كێ وركەنانی هەیه وركەنان…
ـ دایه، دایەگیان، سەتڵه وركەنانەكەی ببەم بۆو كابرایەی؟
ـ نا نا ڕۆڵەگیان كارم پێیەتی.
ـ دایه تۆ خودا، دەی دایەگیان پێیدەفرۆشم، پووڵەكەشی بۆ خۆم.
ـ كچم ئاخر پێم گوتی نا، ئەتۆ بۆ حاڵیبوونت نییه ها؟ لێی گەڕێ كارم پێیەتی، ڕاوەسته با پڕ بێ، دوو سێ رۆژی دیكه جا پێت دەڵێم.
ـ باشه دایه گیان.
دوو سێ رۆژ تێپەڕ بوو و بەفر باری. بەیانییەك له خەو هەستام، دەستو دەمو چاوم شوشتو نان و چام خوارد. دایكم گوتی: رۆمینا كچه جوانەكەم، دا هەسته بچۆ كووچه و هاواڵەكانت بانگ بكه بۆ حەسارێ.
ـ بۆ دایه گیان؟
ـ ئاخر ڕۆڵەگیان ئەوڕۆ جێژن دەگرین.
ـ ئەی گیان جێژنه! ئەی دایەگیان جلوبەرگه جوانەكانم لەبەر نەكەم؟
ـ نا رۆمیناگیان، ئەتۆ جارێ بچۆ هاوڕێکانت بانگ بكه….
بەپەله هەڵاتم بۆ دەرێ و هەرای هاوڕێکانم كرد: دیانا، رامیار، تارا، ئاڕمان، لەوەند، سروه، میدیا، ئارینا وەرنه حەساری ئێمه دایكم بانگتان دەكا، هەڵێن وەرن جێژن دەگرین.
هەموویان هاتن. دایكم سەتڵه وركەنانەكەی له حەسارێ هەڵڕشتبوو بڵاوی كردبۆوه، به ئێمەشی گوت: «چاو له ئاسمان بكەن، پۆلپك چۆلەكه له ئاسمان هەڵدەفڕن، جا وەرن بێدەنگ ڕاوەستن، ئێستا وركەنانەكان دەبینن و دێنه خوارێ.
هیندەی پێ نەچوو پۆلێك چۆلەكه له سەر وركەنانەكان هەڵنیشتن و جریوه جریویان دەس پپكرد و خۆشحاڵ بوون.
دایكم گوتی: جا ئەوجار وەرن بازنەیەك دروست بكەن و گۆرانی و ئاوازی جوان بێژن: ئەوڕۆ جێژنه جێژنی چۆلەكان …. بیكەنه چەپڵەڕێزان… جێژنه جێژنی چۆلەكان…
سوغرا ڕەزگەیی _ مەهاباد