هۆنراوەی: فه‌رهاد ئه‌حمه‌د به‌رزنجی
هێماكانی هات‌وچۆ/
دانراون بۆمن و تۆ/
نیشانه‌و ڕه‌نگه‌كانی/
ده‌زانین زۆر به جوانی/
یاساكانی ڕێگایه/
سودی بۆمرۆڤ تیایه/
ڕێزگرتن له‌م یاسایه/
له ئه‌ستۆی هه‌موان دایه/
ئێمه‌ی مناڵ شاره‌زاین/
به ئارام و دڵنیاین/
چونكه بۆ په‌ڕینه‌وه/
هێما ده‌ناسینه‌وه/
یه‌كێك له‌و هێمایانه/
گڵۆپی ڕه‌نگه‌كانه/
ڕه‌نگی سه‌وز و زه‌رد و سور/
دیارن له نزیك و دوور/
چران وان له سه‌رشه‌قام/
چێنراون وه‌كو نه‌مام/
به‌رده‌وام داده‌گیرسێن/
به دوای یه‌كتریدا دێن/
كه ڕه‌نگی سه‌وز هه‌ڵهات/
خه‌ڵكی هات‌وچۆ ده‌كات/
له‌شه‌قام به‌ئه‌سپایی/
ده‌ڕۆن به دڵنیایی/
ڕه‌نگی زه‌رد وه‌كو زه‌نگه/
بۆ شۆفێری چه‌له‌نگه/
له لێخوڕین هێواش بێت/
تا ئاماده‌ی وه‌ستان بێت/
كه ڕه‌نگی سوور هه‌ڵكرا/
ئوتومبێل نابێ بڕوا/
ئێمه‌ش چاوه‌ڕوان ده‌بین/
له‌سه‌ر شۆسته ده‌وه‌ستین.