باسێک لەسەر دۆخی هونەرمەندانی خۆرهەڵاتیی نیشتەجێی باشوور/گوتوبێژی گەورەژووری ڕاوێژ لەگەڵ خاڵۆ کوردین

0
1143

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی تلێگرام کە شەوەکانی 4 و 5ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی لە سەر مژاری “باسێک لەسەر دۆخی هونەرمەندانی خۆرهەڵاتیی نیشتەجێی باشوور” لەگەڵ بەڕێز خاڵۆ کوردین، شانۆکار و نووسەری کورد و بە پێشکەشکاریی بەڕێز “ڕاسان”، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی گەورەژووری ڕاوێژ ، ئەنجام دراوە.

بەڕێز خاڵۆ کوردین تکایه سەرەتا  خۆتان بۆ  هاوڕێیان و ئەندامانی گەورە ژوری ڕاوێژ بناسێنن تا پاشان یەکەم پرسیارتان پێشکەش کەم بەڕێزم

خاڵۆ کوردین
خاڵۆ کوردین

کوردین: دەستخۆشی لە ئێوەی خۆشەویست ئەکەم بۆ میوانداریتان. ڕەحمان دارتاشی پێشوو و خاڵۆ کوردین ـی ئێستام و هەر لە سەرەتای قۆناغی خوێندنی سەرەتاییەوە لە قوتابخانە دەستم بە شانۆگەری کردووە و پاش ئەوەی هاتمە باشوور، سێ کۆرسی شانۆگەریم تەواو کردووە و ماوەی سێزدە ساڵە لە باشوورم و ئەندامی حدکام.

ڕاویژ: بۆ یەکەم پرسیار سەرەتا پێناسەیەک بە گشتی لە هونەر و هونەرمەند بکەن و بشفەرموون کە ئەرکی هونەرمەند لە هەمبەر خەڵک و کۆمەڵگادا چیە؟

کوردین: دیارە پێناسەی هونەر و هونەرمەند لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە. لە ڕوانگەی منەوە هونەر لەمڕۆدا چالاکییەکی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی و ستاتیکە کە مرۆڤ بۆ یەکلایی کردنەوەی نهێنییەکانی بوون، ئەنجامی دەدات. هونەر بە گشتی و جیاوازی لەگەڵ چەمکەکانی تر، نەرم و نیانییەکی پێوە دیارە وەک ئەرەستوو ئەڵێت ئەوەی سروشت نەیتوانیوە تەواوی بکات، هونەر تەواوکەری ناتەواییەکانی سروشتە. هونەر یانی چێژ وەرگرتن لە دەورووبەر و جووڵەکان، هونەر دەربڕینی هەست و سۆزە،  ئەرکی هونەرمەند لە ڕاستیدا ڕوون کردنەوەی واقیعەکانی ناو کۆمەڵگایە، هونەرمەند دەبێ زۆرجاران دەسەڵات بکێشێتە چالشەوە و دەسەڵات ناچار بە ڕیفۆرم و چاکسازی بکات، ئەرکی بنەڕەتیی هونەرمەند، ئەرکێکی ژیاری و شارستانییە لە بونیاتنان و بەشداری کردن لە ژیانی شارستانیدا، هونەرمەند بە هونەرەکەیەوە ناسنامە وەرئەگرێت و بە پێچەوانەوە ناسنامەکەی لێدەسێنرێتەوە.

ڕاوێژ: هەر وەکوو دەزانن هونەر لە چەند قۆناغی جیاوازدا پێناسە دەکرێ لێرەدا ئاماژە بە هونەری شانۆکاری و هونەری موسیقی هەیە، جیاوازی نێوان ئەم دوانە چیە؟

کوردین: وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە زۆر قورسە. دیارە نەک من بەڵکوو زۆربەری هونەرمەندە مەزنەکانیش ڕەنگە نەتوانن ئەو جیاوازییە دەر ببڕن، بەڵام دەتوانی بڵێی مۆسیقا تێکەڵ بە شانۆ ئەکرێ   ڕاوێژ: بە گشتی لە وڵاتی کوردستان بە هەموو بارودۆخێک کە هەیەتی، بەتایبەت باشووری کوردستان کە ئێستا بەشێکی هەرە زۆری لە کارە هونەرییەکانی ڕۆژهەڵات  لەوێ بەڕێوە دەچێ، تا چەند توانیویەتی سەرکەوتوو بێت و قۆناغە گرینگەکانی هونەر بەرێتە سەر؟

کوردین: به داخه وه کوردستان له پاشه کشه و سەرەولێژ بوونەوەیەکی زۆر خراپ دایه له ڕووی فەهەنگ و کەلتوورەوه لەبەر زاڵ بوونی حیزبایەتی  بەسەر هونەر و کەلتوور و  لێرە هەڵاواردن زاڵە و زۆربەی هونەرمەندە بەتواناکان کاری هونەرییان پەکی کەوتووە چونکە نە دەرفەتیان پێ ئەدرێ نە لە باری ئابوورییەوە دابین ئەکرێن تاکوو بتوانرێ هونەری باش بەرهەم بهێنرێ، لە لایەکی ترەوە بازرگانی بە هونەره ئەکرێ تا بتوانرێ پێشکەوتن بە خۆیەوە ببینێت.

ڕاوێژ: دۆخی هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات و کار کردنیان  لە باشوری کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

کوردین: ئەوەی کە لە پرسیاری پێشوودا وڵامم دایەوە، بە زیاترەوە هونەرمەندانی خۆرهەڵاتیش ئەگرێتەوە بەداخەوە زۆربەی ئەو هونەرمەندانەی لە باشوور ئەژین چەند کەسێکی پەنجەژمێر نەبێ هەمووی باری ئابوورییان زۆر خراپه و تەنانەت خەمی نان وەهای لێکردوون کە ڕەنگە بە ساڵیش ئاگایان لە هونەر نەبێت.

ئێمە زۆر جار لەسەر حیسابی گیرفانی خۆمان شانۆ دەکەین و زۆر بە زەحمەت توانیومانە چەند ساڵ جارێ کورتە فیلمێکی چەند خولەکی بەرهەم بهێنین، سەرەڕای ئەو هەمووە ناهەمواریگەلە، دیسان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری بەشی سینەما و شانۆ هەڵاواردنمان لەحەقیدا کراوە.

ڕاوێژ: بارودۆخی وڵات، واتا لە وڵاتێکی بندەست و بێ دەستەڵات و نەبوونی ئازادی، تا چەند دەتوانێ کاریگەری لە سەر دواکەوتنی هونەر لە کۆمەڵگا دا هەبێت؟

کوردین: لە ڕاستیدا ئازادی بە واتا فەلسەفیەکەی، بڕبڕەی پشتی کاری هونەرییە بە واتایەکی تر، ئازادی نەبێت هونەر ناتوانێ گەشە بکات، لە نەبوونی ئازادییدا هەموو شتێ سانسۆڕ ئەکرێ و هونەریش بەدەر نیە لەوە و ئەو نەتەوەگەلەی بندەستن ڕەنگە لە شوێنە خۆماڵی و نهێنیەکاندا و بەدوور لە چاوی دەستگا سەرکوتگەرەکاندا بتوانرێ کارێکی باش بکرێ بەڵام لە ئاستی پێویستدا نابێت. هونەرمەند لە بنەڕەتدا شۆڕشگێر و چوارچێوەشکێنه و باوڕی بە سوننەت و شته باوەکان نیە، بۆیە لە نەبوونی ئازادییدا ناتوانێ ئەرکی خۆی پێشکەش بکات.

ڕاوێژ: کاریگەریی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان لە سەر هونەر و هونەرمەندی کوردستان تا چ ڕادەیەکە؟ بەشێک لە جیاوازیەکان و تێڕوانینەکان ناگەرێتەوە بۆ ژێر دەستەیی؟

کوردین: بەڵێ بێ گومان وایە و  نەبوونی ئازادی جێگا بە هەموو شتێک لێژ ئەکات، هونەر و هونەرمەندانیش بەدەر نەین. وڵاتانی داگیرکەر سیستمیان دیکتاتۆرییە و بەشێک لە کارەکانی دیکتاتۆرەکان سانسۆڕە.

ڕاوێژ: لێکچوون و پێکناکۆکیەکانی هونەری ڕۆژهەڵات و باشوور چیە؟ ئایا بە گشتی وەکوو هوونەری هونەرمەندانی کورد دەردەکەوێ یا جیاوازیان هەیە؟

کوردین: دیارە دوێنێ شەو لە وڵامی یەکێک لە پرسیارەکاندا ئاماژەم پێکرد، هونەر لە باشوور بازرگانی پێوە ئەکرێ. لێرەدا دەبێ بڵێم جیاوازی بەرەو پێشچوونی هونەر لە وڵاتێکی ئازاد دەبێ خێراتر بێ، باشوور خاکێکی ئازاد کراوە دەبوا دەسەڵاتی کوردی زۆر بایەخی بە هونەر بدابا بەڵام مخابن. لە خۆرهەڵات وەک خۆتان دەزانن کارەکانی هونەرمەندان دەبێ بە پاڵوێنە و بێژینگی ئیرشادی ئیسلامیدا تێپەڕێ، بەو حاڵەشەوە بۆنموونە شانۆی سەرشەقامی مەریوان قسەی یەکەم لە ئاستی ئێران و ناوچەکەدا ئەکات و زۆربەی فستیواڵەکان لەو شارە ئەگیردرێ.

ڕاوێژ:پرسیاری هاوڕێیەک. ئایا هونەرمەندانی وەک نەجمەدین غوڵامی، ناسر ڕەزازی، مکائیل، محەمەد جەزا و…تاد، تا چ ڕادەیەک توانیویانە پشتگری خەباتی کوردستان بن؟

کوردین: پێشتر جێگا پەنجەی ئەو هونەرمەندانە نەک لە خۆرهەڵات بەڵکوو لە هەموو بەشەکان دیار بوو و بە سروود و گۆرانییە شۆڕشگێڕیەکانیان خزمەتیان کردووە بەڵام بەداخەوە لە پەیوەندی لەگەڵ ڕاسان و هەستانەوەی خەباتی نوێی خۆرهەڵات تا ئێستا بێ دەنگ بوون، هیوادارم چیتر بێدەنگ نەبن و لە ئاستی چاوەڕوانیەکاندا هەڵوێستی شێلگیرانە بگرن.

ڕاوێژ: پەیوەندیی نێوان هونەرمەندانی کوردستانی ڕۆژهەلات و باشوور و بە دڵنیاییەوە ئێستا هی ڕۆژئاواشێ لێیە، چۆنە؟

کوردین: پەیوەندی هونەرمەندان لە هەر جێگایەک بێت، پەیوەندییەکی سالم و ئەرێنییە، دیارە کێبڕکێ هەیە بەڵام هیچ کات لە سەر بنەمای بەخیلی و ڕووخاندنی هیچ کەس و لایەک نەبووە و نابێ، بە خۆشحاڵییەوە لەو بارەوە هونەرمەندانی بەشەکانی کوردستان کۆک و تەبان.

ڕاوێژ:هەڵسوکەوتی خەڵکی باشوور لەگەڵ هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی کە ئێستە پەنابەری باشوورن چۆن دەبینن؟

کوردین: دیارە من لە شاری سلێمانی دەژیم و لەو پەیوەندییەدا بە حەق زۆر باش بوون و هەموو کات چ هونەرمەندان چ خەڵک ئامادەیی پشتیوانی و خزمەتیان هەبووە لە هەمبەر هونەرمەندانی خۆرهەڵات. ئەگەریش هاوکاری و کارئاسانییەک نەکرابێت لە دەسەڵاتەوە بووە نەک خەڵکی باشوور، لێرە پێویستە سپاس و دەستخۆشییان لێبکەم .

ڕاوێژ:هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتیی نیشتەجێی باشوور چۆن دەتوانن پشتگریی خۆیان لە خەڵک و  حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەرببڕن؟

کوردین: بێگومان لە زۆربەی شۆڕشەکاندا هونەرمەندان و شاعیران و…. توانیویانە لە ڕێگای هونەر و بەرهەمەکانیانەوە خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەل و خەباتەکەیان بکەن. شۆڕش و بەرخۆدان بێ کاری هونەری، شتێکی ناتەواوە، بە خۆشحاڵییەوە زۆربەی هونەرمەندان و شاعیران و…تاد، لە هەمبەر ڕاسان و شۆڕشی نوێی خۆرهەڵاتدا درێغییان نەکردووە، بۆ وێنە کاک شۆڕش ئاهی و کاک فەرەیدوون ئەرشەدی و… تاد، بە کار و بەرهەمە حەماسیەکانیان شاکاریان خوڵقاندووە، لێرەوە چاویان ماچ ئەکەم و هیوای بەردەوام بوونیان بۆ ئەخوازم  .

ڕاوێژ: هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات له باشور بەرەوڕووی چ  کێشەیەک هاتوون؟ ئایا حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و حکومەتی هەریم توانیویانە بە هانایانەو بچن و پشتگرییان بن؟

کوردین: هونەر لە باشوور چەند کەسێک نەبێ زۆربەی بازرگانی و دڵخۆش کردنی چینێکە و بۆن ومافی هونەری پێوە نابینرێ و هونەرمەندانی ڕاستەقینە و خاوەن هونەر پەراوێز خراون چونکە سەر بە فڵانە کەس یان لە بەرژەوەندیی فڵانە لایەن کار ناکەن بۆیە یارمەتیی مادیش ناکرێن، زۆربەی هونەرمەندان کرێکارن.

هونەرمەندانی خۆرهەڵاتیی نیشتەجێی باشووریش چەند سینەماکارێک نەبێ پشتگیریی ئابووری ئەکرێن، ماباقی کۆڵەوارن، بەڵام لە نێو حیزبەکانی خۆرهەڵاتدا لە نەبوونی ئیمکاناتدا باشترە، بەتایبەت لە حیزبی دیموکرات و کۆمەلەدا.

ڕاوێژ: بە گشتی داهاتووی هونەر لە کوردستان چۆن دەبینن؟

کوردین: لە ڕاستیدا بەو دۆخەوە کە من دەیبینم ئەگەریش پێشکەوێ زۆر زۆر خاوە، بەڵام هەر گەشبینم.

ڕاوێژ: وەک دوایین پرسیار تکایە بڕێک لە بابەت ئیش و شانۆگەریی خۆتان بۆمان بدوێن و بفەرموون کە چ کەسانێک و به چ شێوەیەک هاریکارتان بوون؟ ئەگە دەکرێ بە ناردنی چەند وێنەیەک لە شانۆگەریی خۆتان کۆتایی بە باسی ئەمشەومان دێنین.

کوردین: دواین کارمان وەک گرووپی “لەیزن” بە ناوی (بەدەم ڕێوە خۆوێژییەک) بوو کە یەک لەو کارە ناوازانە بوو کە لە باشوور کرابێت، دیارە ئەمە قسەی من نیە بەڵکوو وتەی دکتۆر نیاز لەتیفە. لە نوسینی: سامۆئیل پیکێت، دەرهێنانی مامۆستا ڕێباز موحەمەد، نواندنی خاڵۆ کوردین و زانا موحەمەد.

ڕاوێژ: تکایە بڕێک زیاتر لە بواری شانۆگەریی خۆتان بۆمان بدوێلەیزین” چیە و لە کێ پێکهاتووە؟

کوردین: دیارە من خاوەنی زۆر بەرهەمی شانۆیی نیم، ڕەنگە لە پەنجەی دەس تێنەپەڕێ، بەڵام تا ئەو شوێنەی توانیبێتم لە بەرهەمێکی هونەری کە بینەرانی هونەرمەند بوبێتن بەشداریم کردووە. گروپی “لەیزین” گروپێکی سەما و شانۆیە بە سەرپەرەشتیی خاتوو ڕووبار ئەحمەد کە خۆی یەکێک لە شانۆکارە سەرکەوتووەکانی باشوورە کە بەرهەمی باشی پێشکەش کردووە.

5

4

3

2

1

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت