کۆتایی رێوییە فێڵبازەکە (شانۆگەرییەکی کۆمیدی)

0
5865

نووسینی 
 حەیدر الحیدر

وەرگێڕ: رەزا شـوان

کەسایەتییەکان بەپێی دەرکەوتنیان:

١ـ رێـوی
٢ـ مریشک
٣ـ مەیموون
٤ـ دایکە مریشک
٥ـ قەلەڕەش
٦ـ شـێر
٧ـ کەروێشک
٨ـ فیـل
٩ـ ئەسـپ
شوێنە سەرەکییەکان: 
١ـ کونی رێوییەکە (ماڵی رێوییەکە)
٢ـ کولانەی مریشکەکە (ماڵی مریشکەکە)
٣ـ دارسـتان.. دیکۆرێک لە شێوەی دارستان 
٤ـ چەند دارێک لە پێش یا تەنیشتی ماڵی مریشکەکە
بەشی یەکەم 
 (رەشەبا هەڵیکرد)
دیمەنی ١-(لە بەردەم کونی رێوییەکەدا)
( رێوییەکە لە ماڵەکەی دێتەدەرەوە…)
رێوییەکە: دۆزیمەوە.. دۆزیمەوە.. بە راستی ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر خۆشە.. بە درێژایی شەوی رابردوو، بیرم لە چارەسەرێک دەکردەوە.. مەبەستم ئەوەیە زیرەکانە بیرم لە فێڵێکی باش دەکردەوە.. ئای کە برسیمە.. پێویستە لە جێبەجێکردنی پلانەکەمدا خێرابکەم.. پێشتر لە کوێ بووم.. بۆ ئەم فێڵەم بۆ نەهات..؟ دەی کاتی قسە نییە با ئێستا ئەنجامی بدەم. 
(رێوییەکە دەچێتە کونەکەیەوە ـ ماڵەکەیەوە ـ دوای کەمێک دێتەدەرەوە.. شریتێکی کاسێتی بەدەستەوەیە (دەکرێش لە جێی کاسێت سیدی بێت).. لەسەر کاسێتەکە دەنگی رەشەبا ـ وژە وژی بە هێزی با ـ تۆمارکراوە…)
رێووییەکە: هەی.. هەی.. خۆ دەزگای تۆمارکەرەکەم نەهێناوە.. کەی من وا بێهۆش بوومە.. ئەی نابێ بزانم کە کاسێت بە چێ لێدەدرێت.
(رێوییەکە دووبارە یەکسەر دەچێتەوە ناو کونەکەی و زوو دێتەدەرەوە و تۆمارکەرێکی ـ تەسجیلێکی ـ بە دەستەوەیە و.. کاسێتەکەی تێ دەکات…)
رێوییەکە: ئێستا تەواوە.. دەی باشە با بڕۆم پلانەکەم جێبەجێ بکەم.
(سەر شانۆ تەریک دەکرێ و….. پەردەی شانۆ دادەدرێتەوە)
دیمەنی ٢-(لە بەردەم ماڵی مریشکەکەدا)
(رێوییەکە تۆمارکەرەکەی هەڵدەکات و.. هەموو دەنگەکەی دەکاتەوە.. لە پشتی دارێکەوە، لە نزیکی کولانەی مریشکەکەدا دایدەنێت.. دەنگی رەشەبا دێت ـ هاژەی رەشەبا دێت ـ…. مریشکەکە پەنجەرەی خانووەکەی دەکاتەوە و لەوێوە دەڕوانێت.. گوێی لە وژە وژەی بایە….)
مریشکەکە: ئەم دەنگە ترسناک و ناخۆشە چییە..؟ لەو باوەڕەدام کە رەشەبا هەڵێکردووە.. بەڵی رەشەبایە.. بەرەو ئێرەش هەڵدەکات.
رێوییەکە ( لەنێو دارەکانەوە دەردەچێت): بەڵێ.. بەڵێ.. مریشکی هاوڕێم.. ئەوە رەشەبایەکی کاولکەرە.. چی لە رێگاکەیدابێت هەمووی هەڵدەتەکێنێت .. لەم لایەوە دێت.. پێویستە شوێنێکی ئارام بدۆزیتەوە.. ئەگینا..!
مریشکەکە: چی.. شوێنێکی ئارام..؟ ئایا لە ماڵەکەی من شوێنیکی ئارامتر هەیە..؟
رێوییەکە: ها.. ها..ها.. ماڵەکەت (گاڵتەی بە قسەکەی کرد) تۆ دەربارەی چ ماڵێک دەدوێی..؟ ئەمە رەشەبایەکی زۆر بەهێزە و.. چی لە رێگاکەیدا بێت هەموویان لەبنەوە هەڵدەتەکێنێت.. بە کولانەکەی تۆشەوە.
مریشکەکە: ئەی چار چییە..؟ کەواتە دەبێت چی بکەم..؟
رێویەکە: مەترسە.. چارە لە لای منە.. شوێنێکی ئارام هەیە.. کە لە هەموو مەترسییەک دەتپارێزێت.
مریشکەکە: ئەو شوێنە لە کوێیە..؟ پیشانم بدە.
رێوییەکە: ئەو شوێنە ماڵەکەی منە.. ماڵەکەی من لە توونێلەکە دایە.. ئەم توونێلە با نایگرێتەوە ( لەبەر خۆشیەوە، قسە و فسکەفسک دەکات..) بەڵام ئەوە توونێلێکی ترسناکە.
مریشکەکە: ئەوە وتت چی..؟ دووبارەی کەرەوە.
رێوییەکە: چیم وت..؟ هیچم نەوت.. کاتی ئەوە نییە، کە کات بەفێڕۆبدەین..
دەی خێراکە.. وا رەشەبایەکە گەیشتە ئێرە..( دەنگی وژە وژی با دێت…).
مریشکەکە: باشە.. کەمێک چاوەڕێم بکە.. با شتەکانم کۆبکەمەوە.
رێوییەکە: باشە هاوڕێی خۆشەویستم.. بەڵام کەمێک خێراکە.
(مریشکەکە پەنجەرەکەی پێوە دەدات…)
رێوییەکە (لە خۆشییا سەما دەکات…): پلانەکەم سەری گرت.. پلانەکەم 
سەری گرت.
مریشکەکە (پەنجەرەکە دەکاتەوە و سەیری رێوییەکە دەکات..): ڕێوی خۆشەویست ئەوە چیت وت؟.. وتت پلانەکەم سەری گرت..؟
رێوییەکە: ئازیزەکەم، کەی وام وت..؟ وا دیارە دەنگی رەشەبایەکە کاری لە گوێیەکانت کردوون.. کوێیەکانت دەزرنگێنەوە.
مریشکەکە (بە راشکاوییەوە): گوێم لێبوو کە وتت پلانەکەم سەری گرت.
رێوییەکە: نا هاوڕێی خۆشەویستم (زمانی پەڵت بوو) وام نەوت.. بەڵکو وتم.. بەڵکو وتم ..(هاتەوە سەرخۆی).. ئۆۆی.. تۆ هەموو شتێکت لە بیر بردمەوە
نەموت پلان.. بەڵکو وتم پشیلان سەرکەوتن.. بەڵێ، وتم پشیلان.
مریشکەکە: پشیلان..؟ کام پشیلانە..؟!
رێوییەکە: ئۆۆی.. ئەو پشیلانەی کە دەمیاوێنن.. گوێم لە رەشەباکەیە بەرەو
توونێلەکان هەڵیکرد.. دەی خێراکە.. با بڕۆین تا زووە خۆمان قایم بکەین.
مریشکەکە: تێگەیشتم.
رێوییەکە: لە چی گەیشتی؟!.. دەی خێراکە.. با یەکسەر ئێرە بەجێبهێڵین..
ئەگینا تووشی مەترسی دەبین.
(دەنگی تۆمارکەرەکە وەستا .. دەنگی وژەی با نایات.. کپ و ئارامە…)
مریشکەکە: باس لە چی مەترسییەک دەکەیت؟
رێوییەکە: گیانەکەم.. باسی دەنگ و مەترسیی رەشەبایەکە دەکەم (لەبەر 
خۆیەوە…) دەک ئەم کاسێتە بە نەفرەت بێ ! چۆن لەم کاتەدا وەستا.
مریشکەکە: بەڵام من گوێم لە دەنگی هیچ بایەک نییە.
رێوییەکە: بەڵام ئەو رەشەبایەی کە دەنگی نەیات.. زیاتر مەترسیدار و
کاولکەرە.
مریشکەکە (بە تەڵفیسییەوە..): مەبەستت لەو ئارامییەی پیش هەڵکرنی رەشەبایە..؟
رێوییەکە: بەڵێ گیانەکەم.. هەی ئافرین بە تەواوی وایە.. وایە من مەبەستم ئەمەیە.. دەی خێراکە.. ئەو لە رێگایە.. بابڕۆین تا نەگەیشتۆتە سەرمان.
مریشکەکە: بەڵام من گوێم لە داپیرەم بوو.. دەیوت: گەر مەترسی روومان لێبکات.. نابێت ماڵەکانمان بەجێبهێڵین و رابکەین.. بەڵکو پێویستە خۆمان
رابگرین و پارێزگاریی لێبکەین.
رێوییەکە: واز لە قسەی پیرەژنان بهێنە.. وا دیارە داپیرەت تێکچووە و
خەڵەفاوە.. تۆیەکی مریشکی لاواز.. چ هێزێکت هەیە تا لە رووی ئەم 
رەشەبایە بوەستیت؟ گەر بە قسەم نەکەیت و بمێنیتەوە، بێگومان لەناودەچیت.
مریشکەکە: بەڵام پەندێکی کوردی هەیە.. کە دەڵێ:
رێوییەکە: کەی کاتی پەند و مەندە.. دەی بڵێ کورد چی دەڵێ؟
مریشکەکە: کورد دەڵێ: ئەو دەرگایەی بای لێدێتە ژوورەوە.. قایم بیگرە و بە ئارامی و دڵنیاییەوە دابنیشە.

( پەنجەرەی ماڵەکەی بە قایمی پێوەدەدات و.. دەچێتە ژوورەوە…)
رێوییەکە: پلانەکەم شکستی هێنا و.. سەری نەگرت.
(سەر شانۆ تاریک دەکرێ و ….. پەردەی شانۆ دادەرێتەوە)

بەشی دووەم


دیمەنی ١-(لە بەردەم کونی رێوییەکەدا..)
( مەیموونێک چەند شووشە شەربەتێکی رەنگاوڕەنگی لەسەر عارەبانەیەکی بچووک داناوە و.. لە نزیک کونی رێوییەکەدا.. هاوار دەکات..) 
مەیموونەکە: شەربەت.. شەربەتی نایابمان هەیە.. لە جیهاندا لە وێنەی نییە.
(بە گۆرانیشەوە دەڵێ..)
 
من مەیـــموونی مەیمــوونانم
 خەڵــکی وڵاتـــــی هیندسـتانم
 شەربــەتی مـن وێنـــەی نییە 
ئەفســـووناوی و مــــــرازییە
کـەسێ بیکڕێ و بیخــواتەوە
راز و گــــــرە و دەبــــــاتەوە
وا لە فیــل دەکـات کە بفــڕێت
 گوێدرێژیش تاج لە سەر نێت 
(رێوییەکە لە کونەکەی دێتە دەرەوە و… بانگی مەیموونەکە دەکات…)
رێوییەکە: ئەی مەیموونی نالەبار.. دەی با بزانم چیت لە لایە.
مەیموونەکە: گەورەم.. رێوی فێڵباز، چی دەخوازیت لەلام هەیە.. بڕوانە
ئەم شەربەتە.. ئا ئەم چەشنەیان.. ئەمەیان شەربەتێکە هەر مەپرسە.
رێوییەکە( ئەماژە بە شووشەیەک دەکات…): ئەم جۆرەیان چۆنە؟
مەیموونەکە: گەورەم رێوی.. لەم چەشنەیان تەنها قومێکی لێبخۆێتەوە..
بۆ ماوەی رۆژێک دەتکات بە شای دارستان.
رێوییەکە: پێویستیم بەم پۆستە نییە..(ئاماژەی شووشەیەکی تری کرد…)
ئەی ئەمەیان چییە..؟
مەیموونەکە: گەورەم.. ئەم چەشنە شەربەتە.. گەر دەرخواردی دوژمنەکەتی
بدەیت.. وای لێدەکات کە بۆ ماوەی رۆژێک.. لە قسەت دەرنەچێت و هەموو فەرمانەکانت جێبەجێ بکات.. بە تەواوی ملکەچی داخوازییەکانت دەبێت.
رێوییەکە (بە خۆشییەوە): ئا ئەمەم دەویست.. دەی ئەم شووشەیەم بدەرێ.
مەیموونەکە: لە پێشا پارەکەیم بدەرێ.
رێوییەکە: هەر ئێستا بۆتی دەهێنم (بە خێرایی دەچێتەوە کونەکەی بۆ ئەوەی
پارە بێنت…)
مەیموونەکە: بێگومان ئەم رێوییە فێڵبازە لە کڕینی ئەم جۆرە شەربەتە..
مەبەستێکی هەیە.. شتێکی لەبن سەردایە.. بەڵام دەیخەڵەتێنم .. جۆرە
شەربەتێکی تری دەدەمێ.. کە بە پێچەوانەی ئەم شەربەتەوەیە.
رێوییەکە (دەگەڕێتەوە و.. پارەکەی بە دەستەوەیە): ها مەیموون .. پارەکەت بگرە و شەربەتەکەم بدەرێ.
مەیموونەکە: فەرموو گەورەم رێوی(رێوییەکە شووشە شەربەتەکە وەردەگرێت و.. ماچێکی دەکات و.. دەینووسێنێت بە سنگییەوە.. دەست بە هەڵپەڕێن دەکات و.. پێکەنێت.. ئینجا دەچێتە ناو کونەکەیەوە…)

( سەر شانۆ تاریک دەکرێ و….. پەردەی شانۆ دادەدرێتەوە)
دیمەنی٢-(لە بەردەم ماڵێ مریشکەکەدا..)
(مەیموونەکە لەوێوە رەت دەبێ و..هەمان گۆرانیی دیمەنی یەکەم دەڵێتەوە)
مریشکەکە(دەرگاکەی دەکاتەوە و دێتە دەرەوە…): مەیموونی هاوڕێی ئازیزم چیت هەیە.. پێشانمی بدە.
مەیموونەکە: مریشکی ئازیز.. من لەگەڵتا راست دەبم.. ئەوەی کە دەتەوێ دەدەمێ.. چونکە تۆ دڵپاکیت و.. تۆ لەگەڵ رێوییە فێڵبازەکەدا جیاوازی.
مریشکەکە: ئایا رێوییەکە لەم شەربەتەی کڕی..؟
مەیموونەکە(پێدەکەنێ…): نەخێر.. من رێوییەکە دەناسم و، دەزانم کە
چ نیازێکی گڵاوی هەیە.. جۆرە شەربەتێکم داپێی.. گەر دوژمنەکەی
بیخواتەوە.. ئەو دوژمنە بۆ ماوەی یەک رۆژ بە تەواوی دەبێت بە
شای دارستان.. رێوییەکەش دەبێت بە خزمەتکارێکی ملکەچ و گوێدێری.
مریشکەکە: تێگەیشتم کە ئەم رێوییە فێڵبازە مەبەستی چییە.. ئێستا ئەوەی
هەتە پێشانم بدە.
مەیموونەکە: ئەم چەشنە شەربەتەم هەیە.. گەر دوژمنەکەت بیخواتەوە بۆ
ماوەی رۆژێک لە قسەت دەرناچێت و.. بە تەواویش ملکەچی فەرمانەکانت دەبێت.. لەو بڕوایەم، کە ئەمەت دەوێ..؟ 
مریشکەکە: هاوڕێکەم.. سوپاست دەکەم .. تێگەیشتی کە چیم دەوێ.. فەرموو پارەکەت بگرە و شەربەتەکەم بدەرێ.
(مەیموونەکە شەربەتەکەی دەداتێ و.. پارەکەی لێ وەردەگرێ و.. ماڵئاوایی لە مریشکەکە دەکا و .. دەڕوا و هەمان گۆرانی پێشوو دەڵێتەوە…)
مریشکەکە: ئەی رێوی فێڵباز .. ئێستا لە چاوەڕوانیت دام کە بێیت.

(شانۆ تاریک دەکرێ و….. پەردەی شانۆ دادەرێتەوە )
دیمەنی ٣-(لە بەردەم کونی رێوییەکەدا..)
رێوییەکە(شووشە شەربەتەکەی بە دەستەوەیە و.. بە تەوسەوە پێدەکەنی…):
مریشکەکە.. ئێستا تێر شەربەتت دەکەم و ملکەچم دەبێت.. ئێوارە خواردنێکی
خۆشم دەبێت..(پێدەکەنێت…)
(سەر شانۆ تاریک دەکرێ و….. پەردەی شانۆ دادەدرێتەوە)
دیمەنی٤-( لە بەردەم ماڵی مریشکەکەدا..)
( رێوییەکە بەرەو ماڵی مریشکەکە دەڕوات و.. بانگ دەکات..)
رێوییەکە: هۆ مریشکی هاوڕێم.. مریشکە گیان.. تۆ لە کوێی؟
مریشکەکە(پەنجەرەکە دەکاتەوە…): کێیە؟ رێوی هاوڕێم.. تۆیی.
رێوییەکە: بەڵێ منم.. هاوڕێی خۆشەویستم.. بە بۆنەی یادی جەژنی
لە دایکبوونت.. دیارییەکم بۆ هێناوی.
مریشکەکە: بەڵام ئازیم .. جەژنی لە دایکبوونم چەند مانگێک بەر
لە ئەمڕۆ بوو.
رێوییەکە: ئەمە چ زیانێکی هەیە..؟ خەڵکی کەی بیانەوێت بە بۆنەی
جەژنی لە دایکبوونیانەوە ئاهەنگ دەگێڕن.
مریشکەکە: باشە دیارییەکەت چییە؟
رێوییەکە: ئەم شووشە شەربەتە خۆشەیە.. گەر بیخۆیتەوە.. چۆست و
چالاک و بە گوڕ و جوان و قەشەنگ و قەدباریکیت بۆ دەگەڕێنێتەوە.
مریشکەکە: منیش شەربەتێکی خۆشت دەدەمێ.. چاوەڕێکە تا دوو
پەرداخ دێنم..(پەنجەرەکەی پێوەدەدات…)
رێوییەکە(پێدەکەنێ…): بە دڵنیاییەوە ئەمجارەیان سەردەگرێت.. (لەپشت خوانێکی ـ مێزێکی ـ نانخواردنەوە کە لە باخچەکەدا دانراوە دادەنیشێت…)
مریشکەکە(دەردەکەوێ و شووشەیەک شەربەت و دوو پەرداخی لەسەر 
سینییەک داناوە، دەیخاتە سەر خوانی نانخواردنەکە و.. لە بەرانبەر 
رێوییەکەدا دادەنیشێت…)
رێوییەکە: منیش دیارییەکەی خۆم دادەنێم.. (شووشە شەربەتەکەی دەردەکا و لەسەر خوانەکە دایدەنێت…)
مریشکەکە( لە شووشەکەی خۆی پەرداخێک شەربەت پڕدەکات…): بەڕێزم تۆ ئەم شەربەتە خۆشەی من بنۆشە.
رێوییەکە: منیش لە شەربەتەکەی خۆم پەرداخێکت بۆ پڕ دەکەم و بیخۆرەوە و بزانە چەند خۆش و شیرینە.. بڕواناکەم هەرگیز شەربەتی وات خوادووبێتەوە.
( پەرداخێک پڕدەکات… هەردووکیان پەرداخەکان هەڵدەگرن و بەرزیان دەکەنەوە.. لێکیان دەدەن و.. نۆش.. نۆش.. مژێکی لێدەدەن…)
رێوییەکە: ئەی مریشکی خۆشەویست جەژنی لە دایکبوونت پیرۆزبێت.
مریشکەکە: سوپاس ئەی رێوی خۆشەویست.. دەی با هەمووی بخۆینەوە.
(هەردووکیان تەواوی پەرداخە شەربەتەکانیان.. دەخۆنەوە…)
رێوییەکە(هەر کە شەربەتەکە دەخواتەوە.. دەکەوێتە سەر ئەژنۆکانی…): گەورەم من ملکەچی فەرمانەکانتم.. بفەرموو چی داوادەکەی لە ئۆغرتدام.
مریشکەکە(زەردە خەنەیەک دەکات و سنگی بەرزدەکاتەوە…): گەورەت.. ئا..
بەڵێ.. گوێ بگرە ئەی رێوی.. ئەوەی کە پێت دەڵێم هەر ئێستا جێبەجێی بکە.
رێوییەکە(هەڵدەستێتە پێوە و خۆی لە بەردەم مریشکەکەدا دەچەمێنێتەوە…):
فەرمانتە گەورەم.. بڵێ چیبکەم..؟
مریشکەکە: دابنیشە و دەستەکانت بخەرە سەر سەرت(رێوییەکە ئەوە دەکا…)
دەی خێرا هەستە پێوە(رێوییە هەڵدەستێ…)(مریشکە پێدەکەنێ…) گوێ بگرە
ئەی رێوی.. پێویستە هەر ئێستا هەموو گەڵا وەریوەکان و پووش و پەڵاشی دارستانەکە بە جوانی پاک بکەیتەوە.
رێوییەکە: فەرمانتە گەورەم (لە بەردەم مریشکەکەدا.. خۆی دەچەمێنێتەوە…)
مریشکەکە: دەی خێراکە.. لێرەوە دەستی پێبکە.. تا ئەوپەڕی دارستانەکە.
رێوییەکە: فەرمانتە گەورەم..(خۆی دەچەمێنێتەوە…) 
مریشکەکە: ئەوە بۆ وەستاوی..؟ چاوەڕێی چیتە..؟ دەی دەستی پێبکە.
(رێوییەکە دەست بە کۆکردنەوەی گەڵا و پووش و پەڵاش دەکا…)
مریشکەکە: گورج بە.. ئەی رێوی تەمەڵ و تەوەزەل.
رێوییەکە: فەرمانتە گەورەم.
مریشکەکە: لەسەرتە.. دارستانەکە جوان لە پووش و پەڵاش پاک بکەیتەوە..
بە دەنگێکی قایمیش بڵێیت.
رێوییەکە: گەورەم.. چی بڵێم..؟
مریشکەکە: بڵێ: ئەوەی چاڵ بۆ برای هەڵبکەنێت…. خۆی تێی دەکەوێت.
رێوییەکە(رێوییەکە خەریکی پاکردنەوەی دارستانەکە دەبێ و.. دەڵێ…):
 ئەوەی چاڵ بۆ برای هەڵبکەنێت …. خۆی تێی دەکەوێت.

( سەر شانۆ تاریک دەکرێ و….. پەردەی شانۆ دادەدرێتەوە)

بەشی سێیەم
دیمەنی ١-(پۆســـتەچی لە بەردەم کونی رێوییەکەدا..) 
( رێوییەکە لە کونەکەی دێتە دەرەوە .. جلوبەرگی پۆستەچیی لەبەردایە.. جانتایەکی رەشیشی لە شانە.. کۆمەڵێک زەرفی نامەشی بە دەستەوەیە…)
رێوییەکە: ئەمەیان پلانێکی باش و سەرکەوتوو دەبێت.. ئەی مریشکە
خۆشەویستەکە.. ئەمجارەیان دەبێت بکەویتە تەڵەوە.. دەی باشە.. کاتی ئەوە
نییە کە کاتم بە فیڕۆبدەم.. با دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکەم بکەم.
(سەر شانۆ تاریک دەکرێ و….. پەردەی شانۆ دادەرێتەوە)
دیمەنی٢- (لە بەردەم ماڵی مریشکەکەدا..)
رێوییەکە: هۆ مریشکی خۆشەویست.. مریشکی خۆشەویست.
مریشکەکە(پەنجەرەکە دەکاتەوە…): کێیە..؟ دیسان تۆی.. چیت دەوێ..؟ 
رێوییەکە: وازم لە فێڵبازی هێناوە.. وەکو دەبینی.. ئێستا فەرمانبەرم 
لە فەرمانگەی پۆستی دارستاندا کاردەکەم.
مریشکەکە: بڕوا بەمە ناکەم.. ئێستا بڵێ بزانم چیت دەوێت..؟
رێوییەکە: چیم دەوێ؟ لە دایکتەوە بروسکەیەکی خێرام بۆ هێناوی.. هەرکە
لە دایرەی پۆست بروسکەکەم وەرگرت.. یەکسەر بە خێرایی بۆم هێنای..
(زەرفێکی نامە بەرزدەکاتەوە…) ئەمە بروسکەکەی دایکتە.
مریشکەکە: دە باشە.. پێم بڵی بروسکەکە چیی تێدایە..؟
رێوییەکە: بەڕێزم.. دایکت(گریانێکی درۆزنانە دەکا..) دایکت(دووبارە دەگری)
مریشکەکە: دایکم چییەتی..؟
رێوییەکە: دایکت لەسەر جێی مردندایە.. کە بینیم گڕم بۆی تێبەربوو.. سوێ چۆتە دڵمەوە.. زۆر بێ هێز و خەمبارە و.. لە دەست و پێ کەوتووە و جۆڵەی زۆر کەمە.. زۆر بە زەحمەتیش قسەدەکات (رێوییەکە دەگری…) دایکت رایسپاردم و وتی: ئەی رێوی خۆشەویست.. بە کچەکەم رابگەیەنە کە من لە
سەرەمەرگدام.. پێش ئەوەی کە بمرم.. با کچەکەم بە خێرایی بێت و.. بمبینێت.
مریشکەکە: دایکم ئەم قسانەی پێوتی؟
رێوییەکە: بەڵێ.. بەڵێ ئەو بە دەمی خۆی ئەم راسپاردەیەی پێوتم.
مریشکەکە: کەی پێی وتی؟
رێوییەکە: بەر لە چەند کاتژمێری پێش ئێستا.. من لە لایەکی دارستانەکەدا بووم.. بە پەلە بۆ لات هاتم.. تا ئەم هەواڵەی دایکت پێ بگەیەنم.
مریشکەکە(پێدەکەنێ…): ئەی ئەو بروسکەیە چییە؟
رێوییەکە: ئۆۆی.. بروسکە.. بەڵێ.. بەڵێ.. بارودۆخی نالەباری دایکت وای لێکردم کە هەموو شتێکم لە بیربچێتەوە.. فەرموو خێراکە وەرە سەیریکە..
کاتی ئەوە نییە کە بە قسەی بێ مانا بیبەینەسەر.. دایکت گیانەدات.
مریشکەکە: ئەی چۆن بگەمە لای دایکم.. دەزانم بۆ گەیشتن بە لای رێگای ناو دارستانەکە سامناکە و.. زۆر چڕ و مەترسیدارە.. ناتوانم بگەمە لای.
رێوییەکە: گیانەکەم ..مەترسە من لەگەڵتام.. لە دڕندە دەتپاريزم و بە بێوەیی دەتگەینمە لای دایکت.. دەی خێراکە.
مریشکەکە: باشە چاوەڕێم بکە.. تا باوڵکەم دەپێچمەوە.
(پەنجەرەکە دادەخات…)
رێوییەکە(لە خۆشیا هەڵدەپەڕێت…): ئەمجارەیان پلانەکەم سەری گرت.
مریشکەکە(دەرگای ماڵەکەی دەکاتەوە…): ها.. رێوی ئازیز.. هێشتا چاوەڕێم دەکەی؟
رێوییەکە: بەڵێ ئازیزم چاوەڕێت دەکەم.. دەی خێراکە با بڕۆین.. تا نەمردووە.
مریشکەکە: کەسی سێیەمیش دەیەوێت لەگەڵماندا بێت.. خۆ پێت ناخۆش نییە؟
رێوییەکە: کەسی سێیەم..! کێیە ئەو کەسە..؟
مریشکەکە(پێدەکەنێ…): دەی دایکە گیان.. خێراکە وەرە.
رێوییەکە(بە سەرسووڕمانەوە…): دایکت !
مریشکەکە: بەڵی دایکم(پیدەکەنی…) لەسەر جێی مردنە.. وانییە رێوی..؟؟
دایکەمریشک: ئەی رێوی.. رێویی درۆزن.. چاوەڕێکە وا من هاتم.
(دایکە مریشک دەردەکەوێ و.. گسکێکی کلک درێژ بە دەستەوەیە و هەڵمەت بۆ رێوییەکە دێنێ … رێوییەکە کە زانی فێڵەکەی ئاشکرابوو.. رایکرد…)
مریشکەکە(لە دوورەوە بانگی لە رێوییەکە کرد…): رێوی ئازیز.. ئەم پەندە
کوردییەش لەبەر بکە.. (پەتـی درۆ کـورتە)
(سەر شانۆ تاریک دەکرێ و….. پەردەی شانۆ دادەدرێتەوە)

بەشی چوارەم
دیمەنی ١- (تارمــایی لە بەردەم کونی رێوییەکەدا..)
رێوییەکە: ئاخ.. ئە گەر یاسای دارستان رێگری ئەوە نەدەبوو، کە هەڵکوتیتە سەر ماڵان.. خۆم دەمزانی کە چیم دەکرد.. ناتوانم مریشکێکی بچووک بگرم و بیخۆم.. بەڵام فێڵێکی تازەم هەیە.. لە دوای خۆرئاوابوون.. دەستی پێدەکەم..
بەڵکو ئەمجارەیان سەربگرێت.
(دوای ئەو قسانە.. رێوییەکە دەچێتە کونەکەیەوە…)
(سەر شانۆ تاریک دەکرێ و ….. پەردە شانۆ دادەدرێتەوە)
دیمەنی٢-(لە دوای خۆرئاوابوون لە بەردەم ماڵی مريشکەکەدا..)
(مریشکەکە لەم کاتەدا لە دەرەوەیە… هەست بە شتێک دەکات و…دەڕوانێتە پێش خۆی…)
مریشکەکە: دەبینم تارماییەک بە کراسێکی سپیی تەنکەوە بەرەو ئێرە دێت.. شێوەیەکی زۆر سەیر و ترسناکی هەیە.. بابچمە ژوورەوە و لە پەنجەرەکەوە سەیری بکەم.. ئاگاداری باشە و، لە زیان دەمان پارێزێت.
(مریشکەکە دەچێتە ژوورەوە و دەرگاکەی ماڵەکەی دادەخات.. رێوییەکە کە بە پارچە کوتاڵێکی سپی تەنک و رووناک سەر و لەشی خۆی پۆشیوە.. وا خۆی پیشان دەدا کە تارماییە ـ خێوە ـ بەرەو ماڵی مریشکە دێت و نزیک دەبێتەوە.. بەڵام لە دواوە کلکی بەدەرەوەیە… وا دیارە و کوتاڵەکە نەیپۆشیوە.. دەنگێکی سەیری وەکو تارمایی دەردەکات.. جووڵەی سەیر و ترسناکی نامۆش دەکات..)
رێوییەکە: مریشکەکە.. هۆ مریشکەکە.. دەرچۆ لەم ماڵە.. ئەمە ماڵی منە.
مریشکەکە(پەنجەرەکە دەکاتەوە و.. لە تارماییەکە دەڕوانێت…): لێرە دەرچم؟
رێوییەکە(تارماییەکە): من تارماییم.. تارمایی.. ئەمە ماڵی منە.. پێویستە هەر ئێستا بۆمی بەجێبهێڵیت.
مریشکەکە: ئەم ماڵە بەجێبهێڵم..؟! چۆن بە جێی بهێڵم.. ئەمە ماڵی منە.
رێوییەکە: نەخێر ماڵی تۆ نییە.. ئەمە ماڵی تارماییە.
مریشکەکە: نا.. تکایە وا مەکە.. ئەمە ماڵی منە.
رێوییەکە: پێم وتی ئەمە ماڵی منی تارماییە.. لە باوباپیرانمەوە بۆم ماوەتەوە، پێویستە هەر ئێستا بەجێبهێڵیت.
مریشکەکە: بەجێبهێڵم.. ئەی بۆ کوێ بچم..؟
رێوییەکە: دەتوانيت بچیت بۆ ماڵی رێوی هاوڕێت.. لێرەوە نزیکە.. لە
نزیکی توونێلەکانە.
مریشکەکە(لە مەبەستی رێوییەکە تێگەیشت): من وا هەست دەکەم ئەمە فێڵە.
رێوییەکە: ئەوە چی دەڵێی؟
مریشکەکە: هیچ ناڵێم.. باشە تارمایی بەڕێز.. داواکەت جێبەجێ دەکەم.. بەڵام
منیش داوایەکی ئاسانم لێت هەیە.
رێوییەکە: بڵێ چی داوایەکت هەیە..؟
مریشکەکە: دەبێ حەوت جار بە دەوری خۆتدا بسوڕێیتەوە.. گەر وا نەکەی
ئەم ماڵە بەجێناهێڵم.
رێوییەکە: باش دەسووڕێمە..(دەست بە خولانەوە بە دەوری خۆیدا دەکا… 
کلکی باشتر دەردەکەوێت و.. لە پشتی کوتاڵەکەوە دەجووڵێتەوە…)
مریشکەکە(پێدەکەنێ و لەبەر خۆیەوە…): ئای کە رێوییەکی گەمژەیە.
رێوییەکە: ئەوە سووڕی حەوتەمینيشم تەواوکرد.. ئەی ئێستا هيچ
داوایەکی ترت هەیە..؟
مریشکەکە: گەورەم تارمایی.. من ئەوە دەزانم، کە تارمایی کلکی نییە..
بەڵام گەورەم، کلکی تۆ لە دواوە باش دیارە.
رێوییەکە(هەستی کرد کە کلکی بە دەرەوەیە.. دەستی بۆ کلکی درێژ کرد…):
ئەمە چییە..؟ کلکم بە دەرەوەیە..؟(هەوڵدەدات کە کلکی بخاتە کوتاڵەکەوە و بیشارێتەوە…).. نا.. نا مریشکەکە.. زانیارییەکانی تۆ وردنین.. تارماییەکانی دارستانەکان جیاوازیان هەیە لەگەڵ تارماییەکانی تردا.
مریشکەکە: ئەی ئەوەت بینیوە کە تارمایی ددانی هەبێت..؟
رێوییەکە: نەخێر ددانی نییە.
مریشکەکە: بەڵام ددانەکانی تۆ.. لەبن باڵاپۆشە تەنکەکەتەوە، دیارن و جوان
دەبریسکێنەوە.
رێوییەکە: مریشکە گیان.. تۆ بە هەڵەدا چوویتە.. رەنگە خەیاڵ بکەیتەوە و..
قسەکانت خەیاڵی بن.. ئەم شتانە بە خەیاڵ بیان بینیت.
مریشکەکە: باشە.. کەمی مۆڵەتم بدەرێ.. با بچم کەل و پەلەکانم کۆبکەمەوە..
ئەم ماڵە بەجێدەهێڵم و.. دەچم بۆ ماڵی رێویی هاوڕێم.
رێوییەکە(بەخۆشییەوە…): ئیشێکی باش دەکەیت.. من لە لای ئەو دارە
چاوەڕێت دەکەم(بەرەو لای دارەکە دەڕوات…)
مریشکەکە: پێویستە بە هەمان چەکی خۆی، شەڕ لەگەڵ رێوییەکەدا بکەم.
( مریشکەکە دەچێتە ژوورەوە.. شریتێکی کاسێت دەخاتە ناو تۆمارکەرەکەی خۆی، کە دەنگی وەڕینی سەگی لەسەر تۆمارکردووە.. تۆمارکەرەکە هەڵدەکا.. دەنگی وەڕینی سەگ دێت…)
رێوییەکە(ئەترەشی دەچێت…): هاه.. سەگ..!! لەم کاتەدا ئەم سەگانە چۆن پەیدابوون.. ؟! لێیان تێکدام.. دەک بە نەفرەتبن.
(مریشکەکە سەر لە نوێ پەنجەرەکە دەکاتەوە و.. دەردەکەوێ…): تارمایی ئازیز.. ئەوە بۆ دەلەرزی.. چیت لێ قەوماوە.. پێم بڵێ بۆ وا تێکچووی…؟
رێوییەکە: هیچ نییە، بەڵام سەگ.
مریشکەکە: ئای رێوی ئازیز.. مەبەستم تارمایی ئازیز.. سەگەکان لەوێوە
دێن.. نا نا لەوێوە.. لەم لایەشەوە نزیکبوونەتەوە.
(رێوییەکە بە لای راست و.. بە لای چەپدا دەسوڕێتەوە… )
رێوییەکە: دەنگەکانیان لێرەوە زۆر نزیکە.. با پێش ئەوەی کە کەوڵیان نەکردووم.. رابکەم و خۆم رزگاربکەم.
مریشکەکە: ئازیزم.. بۆ نازانی ئەو سەگانەی کە دەوەڕن گازناگرن.
رێوییەکە: من ئەمە دەزانم.. بەڵام سەگەکان ئەمە نازانن.
(باڵاپۆشەکەی ـ ئەو کوتاڵەی کە بەخۆیەوە ئاڵاندووەـ فڕێ دەدات و رادەکا…) 
(سەر شانۆ تاریک دەکرێ و….. پەردەی شانۆ دادەدرێتەوە)

بەشی پێنجەم
 
 (قەلەڕەشێکی دانـا)
دیمەنی١- (لە بەردەم کونە رێوییەکەدا..)
(رێوییەکە لە بەردەم کونەکەیدا دانیشتووە و.. دەستی خستۆتە سەر سەری
.. قەلەڕەشێک لەوێوە رەت دەبێت… پاڵ بەعارەبانەیەکی بچووکەوە
دەنێت… کە کۆمەڵێک کتێبی بۆفرۆشتن لەسەر داناوە…)
قەلەڕەشەکە: ئەمە کێیە؟ ئەمە تۆی رێویی هاوڕێم؟ دەبینم ماتی و چالاکیت نییە.. چی بووە؟
رێوییەکە(بە قورسییەکەوە سەری هەڵدەبڕێ…): بەخێربێی ئەی قەلەڕەشی
دانای هاوڕێم.. هیچ نەبووە.. ئەم عارەبانەیە چییە وا پاڵی پێوە دەنێی..؟
قەلەڕەشەکە: هاوڕێی ئازیزم.. وەکو دەزانی کتێبخانەیەکی پڕ لە کتێبی پەند و قسەی نەستەقم هەیە.
رێوییەکە: بەڵێ دەزانم.
قەلەڕەشەکە: ماوەیەکە زۆرە کە خوێنەری کتێب کەمبوونەتەوە.. هیچ ئاژەڵێک نەهاتووە بۆ کتێبخانەکەم و، کتێبیان لێ نەکڕیوم.. بۆیە وام بە باش زانی کە هەر لە کتێبخانەکەمدا دانەنیشم.. هەرجارەی بەشێک لە کتێبەکانم دەخەمە سەر ئەم عارەبانەیە و گڕیان دەدەم.
رێوییەکە: لەم دۆخەدا پەند چیت پێدەڵێت..؟
قەلەڕەشەکە: هاوڕێ گیان.. پەند پێی وتم: دامەنیشە و هەستە بگەڕێ و
کتێبەکانی پەندەکانت بفرۆشە.. وەک دەبینیت دەیان فرۆشم.. ئەم کتێبانە
زۆر بەنرخن.. وەرە کتێبێکی بۆ خۆت بەرە.. ها بگرە ئەم کتێبە بۆ تۆ زۆر
بەسوودە.
رێوییەکە: ناونیشانی ئەو کتێبە چییە..؟
قەلەڕەشەکە: ئازیزم ناونیشانی ئەم کتێبە (دەیخوێنێتەوە…) بێ هیوایی لە
راوکردنی کەروێشک دا.
رێوییەکە: نا.. نا.. نامەوێت.. هێندە رامکرد بە دوای کەروێشکدا ماندوویان
کردووم.. ئەی دەربارەی مریشک کتێبت هەیە؟
قەلەڕەشەکە: بەڵی لەم بارەیەوە کتێبم زۆرە.. ئەم کتێبە بکڕە، ناونیشانەکەی (ئامۆژگاریی بە نرخ لە راوکردنی مریشکی قەڵەودا)
رێوییەکە: ئەو قەڵەو نییە.. ئەو ناسک و قەدباریکە.
قەلەرەشەکە: ئەم کتێبە بگرە و.. ناونیشانەکەی بکە بە.. کتێبی رێبازی رفاندنی مریشکی قەدباریک (پێدەکەنێ و.. کتێبێکی تر دەگرێتە دەستییەوە…) 
یا ئەم کتێبە (چەند رێگایەی سەرکەوتوو.. بۆ راوکردنی مریشکی گێل)
رێوییەکە: گەر وابوایە.. هێندە ماندووی ناکردم.
قەلەڕەشەکە: ئەی رێویی هاوڕێم.. سەرسووڕمانت کردم.. ئەم کتێبە بگرە و ئیتر بەسە (کتێبێکی کەی دەداتێ…)
رێوییەکە: (کتێبەکە وەردەگرێ و دەیخوێنێتەوە…).. (چرای شەوقدار بۆ
ئاشکراکردنی نهێنییەکانی مریشک) لەوانەیە ئەم کتێبە بە کەڵکم بێت.
قەلەڕەشەکە: هیوادارم لە هەر پیتێکی سوود وەربگرێت..(عارەبانەکەی 
 لێدەخوڕی…) ماڵئاوا رێویی هاوڕێم.
(سەر شانۆ تاریک دەکرێ و….. پەردەی شانۆ دادەرێتەوە)
دیمەنی ٢-(لە بەردەم ماڵی مریشکەکەدا..)
(مریشەکە پەنجەرەکەی کردەوە.. دەڕوانێت…)
مریشکەکە: ئەوە رێوە فێڵبازەکەیە.. دیسان بەرەو ئیرە دێت.. دەبێ
ئەمجارەیان چیمان بۆ بێنێت..؟
(رێوییەکە دەردەکەوێ.. چەند پارچە کوتاڵێکی رەنگاوڕەنگی بەسەر شانەوەیە.. سەبەتەیەکیش موتووموورووی رەنگاوڕەنگی بە دەستەوەیە…)
رێوییەکە(دێتە پێشەوە): بەیانیت باش ئەی مریشکی ئازیز.
مریشکەکە: بەیانی تۆ باشتر ئەی رێوی ئازیز.. ئەم کوتاڵە رەنگاوڕەنگانە
چین.. کە قورسییان خستۆتە سەر شانەکانت..؟
رێوییەکە: ئازیزم.. ئەمانە بۆ فرۆشتنن.. هەڵبژێرە.. کامیانت بە دڵە.. خۆم و
کوتاڵەکانم لە خزمەتت داین.
مریشکەکە: بازرگانیت..!
رێوییەکە: ئازیزم.. بازرگانی ئاوریشم دەکەم.. پیشەیەکی ئاسانە و پارەیەکی
زۆریشم دەست دەکەوێت.. دەی وەرە هەڵبژێرە حەزت لە کام جۆر و لە کام رەنگیانە..(چەند جۆرە کووتاڵێکی پێشان دەدا…) سەیری ئەم رەنگە گەش و جوانە بکە.. ئەمە هەر لە باڵا ناسک و عەرعەرییەکەی تۆدێت.
مریشکەکە: ئەمەم لا جوان نییە.
رێوییەکە(رەنگێکی تری پیشان دەدات…): ئەی لە بارەی ئەم رەنگەوە رات چییە..؟
مریشکەکە: ئەم رەنگە؟ نا.. نا.. حەزم لەو رەنگەش نییە.
رێوییەکە: ئەی ئەم رەنگە گەنجانەیە..؟ بڕوانە چەند جوانە.. دەبریسکێتەوە.
مریشکەکە: نا ئەوە رەنگێکی تاریکە.. ئەی لەو سەبەتەیەدا چی تێدایە..؟
رێوییەکە: شتی وای تێدایە سەرسامت دەکات (جووتی گوارە بۆ دەردەهێنێ…) ئەم جوتە گوارەیە.. شایەنی گوێیە نەرم و ناسکەکانی تۆن.
مریشکەکە: بێجگە لەم گوارانە.. شتی ترت هەیە..؟
رێوییەکە: ملوانکەی بەنرخیشم هەیە.. بازنگی جوانیشم هەیە.. ئەنگوستیلەی
ئەڵماسیشم هەیە.. پاوانی زیویشم هەیە.. گەردانەی زێڕێشم هەیە.
مریشکەکە(بە نازێکەوە…): ئەمانە هیچیان لای من جوانین.
رێوییەکە: خانمەکەم.. دەزانم تۆ حەز لە شتی زۆر جوان و ناسک دەکەیت.. حەزیشت لە رەنگی تاریک نییە.. حەزت بە بابەتی خۆڕازاندنەوەش نییە.. بەڵام لە گەنجینەکەمدا.. شتی جوانی ئەوتۆی تێدایە.. دڵنیام سەرسامت دەکەن و بە دڵت دەبن.. وەرە با بڕۆین بۆ ئەوێ، ئاوریشمی ساغ و نەرمم هەیە.. ئەنگوستیلەی زۆر جوانی تێدایە.. گەوهەر و مرواری بەنرخم هەیە.
مریشکەکە: لە گەنجینەکەت..؟ بۆ گەنجینەشت هەیە..؟
رێوییەکە: بەڵێ.. گەنجینەیەکی گەورەم هەیە.. من بازرگانێکی گەورە و بە 
ناوبانگی ئاوریشمم.. لە وڵاتانی چین و هیند و کەشمیرەوە ئاوریشم دەهێنم.
مریشکەکە: من تا ئێستا ناوی ئەم گەنجینەیەم نەبیستووە.
رێوییەکە: مریشکی ئازیز.. گەنجینەکەم لە نزیکی توونێلەکان دایە.. 
ئەوەی تۆ خەونی پێوە دەبینی تێیدا هەیە.. دەی خێراکە با بڕۆین.. بە
دڵی خۆت چی هەڵدەبژێری هەڵبژێرە.. من لە ئاستی تۆدا خاوەن ماڵ نیم.
مریشکەکە: رێویی ئازیز.. ئەمە بیرۆکەیەکی جوانە.
رێوییەکە: کەواتە.. دەی خیراکە با بڕۆین.. پێش ئەوەی کات بەسەربچێت.
مریشکەکە: چاوەڕێکە.. تا دەزگیرانەکەشم بانگ دەکەم.. لەگەڵماندا بێت.
رێوییەکە: کێ..؟ دەزگیرانەکەت..؟!
مریشکەکە(بە نازێکەوە…): بەڵێ دەزگیرانەکەم.
رێوییەکە: مریشکی ئازیز.. بۆ کەی شووت کرد..؟!
مریشکەکە: رێویی ئازیز.. دوێنی شووم کرد.
رێوییەکە: ئازیزم.. شوویەکی پیرۆز.. کەواتە خێرا بانگی بکە با بڕۆین.
(مریشکەکە پەنجەرە دەگرێت…)
رێوییەکە(لە خۆشییا هەڵدەپەڕێ…): دەزگیرانەکەی.. کەواتە مریشکەکە و
کەڵەشێرەکەی دەزگیرانی.. پێکەوە راویان دەکەم.. ئەمجارەیان پلانەکەم
سەری گرت.. سوپاس بۆ بیرۆکەکانت ئەی قەلەڕەشی دانـا و بلیمەت.
مریشکەکە(دەرگای ماڵەکەی دەکاتەوە و دەردەچێت…): رێویی ئازیز..
تۆ ئامادەی؟
رێوییەکە: بەڵی ئامادەم، دەی دوام بکەوە.. ئەی دەزگیرانەکەت لە کوێ یە؟
مریشکەکە: ئەو لە پشتی ماڵەکەمەوەیە.. بانگی دەکەم: تۆ لە کوێی ئەی
دەزگیرانە خۆشەویستەکەم.. خێراکە با بچین بۆ گەنجینەی کوتاڵەکان.
(شێرێک لە پشت خانووەکەوە دێتەدەرەوە…) 
شێرەکە: دەزگیرانە جوانەکەم.. من وا هاتم.
رێوییەکە: کێ..؟! شێر..؟؟ ئەمە دەزگیرانەکەتە..؟
(رێوییەکە رادەکا و بۆ حەشارگەیەک دەگەڕێ… شێرەکەش دوای دەکەوێ…)
رێوییەکە: ئەی قەلەڕەشی دانـا.. لە راستیدا ئەمەت دەویست.. کە ئەم پەنە
بەسەرم بێنیت.. راستیان وتووە:
(گەر قەلەڕەش رابەری نەتەوەیەک بێت.. کاولگایەکیان پێشان دەدات..) 
مریشکەکە: رێوییەکە.. گوێت لەم پەندەش بێت:
(گەر تۆچەقـەڵ بیت.. منیش کلکتم..)
ئەم پەندە کوردییەش لەبەربکە: 
(ئەو خوورمایەی تۆ خواردووتە… ناوکەکەی وا لە گیرفانی مندایە)
شێرەکە(دوای کەمی پشوودان…): پشوودان کۆتایی هات.. کایەی دووەم دەست پێدەکەم (بە دوای رێوییەکەدا رادەکا… رێوییەکە دوور دەکەوێتەوە…)
(سەر شانۆ تاریک دەکرێ و….. پەردەی شانۆ دادەدرێتەوە)

بەشی شەشەم
 (جـادووگەرێکی هینـدی)
دیمەنی ١ـ (لە بەردەم کونی رێوییەکەدا..)
ڕێوییەکە(رێوییەکە رۆژنامەیەکی بە دەستەوەیە… بە دەنگێکی بەرز رۆژنامەکە دەخوێنێتەوە…): یارییەکی گرنگی تۆپێن.. لە یاریگای دارستانەکەدا.. لە نێوان تیپی پڵنگە دڕندەکـان و گـا کێوییەکاندا.. هاتن 
بۆ هەمووانە.. باشە با بزانین لە بەشی ریکلامە ناوخۆییەکاندا چی هەیە.
(رۆژنامەکە هەڵدەگێڕێتەوە و.. بەبێ دەنگی دەیخوێنێتەوە…) ئۆۆو..
ئەمە هەواڵێکی گرنگە و ریکلامێکی بەنرخە.. رەنگە بۆ راوکردنی
مریشکەکە بەبێ ئەزیت و خۆماندووکردن، سوودی لێوەربگرم..
باشە با پلانەکەم جێبەجێ بکەم (لە شوێنی خۆیدا.. هەڵدەبەزێتەوە…)
(سەر شانۆ تاریک دەکرێ و….. پەردەی شانۆ دادەدرێتەوە )
دیمەنی ٢ـ (لە بەردەم ماڵی مریشکەکەدا..)
مریشکەکە(پەنجەرەکە دەکاتەوە…): ئای کە چ رۆژێکی خۆشە.. بەیانییەکی
چەن جوانە.. چی دەبینم.. ئەوە رێوییەکە بەرە و ئێرە دێت.. ئەمجارەیان
چی لەبن سەردایە..؟
رێوییەکە(نزیک دەبێتەوە…): مریشکی ئازیز.. بەیانیت باش.
مریشکەکە: رێویی ئازیز.. باشتر بۆ هەمووان.
رێوییەکە: ئەم هەواڵەت بیستووە..؟ (لە پشتییەوە رۆژنامەکە دەردەکات…)
مریشکەکە: هەواڵێ چی؟
رێوییەکە: کەواتە گوێم لێبگرە (دەیخوێنێتەوە…) جادووبازێکی گەورەی
هیندی گەیشتە دارستانەکە، کە ناوی(گوێزهیندا) یە.. دوایین هونەری
جادووبازی و جووڵەی پاڵەوانی سەیر نمایش دەکات.. ئەم هەلە لە دەست 
مەدەن و چێژ و خۆشی لەم یارییە جادووییانە وەربگرن.. کە لە سێرکگای خوارووی دارستانەکەدا نمایش دەکرێت.. رات چییە دەربارەی ئەم هەواڵە؟
مریشکەکە: ئەی تۆ رات چییە دەربارەی؟
رێوییەکە: من رام وایە خێرا بچین بۆ سێرکگاکەی دارستانە و جێگا بگرین،
بە بینینی تازەترین یاریی جادووبازی و سێرک خۆمان دڵخۆش بکەین.
مریشکەکە: مەبەستت من و تۆیە؟
رێوییەکە: بەڵێ ئازیزم.. لە ئێمە زیاتر کێ هەیە..؟
مریشکەکە: ئەم نمایشە جادووییانە.. بە چ بۆنەیەکەوە پێشکەش دەکرێن؟
رێوییەکە: هاهـ.. بە بۆنەی.. بە بۆنەی؟ ئا.. هەر بە بۆنەی هاتنی ئەم جادووبازە گەورەیەوە.. ئەی هەواڵەکەم بۆ نەخوێندیتەوە..!
مریشکەکە: منیش دەمەوێ ئەم هەواڵەت پێ رابگەیەنم.
رێوییەکە: چ هەواڵێک؟
مریشکەکە: ئەم جادووبازە گەورە هیندییە کە لە هیندستانەوە هاتووە.. هاوڕێی خاڵی کەڵەشێرمە، کە ناسراوە بە (کەڵەشێری کرماشانی) چەند
ساڵێکە لە هیندستان کاردەکا.. خاڵم لەگەڵ ئەم جادووبازە هیندییەدا، 
لەوێوە پێکەوە هاتوون.. ئێستا (گوێزهیندا) یە و خاڵم میوانی ئێمەن..
دوێنی ئێوارە، گەلێ یاریی جادوویی سەیر و سەمەرەی زۆر خۆشی 
بۆ کردین.. ئێوارەیەکی خۆشمان بەسەربرد.
رێوییەکە: هاهـ.. ئەو هاوڕێی کەڵەشێرە کرماشانی خاڵتە..؟! 
مەبەستت ئەوەیە کە (گوێزهیندا)یەی جادووباز، ئێستا لە ماڵی ئێوە دایە..؟
مریشکەکە: بەڵێ ئازیزم.. گەر حەزدەکەی بانگی ئەو و خاڵمت بۆ دەکەم..؟
(بانگ دەکات…) خاڵەی خۆشەویستم.. خاڵە گیان.. گوێزهیندایەی جادووباز.
رێوییەکە: نا.. نا.. پێویست ناکات.. بانگیان مەکە و لێیان بگەڕی..(جووڵەی پێدەکەوێت و چەند هەنگاوێ دەنێت و دەیەوێت بڕوات.. بەڵام دەگەڕێتەوە..) ئەی مریشکی ئازیز.. بیرۆکەیەکی تازەم هەیە.
مریشکەکە: چییە؟ 
رێوییەکە: رات چییە.. جوانترین جل و بەرگەکانت لەبەربکە و.. پێکەوە بچین
لە یاریگای دارستانەکەدا سەیری یاری بکەین..؟
مریشکەکە: بێم لەوێ چیبکەم لە گەڵتدا..؟
رێوییەکە: دوای کاتژمێرێکی تر یارییەکی گرنگی تۆپی پێ دەست پێدەکات
.. حەزت لە تۆپی پێ نییە؟
مریشکە: ئاه.. بەڵێ زۆر حەزم لە بینینی ئەم یارییە هەیە.. دەربارەی ئەم
یارییە گرنگەش گوێم لێبووە. 
رێوییەکە(بە خۆشییەوە…): کەواتە دەی بابڕۆین بۆ یاریگاکە.
مریشکەکە: نا.. دەتەوێت میوانەکانم بە تەنها جێبهێڵم.. نا ئازیزم تۆ هەر
خۆت بڕۆ.. من یارییەکە لە تەلەفزیۆندا دەبینم.
رێوییەکە: باشە هەر خۆم دەڕۆم (کەمێک دەڕوا و.. دەگەڕێتەوە…) 
بەڵام مریشکی ئازیز.. ئەمجارە پەندێک یا قسەیەکی نەستەقت پێ نەوتم.
مریشکەکە: بڵێ: کەوشەکانم دڕا و.. هیچیشم پێ نەبڕا.
رێوییەکە: (دەڕوا دەڵێ:) کەوشەکانم دڕا و.. هیچم پێ نەبڕا.
 کەوشەکانم دڕا و.. هیچم پێ نەبڕا.
(شانۆ تاریک دەکرێ و….. پەردەکانی شانۆ دادەدرێتەوە)


بەشی حەوتەم
(کەروێشـکی قـونەقـون)
دیمەنی ١ـ (لە بەردەم ماڵی مریشکەکەدا..)
(مریشکەکە لە لای دەرگای ماڵەکەیەوە وەستاوە لە بەردەمیدا..
کەروێشکێک بە قونەقون دێ و دەچێ.. بەیانت باش لە مریشکەکە دەکا)
کەروێشکەکە: ئەی هاوڕێی ئازیزم .. بەیانیت باش.
مریشکەکە: بەیانی تۆ باشتربێت.. ئەی کەروشکەلەی ئازیز.
(کەروێشکەکە بە قونە قون دووردەکەوێتەوە…)
مریشکەکە: کەروێشکەلە .. کەروێشکەلە.. مەڕۆ.
کەروێشکەکە(ئاوڕی لێدەداتەوە…): ئازیزم.. بانگی منت کرد..؟
مریشکەکە: بەڵێ.. دەمەوێت خزمەتێکم بکەیت.
کەروێشکەکە: ئازیزم.. چی خزمەتێک دەخوازیت.. لە خزمەتتدام.
مریشکەکە: تۆ دەزانیت رێوییە نالەبارەکە، بۆ ئازاردانمان لە فێڵە
گڵاوەکانی ناکەوێت.
کەروێشکەکە: هاوڕێی ئازیزم.. ئەمە دەزانم.
مریشکەکە: دەمەوێت بڕۆیت و لە نزیک کونی رێوییەکەدا خۆت مات
بدەیت و.. چاودێری بکەیت و.. بزانە چیدەڵێت.. ئەمجارە دڵم لە کردەوە
قێزەوەنەکانی دەترسێ.. لەو بڕوایەدام نیازی پیلانێکی گڵاوی تری هەیە.
کەروێشکەکە: بەسەرچاو ئازیزم.. ئەوەی دەتەوێت دەیکەم.
مریشکەکە: لە پاداشتی ئەم کارەتدا.. سەبەتەیەکه پڕ لە گێزەری تازەی 
تەڕ و ناسک پێشکەشت دەکەم.
(کەروێشکەکە بە قونە قون دوورکەوتەوە…) 
(سەر شانۆ تاریک دەکڕێ و….. پەردەی شانۆ دادەدرێتەوە)
دیمەنی ٢ـ (لە بەردەم کونی رێوییەکەدا..)
(کەروێشکەکە لە نزیکی کونی رێوییەکەدا.. لە پشتی دارێکەوە خۆی مات
داوە.. چاودێریی رێوییەکە دەکات.. رێوییەکە لە کونەکەی هاتە دەرەوە…)
رێوییەکە: باشە ئەی مریشکە ناسک و خۆش و بە تامەکە.. بۆم راوەستە..
ئەمجارەیان رزگارت نابێت.. هاوار دەکەیت فریام کەون.. فریام کەون.. ئەوە
منم رزگارت دەکەم (پێدەکەنێت…) کارەکەش شتێکی ئەوتۆی ناوێ.. گاڵۆنێک 
نەوت و تەنها تەڵە شقارتەیەکی دەوێ.. دوایی مریشکەکە بۆ من دەبێت..
(پێدەکەنێت…) بەڵێ تەنها بۆ من دەبێت.. کەواتە پێویستە پێداویستییەکانی
کارەکەم ئامادە بکەم.. دەی بۆ کارکردن و جێبەجێکردنی پلانەکەم.
(دووبارە رێوییەکە دەچێتەوە ناو کولانەکەی…)
کەروێشکەکە (لە پشتی دارەکەوە…): تێگەیشتم کە رێوی نیازی چییە.. 
با خێرا بچم و مریشکەکە لەم نیازە گڵاوەی رێوییەکە، ئاگادار بکەمەوە.
(سەر شانۆ تاریک دەکرێ و….. پەردەی شانۆ دادەدرێتەوە)
دیمەنی ٣ـ (لە بەردەم ماڵی مریشکەکەدا..)
کەروێشکەکە: هۆ مریشکی هاوڕێم.. هۆ هاوڕێ ئازیزەکەم.
(مریشکەکە دەرگا دەکاتەوە…)
مریشکەکە: ها.. کەروێشکەلەی ئازیز.. چ هەواڵێکت پێیە..؟
کەروێشکەکە: رێوییەکە دەیەوێت ماڵەکان وێران بکات.. نیازی
ئەنجامدانی کارێکی زۆر قێزەوەنە.
مریشکەکە: خێرا پێم بڵێ.. نیازی چییە؟
کەروێشکەکە: ئەو دەیەوێت ماڵەکەت بسووتێنێت.. گاڵۆنێک نەوتی پێدابکات
و بە تەڵە شقارتەیەک ئاگری تێبەربدات.
مریشکەکە: ئەی رێوی نالەبار و ستەمکار.. زانیم وازم لێ ناهێنییت.. ئەی ئێستا چی بکەین..؟
کەروێشکەکە: بەڵێ.. چی بکەین؟
مریشکەکە: کەروشکەلە گوێ لێ بگرە.. من لە پشت شوورەی ماڵەکەمەوە خۆم دەشارمەوە.. تۆش خێرا بڕۆ بۆ لای پۆلیسی دارستان و لەم نیازە گڵاوەی
رێوییەکە ئاگاداریان بکەرەوە.. با یەکسەر بێن و ئەم رێوییە فێڵبازە بگرن.
کەروێشکەکە: ئەمە بیرۆکەیەکی جوانە و بەجێیە.. کەواتە با خێرا بگەمە 
لای پۆلیسی دارستانەکەمان.
(سەر شانۆ تاریک دەکرێ و….. پەردەی شانۆ دادەدرێتەوە)
دیمەنی ٤ـ (لە بەردەم کونی رێوییەکەدا..)
رێوییەکە(رێوییەکە لە کونەکەی دێتە دەرەوە… گاڵۆنێک نەوت و شقارتەیەکی
بەدەستەوەیە.. پێدەکەنێ و.. مزەمزی گۆرانی دێت و.. لەنجە و لار دەکات…):
ئاگر.. ئاگر.. خۆشەویستەکەم ئاگر.. دەی بۆ کارکردن.. ئەی رێوی مەزن.
(پێدەکەنێ .. ئاگر .. ئاگر.. خۆشەویستەم ئاگر…) 
(سەر شانۆ تاریک دەکرێ و….. پەردەی شانۆ دادەدرێتەوە)
دیمەنی ٥ـ (لە بەردەم ماڵێ مریشکەکەدا..) 
(کەروێشکەکە قونە قونە دەکات.. دوو پۆلیسی دارستانیشی لەگەڵدان.. کە
فیل و ئەسپن، هەریەکەشیان تێڵایەکی دار و پارچە گوریسێکیان پێیە ـ تێبینی: لە دەقە عەرەبییەکەیدا هەریەکەیان دەمانچەیەکییان پییە، بەڵام من بە باش و پەسەندی نازانم کە چەک بخرێتە مێشکی منداڵەوە.. چونکە زیانی هەیە)
مریشکەکە: بەخێربێن بە خێرایی گەیشتن.
ئەسپەکە: دیوتانە ئەوە رێوییەکەیە.. گاڵۆنێک نەوت و شقارتەیەکی بەدەستەوەیە… وا بەرەو ئێرە دێت.
فیلەکە: با هەموومان لە پشتی دارەکانەوە خۆمان بشاریینەوە.. هەرکە
هات بە تاوانی (نیازی ئەنجامدانی تاوانێکی قێزەوەن) دەیگرین.
(فیلەکە و ئەسپەکە و کەروێشکە و مریشکەکە.. لە پشت دارەکانەوە خۆیان شاردەوە.. چاودێری رێوییەکە دەکەن…)
رێوییەکە(بە وریاییەوە بەرەو لای ماڵی مریشکەکە دێت.. گاڵۆنێک نەوتی بەدەستەوەیە.. گۆرانی دەڵێ…): هۆی ئاگر.. ئاگر.. ئاگر.. گیانەکەم ئاگر.
(بە ئاگاییەوە.. هەر خۆی بە خۆی دەڵێ) وس.. وس.. پێویستە دەنگت نزم بکەیتەوە ئەی رێوییە زیرەکەکە (پێدەکەنی…) 
(رێوییەکە نەوتەکە بە دەوری خانووی مریشکەکەدا دەپرژێنێت.. ئەوانیش هەموویان لە پشتی دارەکانەوە چاویان لێیەتی…)
رێوییەکە: ئێستا کاتی هەنگاوی بوێرانە هاتووە (شقارتەکە لە گیرفانی دەردەکا و تاڵێ شقارتەی لێدەردەهێنێت.. گۆرانی دەڵێ.. دەڵێ): ئۆی نازێ.. نازێ.. نازی.. ئۆی مریشکی گەردن قازێ.. ئەمڕۆ دەتخۆم بەبێ پیازێ.. (دەنکە شقارتەکە دادەگیرسێنێت و.. سەیری ئاگرەکەی دەکات و.. گۆرانی دەڵێ): 
هۆی ئاگر.. ئاگر.. ئاگر.. گیانەکەم هەی ئاگر.. گیانەکەی من هەی ئاگر.
فیلەکە(هاواردەکات…): ئەی رێویی نالەبار و کارقێزەوەن.. لە شوێنی خۆتدا بوەستە و نەجووڵێتەوە.. دەستەکانت بۆ سەرەوە بەرزبکەرەوە(تێڵاکەی
لێبەرز دەکاتەوە…) نەجۆڵێیتەوە ئەگینا. 
رێوییەکە: کێن؟ پۆلیس..؟ لەم کاتەدا کێ ئێوەی بۆ ئێرە هانی..؟!
فیلەکە: کردەوە نالەبار و ناشیرینەکانت ئێمەی بۆ ئێرە هانی.
(بە ئەسپەکەی وت) دەی ئەسپی هاوڕێم .. خێرا بە گوریسەکەت توند دەستەکانی لە پشتەوە بیان بەستەوە.
ئەسپەکە: گەورەم فەرمانتە..(دەستەکانی رێوییەکە دەبەستێتەوە…) 
فیلەکە: هەی ستەمکار.. دەی پێشمان بکەوە.. بۆ ئەوەی بدرێتە دادگا و
سزای خۆت وەربگریت.
(مریشکەکە و کەروێشکەکە، لە پشت دارەکانەوە دێنە دەرەوە…)
رێوییەکە(سەیرێکی مریشکەکە دەکات…): ئەی مریشکی مەلعوون.. کەواتە تۆ پلان و نەخشەی ئەم کارەت کێشاوە.
مریشکەکە: ئەم پەندە کورییەش لەبەرکە و.. لەبیرت نەچێتەوە.. کاتێ وای لە
ناو قەفەزدا و.. ئەو دوای رۆژەکانی ژیانت بەسەردەبەیت.. پەندەکەش:
 ( ئەو کەسەی بە فێڵ بژی.. بە هەژاری دەمرێ)
ئەسپەکە: دەی پێشمان بکەوە.. هەی رێویی نالەبار (رایدەکێشن…) 
مریشکەکە: کەروێشکی هاوڕێم.. زۆر سوپاست دەکەم گەر تۆ نەبوویتایە
ئەم رێوییە بەدکارە، گڕی لە دارستانەکەکەمان بەردەدا.. ئێستاش چاوەڕێم بکە، دەچم سەبەتە گێزەرەکەت بۆ دێنم.
کەروێشکەکە: ئۆیی.. گێزەر.. زۆرم حەز لێیە.
مریشکەکە(دەچێتە ژوورەوە.. سەبەتەیەک گێزەر دێنێ بۆ کەروێشکەکە): 
 بیگرە ئەی هاوڕێی دڵسۆزم.. ئێستاش دوای ئەوەی لەو رێوییە فێڵبازە
و لە کارە قێزەوەنەکانی رزگارمان بوو.. دارستانەکە بە ئارامی و ئاشتی
دەژی.. کەواتە پێویستە بەم بۆنە خۆشەوە.. ئاهەنگێکی خۆش بگێڕین..
با هەموو ئاژەڵەکان.. ئامادەی ئەم ئاهەنگەبن.
( هەموو ئاژەڵەکان لە پشتی دارەکانەوە دەرکەوتن و چەپڵە لێدەدەن.. فیل و
ئەسپەکەش دەردەکەون و قەفەزێکی تەلبەندی ئاسنیان هەڵگرتووە.. کە
رێوییەکەی تێدایە.. لە ناوەڕاسی شانۆکەدا دایدەنێن.. ئاژەڵەکان بە دەوری
قەفەزەکەدا دەسووڕێنەوە و.. گۆرانییەکی گونجا و دەڵێن…)
گۆرانی کۆتایی
هۆنراوەی: رەزا شوان

هـۆ رێـــوی رێـــوێ رێـــوی

نـالەبــــــــــــــــار و دزێـــوی

فــــڕوفــــــێڵ و فیشــــــــاڵت

هەر لای مریشکە خەیــــاڵت

هـۆ رێـــوی چڵێس و نـەوسن

جێــتە قـەفــــــــــەزی ئـاسن

ئەمجـارەیـــــــان دۆڕانـــــت

سـەری نەگــــرت پیـلانـــــت

رێـــوی درۆزن و فێـڵــــــباز

بۆمـــان بــــڵێ بە ئـــــــاواز

ئـــەوەی بـە فــــێڵ بنـــــازێ

دەبــــێ پەنجــەی بگــــــازێ

(کۆتـــــــــــایی)

تێبینی: رۆڵی مریشکەکە و دایکە مریشکەکە و کەرویشکەکە بدرێت بە کچان (باشتره‌).

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here