هاووڵاتیەکی خەلکی مهاباد لە ناو ڕیزەکانی داعش کوژرا

0
681

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی “ماف نیوز”، ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی هاووڵاتیەکی شاری مهاباد کە لە ناو ڕیزەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دا بوو، کوژراوە.

ئارام ئاوارە ناسراو بە “ئەبوو ئاوارە مهابادی”، خەڵکی شاری مهاباد و ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە شەڕی مینبەج و لە لایەن هێزەکانی “ی.پ.گ” کوژراوە و ئەمڕۆ مەیتەکەی لە دەستی گریلاکانی “ی.پ.گ”دا بووە.

پێدەچێ ئارام ئاوارە لەو شەڕەدا هێرشی خۆکوژییانەی کردبێ چون لە ناو “خۆکوژەکاندا” بووە.

ئەمڕۆ هیزەکانی “ی.پ.گ” ڕایانگەیاند، تەنیا یەک کیلۆمیتریان تا ناو شاری مینبەج مەودا هەیە.

هەروەهاماوەی حەوتوویەک پێشتریش  کوردێکی کوردستانی خۆرهەڵات و خەڵکی شاری شنۆبەناوی نەجمەددین تەهازادە خەڵکی گەڕەکی مام تەمرـی شاری شنۆ لە ناو ڕیزەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە شاری مینبەج کوژرا کە ماوەی ٣ مانگ بوو پەیوەست بە ڕیزەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە ببوو.

عیرفان ڕەهنموون، چالاکی سیاسی و پسپۆڕی بواری ئیسلامی سیاسی لە لێدوانێک لە گەڵ ڕۆژی کورد، پێشتر لەمەڕ ڕێخۆشکەریی ئێران بۆ چوونی لاوەکانی کوردستان بۆ ناو ڕێکخراوە سەلەفی جیهادییەکان ڕای وایە کە: “کۆماری ئیسلامی زۆر ئاگایانە بوار بۆ چالاکیی سەلەفییەتی جیهادی (قاعدە و داعش) خۆش دەکات. ئەم سیاسەتە تەنیا لە بەرامبەر بزاڤی نیشتیمانیی کورددا نیە -هەرچەند ئامانجی سەرەکییەتی- بەڵکو بەهۆی شانە بە ناو نهێنییەکانی قاعدەو داعشەوە، دژایەتیی ئیسلامی میانەڕەو (مەکتەبی قورئان و ئیخوان) و پێڕەوانی تەریقەتەکانی نەقشبەندی و قادری دەکات. واتە ڕژیمی ئێران، بە ئەنقەست بواری گەشەسەندنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی قاعدە وداعش دەڕەخسینێ و ئاگایەنە ژەهری توندڕەوی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان دا دەچێنێ. بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە لە ڕۆژهەلاتەوە دەگەن ، مەلاکانی سەر بە قاعدە و داعش، پێوەندییەکی چڕوپڕیان لەتەک دەزگا سیخوڕییەکانی ئێراندا هەیە و بەرپرسانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئامریکا و ئەوروپا، زۆر زانیارییان لەسەر هاوکاریی سوپای پاسداران و ئتلاعاتی ئێران لەگەڵ قاعدە لە ئەفغانستان بڵاوکردۆتەوە و تەنانەت هەندێ لە ژن و منداڵکانی ”بنلادن” بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئێران ژیاون.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت