کێلی سەر مەزاری ناودارانی کورد لە مەهاباد دەگۆڕدرێن و مەڵبەندی ماملێ هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند

0
601

رۆژی کورد: بە پێی هەواڵێک کە لە سایتی شوورای شاری مەهاباد بڵاو کراوەتەوە، رۆژی شەممە 15 خەزەڵوەر، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیی شوورای شار و هەیئەت ئومەنا و دیزاینەری پرۆژە و بەشێک لە بنەماڵەی ناودارانی کورد بەرێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری بنەماڵەکانی مامۆستا هێمن و مامۆستا هەژار و مامۆستا ماملێ و مامۆستا خالەمین و مامۆستایان محەمەد و ئەحمەد و ڕەحمان قازی و مامۆستا مەلا غەفوور دەباغی و ئەحمەدزادە بەشدار بوون .

1477 1478لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە چۆنیەتی پێشبردنی پڕۆژەکە کراوە و ڕا و بۆچوونی بنەماڵەکان وەرگیراوە، بنەماڵەی هونەرمەند محەمەد ماملێ پێداگر بوون لەسەر لابردنی کێلەکانی ئێستا و دانانی کێلی دیکە بە نووسراوەکانی پێشوو، هەر وەها بنەمالەی مامۆستا هێمن و قازییەکانیش بە هەمان شێوە داوای لەم شێوەیان لە کۆبوونەوەکەدا خستە بەر باس.

ئاکامەکانی ئەو کۆبوونەوەی لە چەند خاڵێکدا ڕاگەیەندرا کە گرنگترینیان بریتی بوون لەم خاڵانەی خوارەوە؛
1- نووسراوەکانی پێشوو و وێنەی کەسایەتییەکان لەسەر کێلی نوێ هەبن
2- دانانی سەر سینگ لەسەر مەزارەکان.
3-ڕاگرتن و پاراستنی کێلەکانی پێشوو لە ماڵی مامۆستا هێمن.

لە لایەکیتر ئەمرۆ مەڵبەندی هونەریی ماملێ لە ڕاگەیەندراوێکی ڕەسمیدا کە لە سایتی ئەو مەڵبەندە بڵاو کرایەوە؛ هەڵوێستی خۆی لە مەڕ ڕووداوەکانی گردی ناودارانی مەهاباد بڵاو کردەوە.

2016-08-11-21-35-33مەڵبەندی هونەریی ماملێ ڕەخنەی تووند لە ئەنجامدەرانی پرۆژەکە گرتووە و دەڵێت: “زۆر بەداخەوە ئەم جارەیان سڕینەوە و لەناوبردنی ئەم نووسراوانە لەلایان بەشیک لە ئەندامان لێژنەی بەڕواڵەت باوەڕپێکراو (هیئت اومنا) و بە مەبەستێکی نادیار رووی دا ! کارەکەیان لەوپەڕی نهێنیکاری و بە دوور لە چاوی خەڵک ئەنجام درا بە چەشنێک کە گوومان لەسەر هەڵوێستی ئەم لێژنەیە، لە لایان خەڵکەوە گەییشتە لووتکە. ئەم لێژنەیە ڕای کارناسیان وەرنەگرت. بانگەوازیان بۆ گەڵاڵەیەکی گوونجاو نەکرد. کێبەڕکێیان بۆ گەڵاڵەیەکی شایان ساز نەکرد. ڕای بەشێک لە بنەماڵەکانیان وەرنەگرت کە ئەم کارەیان، دژایەتی هەیە لەگەڵ هەرچی بەهای ئەخلاقی، قانونی، شەرعی و کولتووری.  تەنانەت کەس نازانێت کە بۆ ئەم کارەیان وا بەدزی و فزی بەرەوپێش برد؟ بۆ تەنیا  گەڵاڵەیەکی تایبەت، ئەویش لە لایان ئەندازیارێکی تایبەتەوە، بەگوونجاو زانی بۆ ئەم گردە؟ کێ پێی کردن؟ یان بۆخۆیان بە هەڵەدا چوون؟ ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری تر هەن کە دەکرێت ئاراستەیان بکرێتەوە کە بوونەتە جێێ گوومانێکی گەورە کە وەڵامیان ڕوون نییە. لەم ناوەدا ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەمەیە کە دەرئەنجامی ئەم کارەیان “ئاو لە ئاشی دووژمن کردن” بوو و نەک هیچی تر.”
سەبارەت بەو ناڕەزاییانەی بەرانبەر بە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی مەزارگەی ناودارانی کورد هاتە ئاراوە، مەڵبەندی هونەریی ماملێ لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: ” ئێمەش وەک مەڵبەندی هونەریی ماملێ دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ ڕەخنەگرانی ئەم کەتنە و بە خواستێکی قانونی و مەدەنی دەزانین کە داوا بکرێت ئەم گاشەبەردانەکە دانراوەن، لابەرن و نووسراوەکانی پێشوو دەقاودەق لەسەر کێل و سەرسینگی تازە بنووسرێنەوە و لە نووسینەکان دا گرینگی زیاتر بدرێت بە زمانی کوردی چوون، زۆربەی هەرە زۆری ئەم مەزنانە ژیانی خۆیان لە پێناو گەشەی زمان و هونەری کوردی دا تەرخان کرد. پێویستە بگووترێت کە هەر لایەنیک بەدەنگی ئەم داواکارییە مەدەنییانەوە بێت و لە چارەسەرکردنی دا هیممەت بنوێنێت، ڕێزییان لە پێشدا لە خۆیان ناوە و پاشانیش لەو خەڵکەی کە مەتمانەی پێ‌بەخشیون. بۆیە بەهاناهاتنی ئەم خواستانە لە نە پاشەکشە لە بڕیارە و نە بەشێوەیەکی نێگاتیو خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، بەڵکوو دڵگەورەیی و بەرپرسبوونی لایەنەکان پێشان دەدات و بەم کارەیان ڕێزیان بە دەیان قات لە ناو جەماوەری خۆیانەوە گەشە دەکات.”

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت