنفرانس لیدوانە گێرەشێوێنەکانی ئێران لەمەڕ بەڕێوەبردنی سزا یاساییەکان بۆ کەسانی تاوانبار بە تاوانی تیرۆریستی لە پاشایەتی سعوودیدا شەرمەزار دەکات.

– کۆنفرانس، خۆتێهەڵقوتاندنی ئێران لە کار و باری وڵاتانی ناوچە وەک بەحرەین و یەمەن، سووریە و سومالی و پشتیوانی ئەو وڵاتە لە تیرۆریزم، مەحکووم دەکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.