مێژووی لیبڕالیسم

0
1359

نووسەر: Johan Norberg

وەرگێڕلە سۆئێدییەوە :حامید مائیلی

ڕادیکاڵترین ئیدئۆلۆژییەک کە هەیە ،لیبڕالیسمە.هەموو ئیدئۆلۆژییەکانی دیکە کێشەیان لە سەر ئەوە هەیە،کە ئینسانەکان دەبێ چلۆن وبەچ مەبەستێک ڕێنمایی بکرێن ،بۆ چاری هەموو ئەوانەی وا دە پەیوەندی دەگەڵ کۆمەلگادان  وەک ،مێژوو ،ژینگە ،یان چین و توێژ یان نەتەوە /ڕگەز بە پەرۆشە . لیبڕالیزم ڕاشکاوانە لە سەر ئەوەیکە مرۆڤ تەنیا مەبەستە ،دەدوێ ، نە یەک کەرەسە دە دەست کەسیک یان کەسانێک دا. تاک دەبێ ئیزنی ئەوەیکە خۆی ڕێنمایی بکا هەبێ ،و بژی چۆنێکی دڵی دەیەوێ،تا بتوانێ ئارەزووکانی خۆی کە وەک ئامانج بۆ ژیان هەیەتی ،دەستەبەر بکا.

بەو شێوەیە لیبرالیزم هەمیشە خەباتێکە بۆ ئینسان و ئازادییەکانی – لە هەمبەر ڕاست و چەپ ،لە هەمبەر ئەخلاقی کۆنەپەرەستانە و ژیانی ژێرچاوەدێری سوسیالیستی و دەمارگرژی و غیرەتمەندی ،لە هەمبەر دەستەڵاتی ڕووناکبیران و ئیستیبدادی زۆرینە ،لەهەمبەر دەوڵەتەکانی نەتەوەیی بەرچاوتەنگ و خەیاڵی دەستەڵاتداری گلوبالیزمی .

سەرهەڵدانی لیبرالیزم

بیرۆکەی لە مەڕ مرۆڤ وەک یەک خۆئامانجی بە درێژایی مێژوو زۆر جاران هاتۆتە گۆڕێ . وەک هەموو شتێکی دیکە پیاو دەتوانێ بڵێ هەر دە سەردەمی” یوونانی باستان”دا کە بە هێندێکیان دەگووتن “سوفیستەکان” بە تایبەت فەیلەسوفەکانی وەک جورجیاس وپروتاگۆراس و ئەوانەی بە دوای ئەواندا هاتوون دە سەدەکانی ٤٠٠ بەر لە زایینی خاوەن بە هێزترین گریمانەی دژ بە کۆیلەداری بوون وبەگوێرەی ئەو گریمانانە هەموو ئینسانەکان یەکسانن و مافی وەک یەکیان هەیە و دەبێ وەک یەک بە ئازادی بژین .هێندێک لەوانە تەنانەت تا ئەوڕادەیە لە مەڕ چەمکی دەوڵەت بەرەو مۆدیرنیتە چوون ،کە پێیانوابوو دەوڵەت لەبنەڕەتەوە نە شتێکی سروشتییە ونە لە سەر بنەمایەکی ئیلاهی  دامەزراوە ،بەڵکوو کەرەسەیەکە دە دەست ئینسانەکاندا بە مەبەستی سەقامگیری ئەمنییەت بۆ هەموو لایەنێک .

بەڵام تا سەروبەندی سەدەی ١٦ی خایاند تا لیبرالیسم لە ئینگلستان وەک ئیدئۆلۆژییەکی تۆکمە وگەڵاڵەکراو باسی لێبکرێ .شتێکی لە نەکاویش نەبوو . بیرۆکەکانی ئازادیخوازی ئەغڵەب گەشەیان کردبوو دژ بە دەستەڵاتی کلیسا کە حەولی چاودێری بە سەر بیر وباوەڕی ئینسانەکانی دەدا. شەڕی خوێناوی مەزهەبی نێوان لقە جیاوازەکانی مەزهەبی سەریان هەڵدابوو و ئەو بیرۆکە کە هەموو تۆبزیان لە سەر نییە کە هەڵگری یەک باوەڕ بن ،گەشەی کردبوو ،بەڵکوو ئینسانەکان سەرەڕای هەڵگری بیر وباوەرێ جیاوازیشن ،بەڵام دەتوانن بە ئاشتی بە یەکەوە بژین . فەیلەسوفەکانی پێشووی لیبرالی دەیانگووت: هیچ کەس ناتوانێ تەنانەت باوەری ئەگەر درووستیش بێ بە سەر کەسیكی دیکەیدا داسەپێنێ .مەبەستیان لێرە ئەوە بوو کە حەقیقەت تەنیا دڵخوازانە دەبێ وەربگیرێ نەک بە تۆبزی .هاوکات دژایەتییەکی بەرینیش لە هەمبەر داپلۆسین و تاڵان و مژینی خوێنی خەلک لەلایەن شایەکانەوە کە وەک مالیات و گۆمرگ لە خەڵکیان دەستاند ،سەری هەلدابوو .ئەو دەستە وتاقمەی کە زەخت و گوشاری دینی و ئابوورییان لە سەر بوو ،بۆ دەستەبەر کردنی مافی ئازادی بۆ تاکەکان کە بەشی هەرە بچووکی کۆمەلگا بوون .دە ساڵی ١٦٤٠  زایینێ وەک هەووەڵین تاقمی مۆدێڕنی لیبڕاڵەکان دەرکەوتن .

یەکسانیخوازان

یەکسانیخوازان بریتی بوون لە توێژی مامناوەندی کۆمەلگا کە دژایەتیی تەواویان دەگەڵ دەستەڵاتی شا و دیفاع لە مافی ئازادی تاک ، دێموکڕاسی ،مافی ئەمنییەت ،ئازادی مەزهەبی و ئازادی ئابوورییان دەکرد .مەبەست لەوە بوو کە هەموو تاکێک خاوەنی خۆیەتی، مافی ئەوەی هەیە چۆنێکی دڵی دەیەوی بژی ،مادام سنووری ئازادی کەسی دیکەی نەبەزاندبێ .ئەوان بە یەکسانی خواز نێویان دەرکردبوو ،چونکوو خوازیاری وەلانانی هەموو جۆرە هەڵاواردن و زیادە خوازی ئەشڕافییەت وبە چاوی سووک سەیر کردن بوون .ماڵ ودارایی و سەروەت و داهاتی ئینسانەکان نابێ دابەش بکری ،لەبەر وەیکە وەک ئازادی پێویستن .دە سەردەمی ئیستیبدادی کرۆوێل دا هەموو لیبرالەکانیان لە گرتووخانەکان تووند کرد ،بەڵام بیرۆکەکە درێژەی بە ژیانی خۆی دەدا ،یەکسانیخوازەکان درووشمی خۆیان لە سەر دیواری کونەڕەش(گرتووخانە) لە قەڵای تاوێرن نووسیبوو .

پاشان بە شێنەیی هەر ئەوان وەک حیزبێکی سەرکەوتووی لیبراڵ لە ئینگلیس خۆیان ناساند کە لەلایەن بپاڕیزەکانەوە وەک سووکایەتییەک بە (حیزبی ویگ ) کە بە زمانی سکۆتییەکان بە مانای (دزی ئەسپ وڕەشە وڵاغ )بوو،نێویان دەبرا.بیرۆکەی بنەمایییان وەک خەیاڵێکی باستانی ئەوە بوو کە قانوونی ئەساسی ،ئازادیخوازی بگێڕنەوە بۆ سەردەمی ئینگلستانێکی سوننەتی.قوژبنێکی حەقیقەتی مێژوونووسییە کە یوهانی بێ وڵات شای ئینگلستان دە ساڵی ١٢١٥ دا مەجبوور کرا *ماگنا کارتا* واژۆ بکا و دەست لە حکومەتی سەرەڕۆیانەی خۆی هەڵگبرێ و حورمەتی حکومەتی قانوون کە ئەمنییەت دابین دەکا. بگرێ.

باوکی لیبرالیزم

بەرچاوترین یارمەتیدەری بواری ئیدئۆلۆژی ئازادیخوازانە ،فەیلەسوف جان لاک بوو ، کە ئەغڵەب بە باوکی لیبڕالیزم نێوی دەبرێ . ١٦٩٠ کتێبی ئەو بە نێوی “دوو ڕەساڵەی دەوڵەت” بڵاو بووە ،کتێبێک بە ناوەڕۆکێکی شیکراوە لەمەڕ پێداویستییەکانی ئینسانان ، چلۆن ئێمە داراییەکانمان دە ڕەوتێکی درووستدا دەکار بکەین ،و سیاسەت دەبێ چلۆن خۆی بنوێنێ . مەبەستی لاک ئەوە بوو کە ئینسانەکان خاوەن کەسایەتی خۆیانن ،ئەگەر ئینسان زیندوو نەبێ هیچی لەدەست نایە و هیچ سەرکەوتووییەکیشی نابێ ،بۆ وەیکە زیندوو بمێنێتەوە دەبێ کاردانەوەی بێ ،ئینسان دەبێ لە عەقڵی خۆی کەلک وەرگرێ و بزانێ چۆن کەرەسەکان  و ئیمکاناتی لەبەر دەستان دەخزمەت خۆی بگرێ تا بتوانێ دەو پەڕی سەرکەوتووییدا بژی .ئینسان ناتوانێ هیچ کاردانەوەیەکی ببێ ئەگەر گوێڕایەڵانە لەژێر کارتێکەری ئینسانەکانی دیکەدا بێ .ئەگەرئینسانەکان بیانەوێ بژین دەبێ لە ڕاستی تووند وتیژی و تۆبز پارێزراوبن . لاک لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئێمە هەموو مافی ‘ژیان ،ئازادی و خاوەنداریییەتی ‘مان هەیە .هیچ کەس مافی ئەوەی نییە کە لەڕاستی خەلکی دیکە تووند وتیژی و تۆبز لە خۆی بنوێنێ مادام دە مەترسی نەکەوتبێ بۆ دیفاع لە خۆ. دیارە ئەوە دەوڵەتیش دەگرێتەوە . ئەگەر ئێمە ئینسانەکان مافی ئەوەمان نییە کە تووند وتیژی وتۆبز لە ڕاستی یەکتر لە خۆمان بنوێنین ،مافی ئەوەشمان نییە کە ئەو ئیزنە بدەینە دەوڵەت . هەر بۆیەشە ئەو ئیزنە بەرتەسکە دەبێ بدرێتە تەشکیلاتێک کە تەنیا بە مەبەستی پاراستنی ئازادی ئێمە و مافەکانمان و ئەو بەشە لە ژیان کە ئازادیمان تێیاندا پێویستە .ئەگەر دەوڵەت زەخت و زۆریمان لە سەر دەنوێنێ و مافەکانمان پێشێل دەکا ئێمە شارۆمەندان مافی سەر بەزێویمان هەیەکە دەوڵەتێكی نوێ لیبرال دابمەزرێنین . تێئۆرییەکانی لاک بە مەبەستی دیفاع لە “شۆرشی شکۆمەند” دە ساڵی ١٦٨٨ی ئینگلستان کە دەستەڵاتی شای بەرتەسک کردەوە کەلکی لێوەرگیرا وبوو بەهۆی پێکهاتنی سەرەتای وڵاتێکی لیبراڵی.

لیبڕالەکانی ئابووری

فەلسەفە ڕاهێنەرەکانی جان لاک هەر زۆر زوو بە ئاوێتە کردنی دەگەڵ سیستیمی ئابووری تەسەل کرایەوە.کردەگراکانی” fysiokraterفەڕانسەوی بە ناوی “قۆسنای و تورگۆت ” دە ناوەڕاستی سەدەی ١٧ دالەژێر چاوەدێری کۆنی (گۆمرگی مێرکانتلی) و هێندیک سیاسەتی دارێژراو و پەسەندکراوی ئابوورییەکی دۆستانە کە تێدا بە وردی ئەوە کە دەوڵەت دەبێ ئیزن بدا کە سەنعەت بە گوێرەی ڕەوتی سەربەخۆ و ئازادانە بەرەو پێش بڕوا باسکرابوو وبە سیاسەتی )لایسز فایر)واتە ئابووری و بازاڕ ئازاد(هەلبەت بە مانای سەرەڕۆیی یش دەکار دەکرێ کە لێرە ئەو مانایا نادا) لە قەڵەم درا .کردەگراکان جاری وابوو تووشی هەڵەش دەبوون. لەوانە کە ،تەنیا ڕێگای دەستەبەر کردنی ئابووری کشتوکاڵە، ودە ڕێنمایییەکانیشیاندا دەیانگووت کە ،چلۆن ئابووری ئازاد دە خزمەت گەشەی ئابوورییەکی خێرایی بۆ هەموو لایەنێک دایە. زۆر وڵاتان ،بەر لە هەمووان ئینگلستان دەستی دایە بەڕێوەبردنی ئابوورییەکی ئازاد .کشتوکاڵ خسووسی کرا”گۆڕا” و جوتیاران توانیان بەرهەمی دەستەبەرکراوی خۆیان ڕابگرن کە دە ئاکامدا تێکنیک و شێوە داچاندنێكی باشتری لێکەوتەوە  و دانەوێڵە و بژیوەی ژیان زۆر بە خێرایی ڕوو لەزیادی بوون و گرفتی قاتی و قڕی وبرسێتی دە وڵاتانی مۆدێڕن و لیبڕاڵ دە جیهاندا زۆر زوو بنبڕ کرا .

لە سۆئێد قەشەیەکی دانیشتووی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بە نێوی “ئاندرس چیدنیووس” دەستی بە شرۆڤەی بۆچوونی کردەگراکان کرد .ئەو لەدوایە بوو بە هەووەڵین سۆئێدی کە وەک نوینەری پاڕڵمان خەباتی بۆ بە ئاکام گەیاندنی پرۆگرامی لیبڕالەکان دەکرد .هەر بەر لە ئادام سمیت ئەو لەمەڕ بازاڕی ئازاد و کڕین و فرۆشی ئازاد دەینووسی و خەباتی دژ بە چەوسانەوەی کارمەندان و هەژارانی دەست پێکردبوو .چیدنیووس بوو کە دە ساڵی ١٧٧٦ دا کە حەولی بۆ دابینکردنی  ئازادی چاپەمەنی وساڵی ١٧٨١ ئازادی مەزهەبی دەدا .

ئێستا لە باری ئەخلاقییەوە دەرکەوتووە کە ئازادی چەند گرینگە و چۆن ئاکامی ئابوورییەکی باشییشی لێدەکەویتەوە .لانیکەم ئەو بۆچوونە توانیان تا کەمپەکانی ئەمریکا بڕۆن .لەوێ بۆ زۆر کەس ڕاهێنەرەکانی لاک ،هەر وەها *نامیلکەکانی کۆتۆ *کەهی کەسێکی ئازادیخواز بە نێوی ویگ پامفلێتر بوو، بوونە زانیاری و وشیاری لیبڕالی .ئەمریکاییەکان نەیاندەویست لەوە زیاتر لە ژێر دەستەڵاتی شایەکانی بریتانیاییدا بژین و بیانکلۆسنەوە و گومرگ و ماڵیاتیان لێبستێنن،بەڵکوو دەیانەویست بە شێوەی خۆیان ژیانیان دابڕێژن و بەرهەمی ڕەنجی کاری خۆیان بۆ خۆیان بێ.

شۆڕش

ئاکامی شۆڕشی ئەمریکا دە ساڵی ١٧٧٩ دابۆ بە هۆی دەرپەڕاندنی شای ئینگلستان .ئەو ڕاگەیاندراوە کلاسیکەی سەربەخۆیی لەلایەن سیاسەتوانەکانی لیبڕاڵ و بیرمەندێکی وەک “تۆماس جێفرسۆن “،کەلە ژێر کارتێکەری وبە ئیلهام لەبۆچوونی لاک بوو ،نووسرا.پێداگری تووندیان لە سەر مافەکانی مرۆڤ لەوانە ” مافی ژیان و شادی”یە کەپاراستنیان ئەرکی دەوڵەتە، دەکرد . ئەگەر وانەبێ خەڵک مافی شۆڕش وسەربزێویان هەیە.

نەخشی دەستەڵاتداران لە ئەمریکا بە تووندی بەرتەسک دەکرێتەوە ،و ئەولیبراڵە ڕاستەقینانەی وەک جێفرسۆن دەیانەوەی تەنانەت کۆیلەداری جارێک بۆ هەمیشە هەر وەک ئوروپاییەکان لە ئەمریکا کردیان ،هەڵوێژێرن .ئەوەش دێ چەند ساڵێکی دیکە خەباتی لیبڕاڵەکان بخایەنێ ،تا کۆیلەداری جارێک بۆ هەمیشە بنبڕ بکرێ. بەڵام بناخەی ئەو خەباتە دە یەک جارنامەدا کە لەسەر ئەوەیکە هەموو ئینسانەکان دوای وەیکە لەدایکیان دەبن خاوەن مافی وەک یەکن پێداگری دەکرد ،داڕێژرابوو.

سیاسەتوانەکانی ئەمریکایی  وەک جێفرسۆن ، بنیامین فڕانکلین  و جێمز مادیسۆن سەر بەو تاقمە لیبرالانە بوون کە دەرفەتی بەرێوەبردنی ئەو بیرۆکەیان بۆ هەڵکەوت . ئاکامی بوو بەئازادی تاکەکان کە دواتر بوو گەشە کردن  و بنبڕ کردنی هەژاری لە نێو کۆیلەنشینەکاندا کەئاکامی بە هێدیانەی ئەو بیرۆکەیە، بوو بەو نەتەوەیە کە ئێستا بەهێزترین نەتەوەی سەر ئەرزە.

ئەو شۆڕشەی ئەمریکا هەلێکی ئاوای ڕەخساند کە ئەو بیرۆکە ئینسانییە کە پارێزەری مافی مرۆڤە زۆریەک لە زانایان و فەیلەسوفانی وەک” هوومبۆلد و کانت “شوێنی هەڵگرن و ئەو بیرۆکەیە زیاتر پەرە پێبدەن .سەرەڕای ئەوەیکە بیرۆکەی لیبڕاڵی زۆر زۆرپیشکەوتووتر لە سەردەمی خۆشی بوو ،بەڵام هێشتا نیوێک لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتییان لەبیر کردبوو . زۆرکەمیان دەیانوێرا کە هەڵومەرجی ژێر دەستەیی ژنان بێننە گۆڕێ و لێیبدوێن . ئەوەیکە وەک هەووەڵین و زۆر بە جیددیش هێنایە گۆڕێ *ماری وۆلستون کرافت “ژنە ئینگلیسییەک کە دە بەرهەمی بە ناو بانگی خۆیدا ” بە دیفاع لە مافی ژنان ” سالی ١٧٩٢ لێیدوابوو. ئەو هەر بە پێی ئەو پاساوە داوای مافی وەک یەکی بۆ ژنان دەکرد کە مافی پیاوانی پێدەپارێزرا .واتە پەلەوەری عەقڵمەند پێویستی بە ئازادی و مافی وەک یەکیان هەیە . مەرج بۆ یەکسانی دە نێوان ژن و پیاو دا بوو بە چەقی باسەکان دە پڕۆگرامی لیبڕالەکاندا .

ساڵێ ١٧٨٩ شۆڕش لە فەڕانسەش دژ بە سیستیمی سەرەرۆیی پادشایەتی سەری هەڵدا .بەڕێوەبەرایەتی ئەو سەرهەڵدانەش بە گوێرەی بیرۆکەی لیبڕالەکان کە لەلایەن جان لاک و ئەمریکاییەکان و ئەوانەی کە ساڵەکانی سەرەتا دەیانەویست وڵاتەکانیان لیبرالی بەریوەبەرن .بەڵام دواتر لەلایەن تاقمێکەوە کە بە “یاکوبینیەکان” کە هەلگری بیرۆکەی ڕۆسۆ بوون ، کە دەکرێ بە سوسیالیستی لێکبدرێتەوە ،بەرپەرچ درایەوە . دە سەردەمی دەستەڵاتداری “ڕۆبێس پییەر” دا کە دە ماوەی چەند ساڵێکدا دەستەڵاتێکی تۆقێنەرو سەرەڕۆی پێکهێنابوو کە دەودا نەک هەر ئەشڕافەکان ،بگرە  لیبڕالەکان و دیموکڕاتەکانیش لە گەردنیان دەدرا(ئێعدام دەکران) .

ئادام سمیت

هەر ساڵی ١٧٧٦ کە شۆڕشی ئەمریکا سەری هەڵدا بەرهەمێکی گرینگ لەمەڕ ئابووری لیبرالی لە لایەن فەیلەسوفی ئەخلاق ئادام سمیت /ەوە بە نێوی ” سەروەتی نەتەوەیی ” درایە دەرێ کە بووە هۆی لە دایکبوونی زانستی ئابووری نەتەوەیی.سمیت شێدەکاتەوە کە دە گۆڕینەوەیەکی دلخوازانە دایە ئەگەر هەرتک لایەنی سەودا بیانهەوێ قازانجێ بکەن ، وپێیوابوو کە دەوڵەت دەبێ دەست لە چاوەدێری و تێوەگلانی دە کار وباری ئابووری دا هەڵگرێ .

ئەگەر دەوڵەت ئەوتۆ هەڵسوکەوتێکی بێ هەموو شارۆمەندان بێ شک قازانجی تێدا دەکەن ،وەک “دەستێکی نادیار ” کە نەخشێکی ئەرێنی لە ڕاست خەڵک وەستۆ دەگرێ بۆ نموونە ،کەل وپەلی هەرزان و بە کەلک بۆشارۆمەندان لە بازاڕان وەگیر دەکەوێ.

شۆڕشگێڕی ئەوبیرۆکە، ئەوەیەکە ئینسانەکان نەیاری یەکتر نین ،ئێمە مەترسی نین لە سەر یەکتر کە بەردەوام چاوەدێری لەسەر یەکتر بکەین .بە پێچەوانە ئێمە یارمەتیدەری یەکترین ،لەبەروەیکە حەولی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆمان دەدەین لە ڕێگای کاردانەوەدا  . ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەیکە بۆ هەووەڵین جار ئازادی تاک وەک مەترسی لە سەر خەڵکی دیکە چاو لێنەدەکرا ، بەڵکوو وەک یارمەتییەکی دەستەبەرکراو دیانڕوانی . دەو کاپیتالیسمە ئازادە دا دابەشکردنێكی ئاڵۆزی کاری تێدا دیارە- تەنانەت لەڕێگای توجاڕەتی ئازادی نێو نەتەوەیییەوە – کەچالاکییەکی بەرچاوی لەدوویە کە هەموو قازانجی تیدا دەکەن . هەموو حەوڵی گۆڕینەوەی کەل وپەلی خۆیان دەگەڵ ئەوانەی کە لای خەڵکی دی هەن و پێویستیان پێیانە ،دەدەن .

ئادام سمیت دە ئابووری کلاسیکدا قوتابییەکی زۆری وەک “داوید ڕیکارد ،جین باپتیست سای و جێمز میل “تەربییەت کردن . ئابووری لیبڕاڵی نەک هەر دەهات و پەرەی زیاتری دەستاند، وبەرهەمەکانی ئادام سمیت دە بازنەیەکی بەریندا دەخوێندرانەوە، تەنانەت دە نێو ئەو سیاسەتوانانەی ئینگلیسی دا ،کە بازاڕەکانیان لیبڕالیزە کردبوو .ئاکامی بوو بە هۆی بەرهەمی زیاتر و زیاتر لەو هەرێمانەی کەکارخانەکانی بە خسووسی کرابوون. کارخانەکان ،دابەشکردنی کار و تێکنیکی تازە ئیزنیان پێدرا کە بەرێوە بچن و بوو بە هۆی زیادکردنی بەرهەمی کارخانەکان و سەروەت و سامانێكی بە خێرایی .شۆڕشی سەنعەتی واقیعییەتێک بوو – کە قەت پێشوو نەدیترابوو .تێر وتەسەلی ڕوو بە باشی بوو بۆ جەماوەری شارۆمەندان.بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر ئینسانەکان بۆ هەووەڵێن جار زۆر شێلگیرانە بە پەرۆشەوە سەرقاڵی چارە سەری ئەو گرفتە کۆمەلایەتییانە بوون کە هەستیان دەکرد ماون و بە درێژایی مێژوو ببوونە هۆی هەژاری ،برسێتی وناساغیان .

لیبرالیسمی سەدەی ١٨

زۆر جاران سەدەی ١٨-یان بە سەدەی لیبرالیسم نێو بردووە ، و تەنانەت سەرەتای دەکار کردنی چەمکی لیبرالیسم بوو.بە کردەوە زۆربەی دەوڵەتە ئوروپایییەکان سەرەت (ئیمتیاز) ونێوبانگی بنەماڵەیی وگرینگایەتی شوێنی لەدایکبوونیان وەلانا، تێوەگلانیان دە کار وباری ئابووری دا کەم کردەوە، سنوورەکانیان ئاواڵە کرد،بیر وڕا دەربڕێن ئازاد کرا و زەختی مەزهەبی لە کورتێی دا. دە ماوەی سەدەی ١٨ دا لە ئینگلستان لەلایەن فەیلەسوف “یێرمی بێنتهێم “و لاینگرانی بیر وباوەڕی بێلایەنی دەوڵەت و بەرژەوەندی تاک خوازی بڵاو ببووە . ئەوان پێیانوابوو بە گشتی ئینسانەکان بەرژەوەندی خۆیان، زیاتر لە سیستێمی گەندەلی ئیداری دەناسن وهەر بۆیەشە دێموکڕاسی و بازاڕی ئازاد گەورەترین دەستکەوتی بۆ زۆرترین ئاژماری شارۆمەندان لە دوویە .

ئەوانەی کە بە “لیبڕالەکانی منچێستێر”- نێویان دەرکردبووە ووێڕای خاوەن شیرکەتێکی وەک “ڕیچارد کوبدێن و یوان بریگت ” کە لە شارە سەنعەتییەکانەوە هاتبوون و زۆرترین پێگەی جەماوەریان هەبوو .ئەوان خەباتێکی شێلگیرانەیان بۆ دێموکڕاسی و ئابووری ئازاد و دامەزراندنی وردە شیرکەت و ناردنی نوێنەرانی خۆیان بۆ پارڵمان دەست پێکردبوو .بەر لە هەموو شتێک ئەوان حەولیان بۆ توجاڕەتێکی ئازادی دژایەتی دەگەڵ  ئیستیعمار و چەوساندنەوە و سەرمایەداری دەدا.لە ڕێگای یەکێتییەکانی خۆیانەوە بە نێوی “تاقمی دژ بە قانوونی گەنمە شامی ” ،کاتێک دە لە هەموو لایەکەوە سەرکەوتنیان دەستەبەرکرد ،دەوڵەتیان مەجبوور کرد کە گۆمرگی لە هاوردەی دانەوێڵە نەستێنی کە ببووە هۆی گرانی نان و داپلۆسینی خەڵک و برسێتی لە ئیرلەند و ئینگلستان. لە فەڕانسەیەکی کەمتر لیبڕاڵ دا لیبڕالێکی ڕادیکاڵ بە نێوی “فرێدریک باستیات ” وەک ڕاهێنان و فێرکارییەک، هۆی وەیکە بۆچی دەبێ دەوڵەت بچووک و ئازادی بە تەواوی دەستەبەر بکرێ ،باس دەکا .ئەو لەژێر کارتێکەری تێئۆرییەکانی جان لاک ،بە جوانی باسی ئەوەیکە سروشتی ئینسانەکان هەڵگری خواستی ئازادی و مافی سروشتییەکن، ئاوێتەی ئابوورییەکی گونجاو و هەڵسەنگێندراوە  ،و مەبەستی ئەوە نەبووە کە خواستی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا ئەوەیە کە دژایەتی دەگەڵ یەکتر بکەن ،بەڵکوو بە پێچەوانەوە هەموو دەو ئابوورییە ئازادە دا قازانجی تێدا دەکەن .باستیات لاینگرانێكی یەکجار زۆری نەک هەر لە فەڕانسە بگرە لە سۆئێدێش هەبوو کە لەلایەن سەر نووسەرە ڕادیکاڵەکەی ڕۆژنامەی ئافتوب بلادت “لاش یووان یەرتا” بە خەلک دەناسرا.تەنانەت وەزیری توجاڕەتی سۆئێد “یی ،ئا گریپنستێد” لە خوێنەرانی نووسراوەکانی باستیات بوو کە دواتر نێوبانگی بنەماڵەیی لە ڕێگای بەڕێوەبردنی توجاڕەتی ئازاد وەلانا و بوو بە هۆی دانانی بەردی بناخەی بە سەنعەتی کردنی سۆئێد و سەدان ساڵ بووژانەی ئابووری.

ئەو سەد ساڵەی کە سۆئێدی ژێرو ژوور کرد لە هەژارترین وڵاتی ئوروپاوە بۆ دەوڵەمەنترین . شاگردێکی ریکارد کوبدێن و باستیات بە نێوی “میکائیل چوالییەر” توانی دە ساڵی ١٨٦٠ دا گرێبەستێکی ئابووری دە نێوان فەڕانسە و ئینگلستاندا ببەستێ ،کە هاوکات زۆر وڵاتی تریش تێکەڵ بەو گرێبەستە لەوانە سۆئێد ،بوون . ئەوەش بوو بە برین بونەوەی شەپۆلی دێموکڕاسی و ڕووخانی دیوارەکانی گومرگ دە نێوان ئەو وڵاتانەدا . لەدوای هێندێک پاشەکشە و نسکۆ ،ئاڵوگۆڕی کەلوپەلی توجاڕەتی ڕۆژ دەگەڵ ڕۆژ ڕوو لە زیاد بوون دەبوو،کە بوو بە هۆی بەربڵاوییەکی تێر و تەسەلی لە سەراسەری ئوروپا .

لە فەڕانسە هاوکارە لیبڕالەکانی باستیات فەیلەسوف “بێنیامین کۆنستانت “زۆر بە پەرۆشەوە لە سەر گرینگایەتی سەقامگیر بوونی ئازادی و تاریفی ئازادی  دەینووسی و”ئالێکسیاس دوێ توکوێیەل”یش  کە مانا و پێویستی ئینسانەکان بە ئازادیی بە وەستۆگرتنی بەرپرسیارەتی و هێزی خۆڕسکی خولقێنەر  لێک دەدایەوە .لە ئینگلستان سەرۆک وەزیرە لیبڕالەکە “ویلیام گلادستۆن” بەردەوام بوو دە دیموکڕاتیزە کردنی کۆمەلگا و وەلانانی کۆسپەکانی گومرگ کە لە لایەن لەوانە کەسێكی مەزهەبی بە نێوی “لۆرد ئاکتون ” پێشنیار کرابوو .

سەرکەوتوویی – و بەستێن

دە کۆتایی سەدەی ١٨ دا بیرۆکەی لیبرالیسم بەشی هەرە زۆری لە ئوروپای لە زەخت و هەژاری ڕزگار کرد .کۆیلەداری و نێوبانگ و فەخرفرۆشی بوو بە بیرەوەرییەکی تاڵ و دڵتەزێن و چووە مێژووی جیهانییەوە و زۆربەی خەڵک هەستیان بە قیزوەنی ئەو ڕەوتە دزێوە کرد ،کە هۆی سەرەکیشی ئەوە بوو تۆبز و زەخت و زۆر لە کۆمەڵگا سڕایەوە ! بۆ هەووەڵین جار دە مێژووی جیهانیدا ئینسانەکان ڕوو بە خۆپارێزی لە دەماگرژی و تووندئاژۆیی دەڕۆیشتن .بە دوای ئەو ڕەوتەدا بوو کە ئازادی سەری هەڵدا .بەڵام هاوکات زمانی بزووتنەوەی لیبرالیسمی پێشووی بە هێز دەهات تووشی پسکی ببێ. زمانی کولی کۆنەپەرەستانەی بپارێزەکان لە ڕاست لیبرالیسم بە یارمەتی سوسیالیسم دەهات تیژ بکرێتەوە .وهەرتک ئیدئۆلۆژییەکان خەریکبوون خەیاڵی کۆنی خۆیان لە مەڕ کۆمەلگایەکی بێ کارخانە و تێکنیک وەدی بێنن . ئێستا ئەوان لە زۆربەی بۆچوونەکانی لیبرالیسم دە خزمەت دواهاتوو و زانستی خۆیان گرتووە کە پێشوو بناخەیەکی باشی بۆ دامەزرابوو . ئەوان چاویان لە ڕاست گرینگایەتی نێوان ئەوگەشە وپەرەسەندنە و ئازادی تاکەکان قووچاندبوو . ئەوان دەیانەویست کەلک لەو تێر وتەسەلیی و ئازادییەی کە بەرهەمی بیرۆکەی لیبرالیسم بوو بە بێ بچووکترین حورمەتێک بە ئازادی کە مەرجی سەرەکی ئەو تێر وتەسەلییە بوو.، وەرگرن ، وپێیانوابوو لیبرالیسم ئەرکی خۆی بە جێ گەیاندووە و لیبرالیسم دەبێ بارو بەندیلی وەپێچی و جێی چۆل بکا .ئەو پێکهاتە یەکگرتووانەی کە دامەزرێنەر وهۆی سەقامگیری ئەو ئازادییەی کە ئێستا هەیە، ئاوسی ویستی دیکەش بوون . خاوەن شیرکەتەکان کە ئازادی بەرهەمهێنانیان دەستەبەرکردبوو ،خوازیاری پاراستنی گومرگ و پارتی بازین .ئەو چینە مامناوەندییەی کە مافی دەنگدانی بۆ دەستەبەرکرابوو ،ئێستا ئامادە نییە ئەو مافە بداتە لە خۆی کەم دەستەڵاتتر و هەژارتر . ئەو چینە کرێکارییە کە هەر دەهات و پەرەی دەستاند ،لەڕاست ئەو زەخت و بێعەداڵەتییە کاردانەوەی لە خۆی دەنواند و دەیانگووت نەک ئەو ئازادییە دەبێ بەرتەسک بکرێتەوە ،بەڵکوو خوازیاری بە سەر داچوونەوەی شێوە دابەشکردنی ئابووریش بوون .ناسیونالیسمێک یش سەری هەڵدا بوو کە لەجوغڕافیا و مێژوویەکی تایبەت بە تاکەکان دەدوان ،و جێوازی نێوان ڕەنگی پێستی ئینسانەکانیان پێ لە کەسایەتی دەروونی ئەوان گرینگتر بوو .لیبرالیسم هەر دەهات لە ژێر گوشار و زەختی دەور وبەری خۆی ئاڵوگۆڕی بە سەردابێ .فەیلەسوفێکی لیبڕاڵ و ئابووری زانی وەک “جان ستوارت میل ” دەیدیت کە بەرژەوەندی خوازی بە بێ ڕەچاوکردنی پرەنسییپەکانی ئازادی پەرەناستێنێ . ئازادییەک کە لیبرالەکان لە بنەرەتەوە وەک بەردی بناخەی دەیانڕوانی کە دەبوو ڕەچاو بکرێ ، ئێستا تەنیا مەبەست لە ئاکام و ڕادەی دەستکەوتەکانە- ئێستا دەیانەوەی وەک قانوون پەسەند بکرێن  . دەبێ بۆ دوارۆژ تاقی بکرێنەوە وپاشان ئاسەوارییان هەڵبسەنگێندرێن.تا ئەو جێگایە کە پێشوو پێیانوابوو کە پەرەی بەرهەم و نوێژەنکردنەوە ،زیادبوونی سەروەت و سامانی لێدەکەویتەوە،دەیانەوێ نێو بڕێکی لێبدەن کەبە لەبەرچاوگرتنی بەرهەم،نەک هەر زیادبوونی سەروەت و سامان، بگرە پەرەی سیاسیشی لە دوو بێ.ستوارت میل تەنانەت تا دوایین ساتەکانی ژیانی ،خۆی بە یەکێک لە لاینگرانی ئابووری ئازاد دەزانی ،بەڵام ئەو خۆی بوو بە یارمەتیدەرێک کە دەرکێک ڕوو بە ئیدئۆلۆژی سوسیالدیموکڕات بکرێتەوە ،باوەڕێک لەمەڕ دابەشکردن و چاوەدێری .

هێندێک لە لیبڕالەکان دە بواری ئابووری نەتەوەییدا سەرکەوتنیان دەستەبەر  کردبوو و دەستیان بە یارمەتیدانی دەوڵەتەکانی خۆیان کە هەڵگری بیر وباوەڕی سەرمایەداری بوون ، کردبوو،تەنانەت ئەگەر پێشێلکارییان دە دەولەتەکانی دیکەشدا دەدیت ، تەنیا پەرۆشی وەڵاتی خۆیان بوون .یەکێک لە لیبرالەکانی کۆن بە نێوی “هێربێرت سپێنسێر” کە دژایەتی دەگەڵ ئیستیعمار و ناسیونالیزم دەکرد مەجبوور بە ددان پێداهێنان بەو ڕاستییە کە ئەو ئازادییەی کە دەستەبەر کرابوو لەوانەیە بە شێنەیی لە دەست بێتەوە. دەوڵەتەکان هەر دێن گەورەتر و بە هێزتر دەبنەوە، وای لێدێ کە ببنە خاوەن کەرەسەیەک کە مەشرووعییەت بدەنە خۆیان، سنوورەکان خەریکن لە ئینسانەکان و کەل وپەلەکان دەبەسترێنەوە و لە هەموو لایەک گێژەڵووکەی شەڕ هەڵیکردووە وبۆنی دێ . هێربێرت سپێنسێر سرنجی کۆمەڵگا بە وەیکە خەریکین دەگەڕێینەوە سەردەمی کۆمەڵگایەکی “بەڕبەرییەت” کاتێک کۆمەلگای توجاڕەتی کە تێیدا ئینسانەکان دڵخوازانە خەریکی ئاڵوگۆڕی بەهاکانن ،دەبێتە کۆمەڵگایەکی میلیتاریزە کراو کە تێیدا ئینسانەکان بەهاکان قەڵب دەکەن .

بە داخەوە تەواوی قسەکانی ئەو وەدیهاتن . سەدەی ١٩ گەورەترین شەڕ هەلگیرسا کە تا ئێستاش بەردەوامە .توجاڕەت و گۆڕینەوەی کەل وپەل بەرتەسک کرایەوە و ئینسانەکان مەجبوور کران دە هاتووچۆکاندا لە سەر سنوورەکان، سەر لە نوێ پاسپۆڕتەکانی خۆیان نیشان بدەن .لە هەموو وڵاتەکاندا دەوڵەتەکان خەریکی سەرکوتی خەڵک بوون .لە ڕووسییە کۆمۆنیستەکان دەستەڵات بە دەستەوە دەگرن .و لەئوروپای ناوەندی دەوڵەتی فاشیزم و سوسیال ناسیونالیسم دادەمەزرێن .زۆربەی ڕووناکبیرانی ئوروپای ڕۆژاوا لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە کۆمەڵگای سەردەمی سەدەی ١٨ کۆتایی پێهاتووە و بە چاوی خۆیان دەیاندیت کە ئەو دەوڵەتە ئیستیبدادییانە سەرقاڵی داپلۆسین مافی تاکەکانن و بە ڕێکخستنیان دە پێکهاتە کۆکراوەکانی دەیانخەنەژێر چاوەدیڕی .

لە ژێر زەخت و گوشار ئەو شێوە لیبرالیسمە لە باو کەوت .ئەوانەی کە حەولی مانەوەیان دەدا “سوسیال لیبرالیسم ” ەکان بوون کە خوازیاری پاراستنی باوەڕ بە دێموکڕاسی و ئازادی تاک بوون ،بەڵام خوازیاری چاوەدێری دەستەڵاتی سیاسی بە سەر ئابووریشدا بوون ،بۆ نموونە دابەشکردن بە سەر شارۆمەندان دا.تێوەگلانی “کێنز ” ئابووری زان ئەو بیرۆکەی کە دەوڵەت دەتوانێ چلۆنایەتی گەشە و نسکۆی ئابووریش دیاری بکا ،توانی دە ساڵی ١٩٣٠ دا بیکا بەجێنشینی عەقڵانییەتی لیبرالیسمی سوننەتی ،تەنانەت لە وڵاتانی ئەمریکا و ئینگلستان کە وەک دوو وڵات کە لیبرالیسمیان لێ لە دایک ببوو .

ڕێنسانسی لیبڕالیسم

بەڵام دە سێبەری ئەو ئیدئۆلۆژییەدا بیرۆکەی لیبڕالیسم سەر لە نوێ بە هێز دەبووە ،ئێستا لە سەر بناخەی بیرۆکەی کۆن و بۆچوونی نوێ دامەزراوە . ئەو ئیدئۆلۆژییە ئیستیبدادییانە و ئەو شەڕە بێوچانانە کە بوونە هۆی داپلۆسینی تاکەکان ،ئینسانەکان سەر لە نوێ بە خۆیاندا چوونەوە و کەللەیان زرینگایەوە کە ئازادی مرۆڤ گەورەترین و گرینگترینە .”تورگنی سێگرستێد “بەرچاوترین لیبرالێک کە دژبەرێکی بەرچاوی نازیسم یش بوو، دە ساڵی ١٩٤٢ دا دەنووسێ ( بەهایەک لە سەرەتاقەدری دەزانرێ کە بە ڕاست دەکەوێتە بەر مەترسی)،و(هەووەڵێن کارێکی ئینسان دوای شەڕ دەبێ بیکا (کڕاسی خەففەت و ژێر دەستی لە بەر خۆی دادڕێ ). دەرکەوت کە قسەکانی درووست بوو.

ئەوئابووری زانانەی ئوتریشی وەک “لوودویک وون میسز- فڕێدریک هایک ” سەردەمی دەستەلاتدارئ نازیستەکان ڕایانکردبووە ئەمریکا ،و لەوێندەرێ ئەو بیرۆکانەی کە لە ئوروپا قەدەغە کرابوون وەک (کۆمەڵگای ئازاد و ئابووری ئازاد )یان بڵاو دەکردەوە بەڵکوو بکرێ وەک سەقامگیرییەکی خۆڕسک  وپێویست لە کۆمەڵگادا جێبکەوێ.ئەوان لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە ئابووری دەوڵەتی ڕەخسێنەری ئەو هەڵە بوو لە ئوروپا کە دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان بتوانن دەستەلات بە دەستەوەبگرن. “کارل پووپر” یش هەر لە سەر ئەو باوەڕەی ئەوان بوو و دەیگووت کۆمەڵگایەکی ئاواڵە لە سەرەوە ڕێبەرایەتی ناکرێ- لەسەر ئەو باوەڕە بوو دێموکڕاسی ، ئازادی بیر وڕا دەربڕێن و ئازادی مەزهەبی چەمک گەلێکن کە گرینگایەتییەکی لە بایی نەهاتوویان بە مەبەستی پاراستنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بن بڕکردنی زوڵم و بێعەداڵەتی هەیە .هاوکات سیستیمی ئابووری لیبراڵی ئەمریکا سەر لەنوێ لەلایەن وەرگرانی خەڵاتی نۆبێل “میلتۆن فرێدمان و جێمز بۆخنان ” هاتەوە گۆڕێ و شییانکردەوە کە بۆیە دەبێ دەوڵەتەکان بچووکتر و بەرتەسکتر بکرێنەوە تا جێ بۆ بەشداری خەڵک دە چارە نووسی خۆیاندا بکرێتەوە .

نووسەر و فەیلەسوف “ئاین ڕاند ” لە بەر زەخت و گوشار لە سۆویەت ڕادەکاتە ئەمریکا، ولەوێ لەسەر فەلسەفەیەکی کە دارێژەری ژیانێکی ئینسانی بێ و تاک تێیدا بتوانێ ماف ئازادی بێ کاری دەکرد و هەزاران کەسی هاندەدا کە چالاکانە بۆ وەدیهاتنی ئازادی حەول بدەن .و بە شێنەیی زۆریەک لە فەیلەسوفەکانی دیکەش ڕێبازی ئەویان گرتە بەر وەک رۆبێرت نووزیک ،موورای ڕۆتبارد و تیبوور ماخان . دە ئاکامدا هاوکات فەیلەسوفەکانی وەک”جان ڕاولز وڕۆنالد دوورکین ” تێئۆری  سوسیال لیبرالیسم کە هەر نوینەرایەتی تێوەگلانی دەوڵەت دە کار وباری ئابووریدا بوو داڕشت ،بەڵام ئەوجارە بە پاراستنی مافی ئازادییەکی زیاتری تاکەکان دە هەرێمەکانی دیکەدا .لە پشت ئەو گشتە بۆچوونانەدا ،دەستمایەیەکی بەرینی بیرمەندان ،لێکۆلەرەوە ، ژورنالیست ، و دیالۆگچی لیبڕال دەرکەوتن .دەو نێوەدا ئیدئۆلۆژیی دیکەش سرنجڕاکێش بوون کە لە هەمبەر ئەو کارەساتە ئابوورییە و مرۆڤییە ،ئازادییان بە تەنیا ئاڵتڕناتیویک بۆ چارە سەرییان دەزانی .سەر لەنوێ سوسیال لیبڕالەکان خۆیان بە لیبراڵ نێو دەبەن ،و تەنانەت زۆر لە کۆنەپەرەستان و سوسیالدیموکڕاتەکان یش دەیانەوێ بە لیبڕاڵ نێویان بەرن .ئیدئۆلۆژییەکانی ئەوان دوای دەیان ساڵ لە سەرەوە حکومەت کردن و وڵامی چەواشییانە دانەوە لە هەمبەر ئازادی ئینسانەکان ،جێی ئیعتیبار ومەتمانە نین .

دە دەستپێکی سەدەی ٢٠دا لیبڕالیسم سەر لەنوێ دەبێتەوە فاکتورێکی سەرەکی کە دەکرێ لە سەری حیساب بکرێ و بێ پسانەوە بیر وبۆچوونی نوێ و نووسراوە و ئیدەی نوێ لە مەڕ ئازادی پێشکێش بە کۆمەڵگا دەکا ،و لە هەموو جێگایەک لە دەورو بەرمان دەتوانین ئەو واقیعییەتە بسەلمێنین کە هەڵوێستی لیبرالیسم لە مەر ئازادی سەرکەوتوو بووە و تۆبز و زەخت نسکۆی هێناوە .بیرۆکەیەک کە کەمتر لە سەدەی ١٧ی سەردەمی سەرهەلدانی لیبرالیسم نییە .بەڵام بەو مەرجە کە تاکەکان هەڵویست بگرن و بوێرانە بەربەرەکانی دەگەڵ دەستەلات لە خۆیان بنوێنن .بەو مەرجە وەک ٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر کەبزاوی بیرۆکەیەک کە بە بێ لەبەرچاو گرتنی خواستی شەخسی سەری هەلدا وخەباتی بۆ ئازادی دەکرد و گوێێ لەوەش نەبوو کە لەلایەن چ کەسانێکەوە هەڕەشەیان لێدەکرد .لیبرالەکان دەبێ هەر ئەوڕادە بویرانە هەڵکوتنە سەر بێرۆکەی دەستەڕاستەکان کە دەیانەوێ ژیان شەخسی و ژیان دڵخوازانەی ئێمە بخەنە ژێر چاوەدیری  هەر وەک لە هەمبەر دەستەچەپییەکان کە دەیانەوێ شێوە ئابووری ئێمە بەرتەسک بکەنەوە .بزاوێک دژ بە هەر چەشنە چاوەدێرییەک بەسەر کردەوەی ئینسانەکان ،دژ بەهەموو تێوەگلانێک دە مافی ئەو و ئەم و شێوەی کڕین و فروش و بەرهەم هێنانی ئازادانە ،و دژ بە هەموو حەولێک کە سنوورەکان و گومرگەکان لە سەر ئینسانەکان دادەخا،بزووتنەوەیەک کە دەڵێ (ئینسان تەنیا جارێک دەژی ،و نە زیاتر) .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.