دژکردەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەمەڕ دەستبەسەر کردنی پارلمانتارانی کورد لە باکوور و بێ‌هەڵوێستی لەمەڕ دەستبەسەركراوانی کورد لە ڕۆژهەڵات

0
2476

ژمارەیەک لە حیزب و رێکخراوەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لە بەیاننامەی فەرمیدا هەڵسووکەوتی دەوڵەتی تورکیه‌ و دەستبەسەر کردنی هاوسەرۆکەکانی HDP  و پارلمانتارانی کوردیان لەلایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە مەحکووم کرد.

شەوی هەینی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسداغ هاوڕێ لەگەڵ ٨ پارلمانتاری دیکەی کوردی سەربە HDP لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کران و ئەمڕۆ هەینی ژمارەیەک لە لایەنگرانی HDP لە شارەکانی تورکیا ناڕەزایەتییان بە دەستبەسەر کردنی پارلمانتارانی کورد دەربڕی.

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە راگەیەنداروێكدا نووسیویەتی: “ئەو ڕەش بگیریە لەدوای لابردنی مافی پاریزراویی لەسەر ئەندام پەرلەمانەكانی حكوومەتی تركیاوە دێ كە دەستی دەزگا ئەمنیەكانی بو گرتن و زیندانی كردنی ئەندام پەرلەمانەكان كردەوە”.

هەروەها کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وێڕای مەحکووم کردنی ئەو کردەوەیەی دەوڵەتی توركیه‌، رایگەیاندووە: “ئەم کردەوە دژە دێمۆکراتیکە، لە درێژەی بە سەربازی و پۆلیسی کردنی دۆخی سیاسیی تورکیایە، کە چەندین مانگە پەیڕەو دەکرێت”.

هاوکات لە بەیاننامەی رێکخراوی یاریکوردا هاتووە: “دەوڵەتی ئەردۆغان چەندین ساڵه بۆ سەرکوت و کوشتاری خەلكی کورد پلانی دارشتووەو ئەم مەبەستە نگریسە لە ئۆکتۆبری ٢١٠٤دا رەنگی کردەیی بە خۆیەوە گرت و ئەم کوشتارە لە ناوچەکانی باکووری کوردستان درێژەی هەیە”.

یەکیەتی دێمۆکراتی کوردستان لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاندووە: ” بەداخەوەین بۆ دەستگیر بوونی تێکۆشەران و مافویستانی گەلەکەمان لە باکووری کوردستان لە ژێر چەتری هەر جۆرە بیر و بۆچوون و ئایدیایەک و دەستگیر کردنی بەڕێزان سەلاحەدین دەمیرتاش و ڤیگەن یۆکسەکداغ و باقی پەرلەمانتاران و کادر و ئەندامان و سەرۆک شارەوانیەکانی کورد لە باکووری کوردستان بە توندی ئیدانە دەکەین”.

پارتی سەربەستیی کوردستان لە راگەیاندراوەکەیدا نووسیویەتی: “وێرای دەربرینی پشتیوانی تەواو لە رۆڵەی قارەمانی باکورمان کاک سەلاحەدین دەمیرتاش و هەڤاڵانی، داوا لە گشت پارتەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان دەکەین کە هەڵوێستی نەتەوەیی بنوێنن و خاوەندارییەتی گشتی لە گەلی کورد و سیاسەتمەدارنی ئاشتی لە باکووری پیرۆز بکەن”.

هاوکات ناوەندی رۆژی کورد وێڕای مه‌حكووم كردنی ده‌ستبه‌سه‌ركرانی پارلمانتارانی كورد له‌ لایه‌ن ڕژیمی فاشیستی توركیه‌ ، دەستبەسەر کردنی چالاکانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان وەکوو پێشێلکاریی ئاشکرای مافی مرۆڤ و بەها ئینسانی و دێمۆکراتیکەکان لە قەڵه‌م ئەدات و داوا لە هەموو حیزبە کوردییەکان دەکات لەمەڕ دەستبەسەر کردنی چالاکانی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان‌دا بێ لایەن نەبن.

لەگەڵ ئەویکە لە ماوەی ٣ مانگی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ چالاکی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات لەلاینە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کراون، هەنووکە نزیک بە ١٠٠٠ زیندانیی سیاسی لە ئێراندا هەن، کە نزیک بە نیوەیان چالاکانی کورد پێکی دێنن، بەڵام هەتا ئێستا حیزبەکانی رۆژهەڵات هیچ دژکردەوەی له‌م چه‌شنه‌یان نەنواندووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت