مامۆستا هێدی کۆچی دوایی کرد

0
2937

رۆژی کورد:  بەرەبەیانی ئەمرۆ پێنج شەممە 6ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی، لە شاری هەولێری پێتەختی باشووری کوردستان، شاعیری ناسراوی گەلی کورد، خالید حیسامی ناسراو بە مامۆستا هێدی کۆچی دوایی کرد.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مامۆستا هێدی بە رۆژی کورد ی ڕاگەیاند: مامۆستا هێدی لە تەمەنی 89 ساڵیدا ئەمرۆ لە شاری هەولێر ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مامۆستا هێدی لەساڵی 1306ی هەتاوی (1927)زایینی لەگوندی شێخاڵی ناوچەی موکریانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، سەردەمی منداڵی و مێرمنداڵی لەو گوندە ژیاوە و لە ژێرچاودێری باوکی خوێندوویەتی. دوای تێپەڕکردنی دەورەی خوێندن و گەیشتن بەسەردەمی لاوێتی کەهاوکات بووەدەگەڵ چالاکیی کۆمەڵەی (ژ. ک) و پاشان دامەزرانی کۆماری کوردستان (1946)، دەبێتە پێشمەرگە و لە هەمان کاتدا دەست بە نووسینی کۆمەڵێک شیعری نیشتمانی دەکات و لە گۆڤارەکانی ئەو سەردەمدا بڵاو دەبێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە وەک پێشمەرگەیەکی چالاک لە ڕووداوەکاندا بەشداریی کردووە، وەک شاعیرێکی لاویش بە نازناوی (شێواو) لە زۆربەی رۆژنامەو گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەدا شێعری بڵاو کراوەتەوە. مامۆستا هێدی وەک خۆی دەڵێ، کاتێک کە شاعیرێکی سنەیی شیعڕێک بۆ پێشەوا دەنێرێت و وێڕای پیرۆزبایی کۆمار و سەرکەوتنی کورد داوای لێدەکا بەرەو ناوچەی ئەردەڵانیش بڕۆن و ئەوانیش لە بەش مەینەتی وبندەستی ئازاد بکەن، پێشەوا بە مامۆستا هێدی دەڵێ وڵامی بداتەوە و ئەویش وڵامێکی بەپێزی ۆ نووسیوە کە لە ڕٶژنامەی کوردستانیش بڵاو بۆتەوە.

خالید حیسامی (مامۆستا هێدی)، دواتر ڕوو دەکاتە کوردستانی باشوور و تێکەڵ بە شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان بووە و کەسێکی نزیک و خۆشەویستی مەلا مستەفای بارزانی بووە و شانەبەشانی نووسەرانی دیکەی وەک هەژار بەوپەڕی دلسۆزییەوە خزمەتی شۆڕش و زمان و ئەدەبی کوردییان کردووە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆرشی ئەیلول لە باشووری کوردستان دەبێتە یەکێک لە کەسە نزیکەکانی مەلا مستەفا بارزانی و لە دوای ڕاپەڕینی باشووری کوردستان لە شاری هەولێر نیشتەجێ دەبێت و تا کۆتایی تەمەنی لەو شارە ژیان بەسەر دەبات.

یەکێک لە ئاواتە بەرزەکانی مامۆستا هێدی، بینینەوەی جارێکی تری کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو و هەمیشە چاوەڕوان بوو هەیئەتێکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ خۆیدا بیبەنەوە بۆ خۆرهەڵات و لەمێژ بوو دڵی بە بەڵینییەکی نێچیروان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم خۆش بوو کە خۆی گوتەنی هەر جارە و بە هەنجەتێک پووچەڵ دەبۆوە و ئەویش دڵی بە بەڵێنیی جارێکی تر خۆش دەکردەوە.

شاعیری ناسک خەیاڵ و خولیای ئازادی و کوردستان، مامۆستا هێدی، پاش نزیكه‌ی ٩٠ ساڵ خزمه‌ت به‌ ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی كوردی ئه‌مڕۆ دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌ لێدان كه‌وت .

له‌ ئه‌و لاله‌ كه‌ ده‌یبنی‌ وه‌كوو روومه‌تت ئاڵه‌
هه‌ر خونچه‌یه‌كی‌ خوێنی‌ شه‌هیدێكه‌ رژاوه‌
جوانیت به‌سه‌ به‌رمووره‌كه‌ی‌ ئه‌ستۆت بپسێنه‌
من كوردم ئه‌زانم كه‌ له‌به‌ندێ‌ چ كراوه‌.
تا گواره‌ له‌ گوێت دێته‌ له‌رین دێته‌وه‌ بیرم
هه‌ر لاوێ‌ كه‌ له‌م خاكه‌ له‌ سێداره‌ دراوه‌.

ئه‌و وڵاته‌ ئه‌و كوڕه‌ی‌ ناوێ‌ به‌سه‌ر به‌رزی‌ نه‌ژی‌
باوشی دوژمن نه‌بێ‌ نایبێ‌ ئه‌وی‌ كوردی‌ نه‌وێ‌

66469
مامۆستا هێمن، حاجی حاجی برایم و مامۆستا هێدی
hemen-u-hedi
مامۆستا هێدی و مامۆستا هێمن

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت