راپۆرتێک لەسەر وڵامدانەوەی حدکا بۆ وتەکانی خالید عەزیزی، سکرتێری حدک

0
826

ڕۆژی کورد: ڕاگەیاندنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ژومارە ٦٧٤ی ڕۆژنامەی کوردستان زمانحاڵی ئەو حیزبە، و لەژێر سەردێڕی “ڕوونکردنەوەیەک لەسەر قسەکانی ئەم دواییانەی بەڕێز خالید عەزیزی”دا، وڵامی چەند دیمانەی سکرتێری “حدک”ی داوەتەوە.

لەو “روونکردنەوە”یەدا کە حیزبی دیمۆکرات بڵاوی کردۆتەوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کردووە، کە میدیا فارسی زمانەکان سەبارەت بە پەیامی نەورۆزیی مستەفا هیجری نیگەرانیی خۆیان بۆ دابەشبوونی خاکی ئێران دەربڕیوە و ئەو هەڵوێستەشیان لەلا چاوەڕوان کراو بووە.

مستەفا هیجری سکرتێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامی نەورۆزیی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا لە نزیک ناوچە سنوورییەکان، باسی لە ناردنەوەی هێزی پێشمەرگەی حیزبەکەی بۆ پەیوەندی گرتن و کاری سیاسی لەگەڵ خەلكی کوردستاندا کرد.

سکرتێری حدکا رایگەیاندبوو، لە ئەگەری ئەودا کە هێزەکانیان لەلایەن رژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە هێرشیان بکرێتەوە سەر، وەکوو مافێکی ڕەوا وڵامی هێزەکانی ڕژیم ئەدەنەوە.

ڕاگەیاندنی حدکا لەو وڵامدانەوەیەدا بە وتەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان، نووسیویەتی کە “هیوادارین وتەکانی کاک خالید عەزیزی بیروبۆچوونی حیزبەکەی نەبێت” چونکە ئەگەر بەرپرسیارەتیی سیاسیی لە ئەستۆ نەبوایە، جێگەی نیگەرانی نەدەبوو”.

ڕوونکردنەوەی حدکا بۆ وڵامدانەوە بە وتەکانی خالید عەزیزی سکرتێری “حدک”ـە لە ڕێکەوتی ٢٥ی مارسی ٢٠١٦ی زایینیدا کە لە ناوەندی هەواڵدەریی ڕۆژی کورد بڵاو بۆوە،  ڕایگەیاندبوو: “هێزی پێشمەرگەی هەموو حیزبە کوردییەکان ناتوانن گوندێک ڕزگار بکەن”.

سکرتێری گشتیی حدک لە ڕێکەوتی ٢٨ی مارسدا لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی کوردستان٢٤ لە پەیوەندی لەگەڵ وتەکانی چنەد ڕۆژ پێشتریدا لە سمیناری پاریس، ئەوەشی خستە ڕوو “ئەگەر هەموو هێزە کوردییەکان بتوانن گوندێکیش ڕزگار بکەن، ناتوانن بەڕێوەی ببەن”.

وتەکانی سکرتێری گشتیی حدک، ناڕەزایەتیی ئەندامانی ڕێبەریی حیزبەکەی خۆیشی لێکەوتەوەو لەو پەیوەندییەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وتەکانی سکرتێری “حدک”یان “بەبێ ئیرادە”یی و “ئەستاندنەوەی ئیرادەی شۆڕشگێڕی لە خەڵک” و هەروەها بەپێچەوانەی رێبازی حیزبەکەیان وەسفیان کرد.

هاوکات حدکاش وتەکانی سکرتێری “حدک”ی لە پەیامی نەورۆزی و هەروەها سمینار و دیمانە تەلەفزیۆنییەکاندا بە پێکناکۆک و چاندنی تۆوی بێ هیوایی و بێ توانا کردنی خەڵک و لەلایەکی دیکەشەوە وەرە بەخشین بە کۆماری ئیسلامی وەسف کردووە و ڕایگەیاندووە: “ئەو بۆچوونانەی کاک خالید لەگەڵ ڕۆحی سیاسیی حیزبەکەی خۆشی ناتەبایە”.

هەرچەند سکرتێری گشتیی حدک لە دیمانەی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کوردستان ٢٤، ڕایگەیاندبوو کە مەبەستی لە وتەکانی خۆی لە سمیناری پاریسدا، سکرتێری حدکا نەبووە، بەڵام راگەیاندنی حدکا نووسیویەتی “کێیە گوێی لە پەیامە نەورۆزییەکەی سکرتێری حدکا نەبووبێ و قسەکانی کاک خالید بە وڵامی ئەو پەیامە نەزانێ”.

لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە ڕێفۆرمخوازانی کورد لە ناوخۆ نیگەرانییان بە پەیامی نەورۆزیی حدکا دەربڕیوەو بە شێکیان بە توندی پەرچە کرداریان نواندووە و تەنانەت بە “وەڕێ خستنی گۆمی خوێن” وەسفیان کردووە.

حدکا لەو ڕوونکردنەوەیەدا کە لە ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو بۆتەوە ڕایگەیاندووە کە پێشمـەرگەکانی حدکا و حدک لە ساڵانی ڕابردودا بە شێوەیکی بەرین و نهێنی چوونەتوە ناوخۆ و هاووڵاتییانی کورد بە تەواوەتی ئامادەیی پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگەی هەیە.

مستەفا هیجری لە دوایین لێدوانیدا بۆ ماڵپەڕی باسنیوز، ڕایەگەیاندووە، کە ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوخۆ بە مەبەستی هێرشی چەکداری بۆ سەر دامودەزگاکانی حکوموەتی ئیسلامیی ئێران نییە، بەڵکوو لەوباوەڕەدان بوونی هێزی پێشمەرگە خەباتی شار و بزاوتی مەدەنی لە شارەکاندا بەهێزتر دەکات”.

سەرەتای مانگی مارسی ئەمساڵ رژنامەی Deutsche wirtschaftsnanachrichten (دۆیچ ویرتشافتس‌ناخ ریشتن) زمانحاڵی حیزبی چەپەکانی ئاڵمان کە دژی ناردنی چەک بۆ هەرێمی کوردستان بوون، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کە ئەو چەکە ئاڵمانیانەی بۆ هەرێمی کوردستان نێردراون گەیشتوونەتە دەستی حدکا و ئەو حیزبەش شەری کۆماری ئیسلامیی پێدەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوەی پاراستنی یەکیەتیی ئەوروپادا هاتووە  کە وڵاتی ئاڵمان ١٦ هەزار جۆر موسەلسەلی جی‌جی‌٣ و هەزران جۆری دیکەی چەک و تەقەمەنیی و دژە تانکی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە کردووە.

هەتا ئێستا هیچکام لە لایەنەکان (حدکا، ئاڵمان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئێران) هیچ پەرچە کردارێکیان لەو بارەیەوە نەبووە، بەلام بەشێک لە چالاکان لەو باوەڕەدان کە حیزبی دیمۆکرات بە پشت بەستن بە چەکی ئاڵمانی لە هەوڵی دەستپێردنەوەی خەباتی چەکداریدایە.

مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حدکا کۆتایی مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٤ی هەتاوی لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو: “ئێمە ماوەیەکی زۆرە لەبەر هەرێمی کوردستان خەباتی چەکداریمان بە دژی کۆماری ئیسلامی ڕاگرتووە، بەڵام ئەم ڕەوتە بۆ هەمیشە بەردەوام نابێت”.

هیجری لە دوایین دیانەیدا لەگەڵ “باسنیوز” ڕایگەیاند: ئێمە بڕیاری خەباتی چەکداریمان دژی کۆماری ئیسلای نەداوە و لەبەر هەرێمی کوردستان ئەوە ناکەین”. سکرتێری حدکا گوتووشیەتی ئێمە خەباتی چەکداریمان ڕەت نەکردۆتەوەو ئەمساڵ پێشمەرگە دەنێرینەوە بۆ ناوخۆی کوردستان.

بە وتەی بەرپرسانی حدکا هەنووکە هێزیان لە ناوخۆی کوردستان هەیە، بەڵام هەتا ئیستا تووشی هیچ چەشنە ڕووبەڕوو بوونەوەیک نەهاتوون.

بەشێک لە چاوەدێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوخۆی کوردستان بۆ هەر مەبەستێک بێت، بە سەرنجدان بە دیکتاتۆرییەتی کۆکاری ئیسلامی، لە باشترین حاڵەتدا شەڕێکی چەکدارانەی بەرین و خوێناویی نێوان هێزی پێسمەرگە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا لێدەکەوێتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.