فەریبا محەمەدی: باشترین رێگا بایكۆت كردنی هەڵبژاردنەكانی كۆماری ئیسلامییە

0
719

تایبەت بە رۆژی کورد

بڕیار وایە لە حەوتی ڕەشەممەی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان لە ئێران بەڕێوە بچێ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەندنەکاندا هەموو هەوڵێک دەدەن خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشن و سیمایەکی دیموکراتیک بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ببەخشن، بەشی زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن. رۆژی کورد بە پێویستی زانینی لە تەوەرێک دا پرسی بەشداریکردن و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ نووسەر و رووناکبیران و هونەرمەندانی خۆرهەڵات بخاتە بەر باس.

لە بەشی  دەیەمی ئەو تەوەرە دا فەریبا محەمەدی، چالاکی سیاسی  بەم شێوەیە ڕای خۆی دەردەبڕێ:

“دیموكراسی وەك بناغەی سەرەكی لە هەر وڵاتێك بەستێن فەراهەم دەكات بۆ بەشداری هەموو چین و توێژەكان و نەتەوەو ئایینە جیاوازەكان بۆ بەشداری لە بوارە جۆراجۆرەكان و لەوانەش پرۆسەی سیاسی كە لە ئێران وەها شتێك بوونی نییە. لە هەمانكاتیش بە پێی هەموو پێوەرە جیهانییەكان، هەڵبژاردن لە ئێران دیمۆكراتیك بەرێوە ناچێت و هەموو چین و توێژەكان بە شێوەی یەكسان ناتوانن خۆیان بپالێون بۆ پەرلەمان یان پۆستەكانی دیكە.

دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی زیاتر هەڵبژاردن وەك ئامرازێك بۆ رەوایی دان بە خۆیان و دەسەڵاتەكەیان بە كار هێناوەو تەنیا ئەو كەسانە توانیویانە بچنە ناو بازنەی دەسەڵاتەوە كە باوەریان بە ویلایەتی فەقی و یان بە قەوڵی خۆیان “خودی” بوون. بۆ نمونە كورد و یا سوننە ناتوانێ ببێتە سەرۆك كۆمار یا بچێتە ناو شورای خوبرەگان كە چاوەدێری بە سەر هەموو هەڵبژاردنەكان دەكات.

ئەگەر لە چەند خولی رابردوو ئیسلاحخوازانی ناو دەسەڵات بە دروشمی ئیسلاحات هاتنە مەیدان و توانیان سەرنجی خەڵكانێك بۆ لای خۆیان رابكێشن، لەم دەورەیە بینیمان كە ئەوانیش كەوتنە بەر تیغی سانسۆر و تەنانەت نەوەی خۆمەینیش كەوتە بەر تیغەكە و بێبەش كرا لە خۆ پاڵاوتن. كاتێك خودی خامنەیی دەڵێ هەموو كەس دەتوانی دەنگ بدات بەڵام هەر كەسێك ناتوانی خۆی بپاڵێوێت، ئاوی پاك بە دەست هەموو ئەو كەسانە دەرژێنێت كە تەوەهمیان بە كۆماری ئیسلامی هەیە.

بە هەموو ئەم فاكت و هۆكارانە، بەشداری كردنی خەڵكی كوردستان هیچ لە مەسەلەكە ناگۆرێت و وەك هەمیشە روانین و بۆچوونی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی لە سەر خەڵكی كورد وەك رابردوویە و گۆرانی بە سەردا نەهاتووە. هێشتا لە كوردستان ئیعدامی سیاسی بە بیانووی جۆراوجۆر هەیە و كورد هاوڵاتی پلە دوویە و مافە سەرەتایەكانی پێشێل دەكرێـت. لە پرۆسەیەكی وا نادیموكراتیك كە خودییەكانیش دەكەونە بەر تیغی سانسۆر، ئاخۆ گەلی كورد چ دەسكەوتی هەبێت لەم پرۆسەیە.  هەر بۆیە باشترین رێگا بایكۆت كردن و بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنەكانی كۆماری ئیسلامییە.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.