جێگری فەرماندەی گشتی ئەرتەش: بۆ پڕچەک کردنی خۆمان پیویستیمان بە مۆڵەتی هیچ کەسێک نیە

0
703

جێگری فەرماندەیی گشتیی ئەرتەشی ڕژیمی ئێران، وێڕای هەڕەشە کردن لە ئەمریکا و بە دزی مێژوویی ناساندنی ئەمریکا، گوتی بۆ پڕچەک کردنی خۆمان تەنیا پێویستیمان بە ئیزنی خامنەیی هەیە نەک هیچ کەسێکی تر.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئیرنا، ئەمڕۆ هەینی ٧ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، عەبدووڕەحیم مووسەوی، جێگری فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ڕژیمی ئێران لە ٢٧ـەمین کۆنگرەی سەرداران و ١١٤ کوژراوی گوونفی فردۆ لە شاری قۆم، وێڕای باس کردن لە بوونی دوژمنایەتیی هەمەلایەنەی نەیارانی ئێران لەگەڵ ئەو ڕژیمە گوتی: ” دوژمنانی ئێران جیا لە زمانی زۆرداری و هێز، لە هیچ زمانێکی تر تێناگەن.

جێگری فەرماندەی گشتیی ئەرتەش لە میانەی قسەکانیدا گوتی:”بۆ زێدەکردن و بردنە سەری هێزی سەربازی و پڕچەک کردنی خۆمان، پێویستیمان بە مۆڵەت و ئیزنی کەس نیە و تەنیا چوو و گوێمان لە فەرماندەی گشتیی هیزەکان (خامنەیی) یە.

ئەو بەرپرسە سەربازییەی ڕژیم، وەک زۆربەی بەرپرسانی ڕژیم و لەسەرەوەی هەمووانەوە، عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران، هەڕەشەی لە ئەمریکا کرد و گوتی: “ئاوی ئێران و ئەمریکا هیچ کات ناچێتە ناو جۆگەیەک و دانوویان پێکەوە ناکوڵێ، ئامریکای جەنایەتکار، پێشکەوتووترین و بەڕۆژترین دزی مێژوویە و ئەگەر بزانی لاوازین، بۆ لە ناو بردنمان، تەنیا یەک ڕۆژیش ناوێستێ”.

مووسەوی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:”هەڕەشەکانی دوژمن لەهەمبەر ئێران هەمیشەییە و لە ئارادایە، ئێمە چیتر بە بەرگری ڕووت، خۆمان نابەستینەوە، چون بناغە و بنەمای کۆماری ئیسلامی شەڕ لەگەڵ ئیستکبارە.

لایق مرادی
لایق مرادی

لایق مورادی چالاکی سیاسی لەو بارەوە بۆ ڕۆژی کورد دوا و گوتی:”ئەو قسانەی ئەو بەرپرسە باڵا سەربازییەی ڕژیم بەو واتایەیە کە لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا، یاسا هیچ دەورێکی نیە، ئەوەی کە دەگوترێ ئەو ڕژیمە توتالیتێر و دیکتاتۆرە، ڕێک لێرەدا خۆی دەنوێنێ، ڕێک ئا لێرەدایە هەڵبژاردن و دەنگدان لە کۆماری ئیسلامی، شانۆیەکی هەڵخەڵەتێنەر زیاتر نیە”.

مورادی هەروەها گوتی:”کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنە سەر کاری، بەردەوام بوودجە و پووڵی ئەو وڵاتەی لە دەمی خەڵکەکەی بڕیوە و دەرخواردی ڕێکخراو و گرووپی تیرۆریستی و وڵاتانی شیعە و هاوپەیمانانی خۆی وەکوو حیزبووڵا و حوسییەکان و حەشدی شەعبی و شیعەلانی عەرەبستان و داعش و داعشییەکانی داوە و هیچ کات پرسی بە خەڵکانی ناو ئێران نەکردووە، چون ئەوان خۆیان بە نوێنەری خودا لەسەر زەوی دەزانن و خوداش پێویستی بە ئیزن نییە”.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە هەروەها گوتی: “نزیک بە ماوەی ٥ ساڵە لە سووریە و بە پشتگیری و دەست تێوەردانی کۆماری ئیسلامی، شەڕە، تا ئێستا سەدان هیزی جیاوازی ئێرانی لە سووریە کوژراون، ئایا تا ئێستا پرسیان بە خەڵکانی ئێران کردووە کە ئەوان ئامادەن لەو شەڕەدا وڵاتەکەیان بەشداری بکات؟ بە دڵنیاییەوە نا. بۆ؟ چون وەک پێشتر گوتم، ئەوان نوێنەری خودان و خوداش پرس بە عەبد ناکا چون ئەقڵی عەبد نزم و کەمە و باش و خراپی خۆی نازانێ و خودا زانای گشتییە”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.