رۆژی کورد: نۆهەمین فێستیڤاڵی جیهانیی مووزیک و فۆلکلۆر له شاری ” سنپترزبۆرگ” ی روسیە بەرێوە چوو و گروپێکی هەڵپەرکێی رۆژهەڵاتی کوردستان توانیان سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکەن و خەڵاتی باشترین موزیکی فیستیڤاڵەکەش درا بە مامۆستا عوسمانە سوور و کهیوانی کوری بۆ ” نایە” و “تەپل”.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بە رۆژی کورد گەیشتووە؛ له رێکهوتی 11 تاکوو 15 ی نۆڤامبەر ئەمساڵ له وڵاتی روسیه له هۆتێلی گەوەری” سنپترزبورگ “بە بەشداری 70 گروپ کە لە وڵاتانی جۆراوجۆری دونیا را هاتبوون فێستیڤاڵی جیهانیی مووزیک و فۆلکلۆر بەرێوە چوو . ئەو 70 گروپه بە 5 دەستەی وەک موزیک ،شانۆ، سەما و هەڵپەركێ دابەش کرابوون . لەو 70 گروپە 13 گروپیان گهیشتنە قۆناغی کۆتایی فستیڤاڵەکە و 6 گروپ خەڵاتی دیپلۆمی زێڕین پێبەخشرا.
گروپی هەڵپەرکێی نێشتمان کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری لەو فستیڤاڵەدا کردبوو، توانی لە بەشی خۆی واتە موزیک و هەڵپەرکێ دا خەڵاتی دپیڵۆمی زێرین وهربگرێ . خەڵاتی باشترین موزیکی فیستیڤاڵەکەش درا بە مامۆستا عوسمانە سوور و کهیوانی کوری بۆ ” نایە” و ” تەپل”.
هەر وەها خەڵاتی پاراستنی فەرهەنگ و کولتوری وڵاتان درا بە دوو گروپ کە گروپێک لە وڵاتی چین و گروپی هەڵپەرکێی نیشتمانی رۆژهەڵاتی کوردستان توانیان ئەو خەڵاتە بەدەست بێنن.
هەر وەها گروپی هەڵپەرکێی شاری بانهی رۆژههڵاتی کوردستان بە ڕەسمی بانگهێشتکرا بۆ چوارمین فێستیڤاڵی جیهانیی مووزیک و فۆلکلۆر لە ئەرمەنستان کە بڕیار وایە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە شاری ئیرەوان بەڕێوە بچێت.
لە 70 گروپی بەشداربوو لە فستیڤاڵی جیهانیی وڵاتان لە رووسیا تەنیا 10 گروپ بۆ فستیڤاڵی جیهانیی ئەرمەنستان بانگهێشت کراون.
شایەنی ئاماژە پێکردنە کە گروپی هەڵپەرکێی شاری بانە و موزیکی مامۆستا عوسمانە سوور لەو ساڵدا ئەوە دووههمین جارە دەبنە یەکەمی فیستیڤاڵە جیهانییەکان.
پێشتر گرووپی هەڵپەڕکێی “نیشتمان”ـی شاری بانە لە فێستیڤاڵی جیهانیی مووزیک لە وڵاتی کرۆواسی پڵەی یەکەمی ئەو فێستیڤاڵەی بۆخۆی مسۆگەر کردبوو.