بەرپرسانی ڕژیم مۆڵەتیان بە بەڕێوەچوونی کۆنسێرت لە مەرگەوەری ورمی نەدا

0
611

کۆنسێرتی هونەرمەندانی کورد لە شارەکانی ئیران و لە کوردستانیش بە بەردەوامی هەڵدەوەشێندرێنەوە و مۆڵەتیان پێ نادرێت.

هەروەک پێشتر لە هەواڵەکانی ناوەنی ڕۆژی کورددا هاتبوو، بڕیار بوو ڕۆژی هەینی، ٧ی جۆزەردان لە تالاری (گوڵستان)ی شارە دێی زێوەی ناوچەی مەرگەوەر، کات ژمێر ٣ و نیوی ئێوارە بە کاتی کوردستانی خۆرهەڵات ، هونەرمەندانی کورد بۆ پشتگیری و یارمەتی بنەماڵەی هەژاران، کۆنسێرتێکی موسیقای کوردی بەڕێوە ببەن

بڕیار بوو ئەو کۆنسێرتە بە بەشداریی هونەرمەندان (موسەییب گولشەنزادە، کاووس میلانی، کەرەم حەمیدی، مەناف شابۆئی) و هەروەها  بەشێک لە هونەرمەندانی ناوچەی مەرگەوەر، بەرێوە بچێ.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە ناوچەی مەرگەوەر، ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی و تەنیا دوو ڕۆژ بەر لە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتێک کە بڕیار بوو دووسبەی واتا ڕۆژی هەینی بەڕێوە بچێ، بەرپرسانی ڕژیم لە شاری ورمی و ناوچەی مەرگەوەر، ڕایانگەیاند کە مۆڵەت بە بەرێوەچوونی ئەو کۆنسێرتە نادرێ.

هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە مەرگەوەری شاری ورمی دەڵێ، بەرپرسانی ئەو ناوچەیە هیچ هۆکارێکی تایبەتییان بۆ ڕێگەنەدان بە بەڕێوەچوونی ئەو کۆنسێرتە نیە و تەنیا سەفەری حەسن ڕوحانی یان کردۆتە بیانوو و دەشڵێن نابێ وەک کۆنسێرت بەڕێوە بچێ و دەبێ بە چەشنێکی تر بەڕێوەی ببەن.

پێدەچی بەرپرسانی ڕژیم کە بە بەردەوامی نکوڵی لە بوونی کورد لە ورمێ دەکەن و کورد بە کۆچەر و پەنابەر دەناسێنن، بەڕێوەچوونی ئەو کۆنسێرتانە بە هەڕەشە لەسەر بوونی خۆیان و بەرزتر بوونەوەی شوناسی کورد بزانن.

شایانی ئاماژەیە کە بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لەو ناوچەیە لە کوردستانی خۆرهەڵات، خەڵکی ناوچە و تەنانەت کوردانی شارەکانی دەورووبەریش، پێشوازییەکی گەرمیان لەو کۆنسێرتە و کڕینی بڵیتەکەی کردووە.

شایانی ئاماژەیە کە ماوەیەک بەر لە ئێستا کۆنسێرتی کەیهان کەلهوور و شەهرام نازریش هەڵوەشێندراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.