هەڵواسینی وێنەی خامنەیی و ئەردۆغان لە میسر، هەرای لێکەوتەوە

0
969

بڵاوکردنەوەی چەند وێنەی خامنەیی و ئەردۆغان لە چەند بیلبۆردێکدا لە لایەن کاناڵی تەفزیۆنیی “ئەلغەدولعەڕەبی” و بە مەبەستی ڕێکلامی فلمێکی بەڵگەیی، هەرایان لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا وێنەکان هێندرانە خوارەوە.

ڕۆژی کورد: لەو وێنەیەدا کە لە شەقامی ئەلمیحوەر هەڵواسرابوون، خامنەیی لە شوێنێک دانیشتووە کە بورجەکانی وڵاتانی عەڕەبی لە پشت سەریەتی و خەریکە وێنەیەکی کەسی بە موبایل لە خۆی و ئەو بورجانە دەگرێ، ئەردۆغانیش لە حاڵێکدا کە خەڵکی تورکیە هەموویان لە پشت میلەکانی بەنیدخانەن، لە سەر تەختێک لە ناو کۆشکێکی خۆش دا دانیشتووە.

بەرپرسێکی کاناڵی ئەلغەدولعەڕەبی لەمبارەوە لە لێدانێدا بە ئەلعەڕەبیەی گوتووە: “دانانی وێنەی خامنەیی لە حاڵێکدا کە وێنەی پێتەختی وڵاتانی کەنداوی عەڕەبی لە پشت سەریەتی و هەروەها وێنەی ئەردۆغان کە لەسەر تەختێک پاڵ کەوتووە و لە هەمان کاتدا وێنەی خەڵکی تورکیەش لە پشت میلەکانی بەندیخانەوە نیشان دەدرێ، واتاکەی ڕوون و ئاشکرایە. دوو وێنەی تریش هەن کە هی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ڕووسیەیە کە وێنەی خەڵکی سووریەیان لە پشت سەریەوە دەبیندرێ کە خەریکن لە ناو ئاگردا دەسووتێن کە ئەوەش کێشەی نێوان ڕووسیە و ئەمریکا لە سووریە نیشان دەدات، ئێمە گەرەکمان بوو لە ڕێگای ئەو وێنانەوە ئەو پەیامانە بە خەڵک بگەیێنین”.

بەرپرسێکی زانکۆی ئەلئەزهەر وێڕای سەرکۆنەی ئەو کارەی ئەو کاناڵە تەلەفزیۆنییە گوتوویەتی: “دانانی ئەو بیلبۆردە بە هەر مەبەستێک بووبێت، کارێکی قێزەونە و تووڕەیی و ئاڵۆزی لێکەوتۆتەوە”.

عەبدووللەتیف ئەلمەناوی، بەڕێوەبەری کاناڵی “ئەلغەدولعەڕەبی”ـیش گوتوویەتی: “ئێمە ویستوومانە لەو ڕێگایەوە حەزی ڕژیم بۆ بڵاوکردنەوەی دەسەڵات و بەرینخوازییەکانی لە ناوچەدا نیشان بدەین”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت