هاووڵاتیەکی کورد ماوەی ١٠ ڕۆژە بێ سەروشوێنە

0
681

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، هاووڵاتییەکی کوردی باژێڕی مهاباد، ماوەی زیاتر لە ١٠ ڕۆژە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم دەستبەسەر بووەو تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.

“فایق جیهانی”، کوڕی مام عەلی، تەمەن ٣٦ ساڵان و خەڵکی باژێڕی مهاباد، پێش نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی بۆ جاری دووهەم لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مهابادەوە دەستبەسەر بووە و تا ئێستاش کە ١٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەربوونەکەیدا تێپەڕ دەبێ، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نیە.

ئەو هاووڵاتیە کوردی باژێری مهاباد، جاری یەکەم، ڕۆژی هەینی ١ی گەلاوێژ لە لایەن مەئمورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەر کرابوو بەڵام دوای نزیک بە دوو کاتژمێر ئازاد کرابوو.

تا ئێستا بنکە ئەمنیەتییەکان هیچ وڵامێکیان لەمەڕ شوێنی ڕاگیرین، و دۆخی ناوبرا بە بنەماڵەکەی نەداوە و تەنیا پێیان ڕاگەیاندنوون کە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم دەستبەسەر کراوە.

فایق جیهانی کە خاوەن پەراوگەیە، خێزاندارە و دوو منداڵی وردیشی هەیە.

هەروەها هاوکات، ڕۆژی دووشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مهاباد، دوای لێدان و کوتانێکی زۆر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی سیامەک دێهبۆکری، کوڕی تەها ـیان لە ماڵی ئامۆزاکەی دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

دەگوترێ سیامەک ماوەیەکی کورت بوو لە کوردستانی باشوور گەڕابۆوە.

مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات لە کاتی دەستبەسەرکردنی ناوبراودا هیچ مۆڵەتێکی یاسایی و دادوەرییان پێنەبووە.

یەکێک لە خزمەکانی سیامەک بە ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاندووە: “سیامەک ڕێک ٢٤ کاتژمێر لە دوای گەڕانەوەی لە کوردستانی باشوور دەستبەسەر کراوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە هیچ پێشنەیەکی ئەمنیەتی نەبووە و لە شاری سلێمانی خەریکی کرێکاری بووە و تا ئێستاش پەیوەندی بە هیچ کام لە حیزبەکانەوە نەبووە و چالاکیی سیاسی نەکردووە”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت