کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی نافەرمی، بە هۆی ڕووداوەکانی خورماتوو، هەڕەشە لە کورد دەکات

0
1014

ماڵپەڕی (رجا نیوز) کە ماڵپەڕی فەرمی ڕێکخراوی تیرۆریستیی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییە، وێڕای نیشان دانی چەند وێنە و ویدیۆیەک لە هێرشی دۆینێی حەشدی شەعبی بۆ سەر دوزخورماتوو لە کوردستانی باشوور کە تێیدا وای نیشان دەدات کە کوردەکان ماڵی شیعەکانیان ڕماندووە و هێرشیان کردۆتە سەر شیعەکانی ئەو دەڤەرە، بەیاننامەی گرووپی “خۆڕاگریی ئیسلامی نوجەبا”ی بڵاو کردۆتەوە.

سەردێڕی بابەتەکی ڕەجا نیوز (تاقمۆکەی بارزانی جەنایەتێکی ئەوتۆیان ئەنجام داوە کە ئیتر ناکرێ لە هەمبەری بێدەنگ بین/ گۆڕەپانی شەڕ یەک لاکەرەوەیی کۆتایی دەبێ)، بە شێوەیەکی نافەرمی هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان و بە گوتەی ئەوان تاقمۆکەی بارزانی کردووە.

لە ڕاگەیێندراوەکەی گرووپی “خۆڕاگریی ئیسلامی نوجەبا” کە لە رەجا نیوزدا بە فارسی وەرگێڕدراوەتەوەو داندراوە هاتووە:”تاقمۆکەی بارزانی سەبر و وشیاریان لە دەستدا نەماوە و سەرجەم چەمکەکانی برایەتی و پێکەوە ژیان و ڕێککەوتننامە و گرێبەستەکانیان لە ژێر قاچی خۆیان ناوە و دەستیان داوەتە جینایەتێک کە ئیتر ناکرێ لە هەمبەری بێدەنگ بین”.

شایانی باسە کە بە گوێرەی بەڵگە و لێدوانی شارەزایان، حەشدی شەعبی، تاقمێکی چەکداری سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن و لە لایەن هەندێ حیزبی کوردیی هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی ئێرانێشەوە پشتگیریان دەکرێ.

ئەو گرووپە چەکدارییە دۆینی هەڵیان کوتایەشاری دوز خورماتوو و لە بەرانبەردا کوردەکان بە پشێمەرگە و خۆبەخشەوە لێیان هاتنە دەنگ و خەسارێکی زۆریان لە حەشدی شەعبی داوە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە دوای شەڕەکە قاسم سلێمانی گەیشتۆتە ئەو شوێنە و لە ئاگربەستەکەدا دەستی بووە و لایەنێکی ئاگربەستەکە بووە. هەر لە دوای ئاگربەستەکەش گەنجێکی کورد شەهید  کرا.

شایانی ئاماژەیە کە ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە باشور و خۆرهەڵات ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر هەواڵێکی ماڵپەڕێکی یەکێتی نیشتمانی (PUKMEDIA) دەربڕی کە تێیدا هەواڵێک بەو سەردێڕە بلاو بۆتەوە “٢٥ چەکداری حەشدی شەعبی شەهید بوون”.

یەکێک لە دیمەنە بەرچاوەکانی دۆینیی دوزخورماتوو، پیرەپیاوێکی بەساڵاداچووی کوردە کە دەچتە سەر بینای حەشدی شەعبی و ئاڵاکەیان دێنێتە خوار، دەگوترێ ئەو دیمەنە بیزاری و ڕقی زۆری کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی لێکەوتۆتەوە.

لە هەمان کاتدا یەکێک لە خۆبەخشەکانی شەڕی دۆینیی دوزخورماتوو لە لێکدوانێکدا بۆ کاناڵی کوردستان ٢٤، باس لەوە دەکا کە تۆڵەی خوێنی شەهید دوکتور قاسملوو و مەلا ڕەبیعی و ….تاد، لە جەللادەکانی کۆماری ئیسلامی دەستێننەوە.

شەڕ لە دوزخورماتوو لە کاتێکدا هاتە ئاراوە کە تازە لە قامیشلوو و دوای شەڕ و پێکدادانی هێزەکانی پ ی د و بەشار ئەسەد، بە شێوەیەکی عەشایری و بە ئامادەبوونی دوو لایەنی حیزبووڵلا و کۆماری ئیسلامی، ئاگربەست کرا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.