گوڵاڵە شەرەفکەندی دەستی لەکار کێشایەوە/حدکا کۆنگرەی دوا خست

0
4748

رۆژی کورد: هاوکات لەگەڵ ئەوەی مستەفا مەولوودی لە پلۆنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حدک‌دا وەکوو سکرتێری گشتی دیاریکرا، گوڵاڵە شەرەفکەندی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حیزبە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.

گوڵاڵە شەرەفکەندی لە فەیسبووک لە پۆستێکی کورتدا رایگەیاندووە ” وازی هێناوە”، بەڵام روونی نەکردۆتەوە کە وازی لە رێبەرایەتیی یان ئەندامەتی خۆی لەو حیزبەدا هێناوە.

بە گویرەی زانیارییەکانی رۆژی کورد، دەسلەکارکێشانەوەی گوڵاڵە شەرەفکەندی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دیاریکردنی مستەفا مەولوودی بۆ پۆستی سکرتیری بووە.

گوڵالە شەرەفکەندی ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی کومیتەی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵات و جێگری بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حدک، لە دوای کۆنگرەی ١٦هەمی ئەو حیزبەوە، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ڕۆژی کورد دژایەتیی خۆی ڕاگەیاندبوو و گوتبووی: “کە تەنیا سێ کەس دژی لابردنی بەندی دوو دەورە سکرتێری بوون و ئەو بەندە بە زۆرینەی دەنگ لە پەیرەوی نیوخۆیی حدک لابرا و بۆ بەشدارانی کۆنگرە تەنیا مەسەلەی گرنگ پرسی سکرتێر بوو، ئەویش تەنیا باسی بەرێز خالید عەزیزی بوو، بۆیە هیچ کام لە باسەکانی دیکەی کۆنگرە گرنگی ئەوتۆیان پێ نەدرا.”

باس و خواستی دەست لەکارکشانەوە و وازهێنانی خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی هەر لە سەرەتای کۆتایی هاتنی کۆنگرەی شازدەهەمی حدک ـەوە کەوتبۆ بەر باس و مژار.

پێشتریش کاوە ئاهەنگەری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حدک لە نامەیەکدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە رێبەریی حدک راگەیاندبوو.

دەگوترێ ژمارەیەکی دیکە لە ئەندمانی رێبەرایەتیی حدک ناڕەزایەتییان بە هەڵبژرادنی سکرتێری نوێی ئەو حیزبە دەربڕیوە.

هاوکات بەپێی زانیارییەکانی رۆژی کورد، حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کۆنگرەی داهاتووی خۆی (کۆنگرەی١٦) بۆ ماوەیەکی نادیار دوا خستووە.

هەتا ئێستا روون نییە کە دواخستنی کۆنگرەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیران هەتا چ رادەیەک پەیوەندیی بە رووداوەکانی ناو حدکەوە هەبێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت