پێــــنج هەســـتەوەرەکان (شانۆگەری)

0
1015

     وەرگێڕانی : رەزا شوان..

                                                          

کەسایەتییەکان:

 ـ ژنێــکی دانــا

ـ چــــــاو

ـ گـــــوێ

ـ لـــووت

ـ زمــــان

ـ پێســـت

 

 ( پەردەی شانۆ دەکرێتەوە… پێنج هەستەوەرەکان دەنگە دەنگ و.. مشتومڕیانە…)

چاو: من..

گوێ: من..

لووت: نەخێر من..

زمان: نا من..

پێست: هیچتان نا.. من

(دوای ئەوەی کە هەستەورەکان لە یەکتری زویردەبن و.. پشت لە یەکتری دەکەن.. ژنە داناکە دێتە سەر شانۆ…)

ژنە داناکە (دوای ئەوەی بە دەوری هەستەوەرەکان دا دەسووڕێتەوە…): ئەوە چیتانە؟؟

چاو: خانمەکەم لە نێوان خۆماندا، لەسەر ئەوە تێکچووینە کە، کامان گرنگترین.. کامان جوانترین.. کامان باشترین..؟؟ تکایە ناوبژیی نێوانمان بکە.

ژنە داناکە: تۆ کێی؟

چاو: من چاوم، بەهۆی منەوەیە کە مرۆڤ هەموو شتەکانی دەوروبەری خۆی دەبینێ و دەڕوانێ، گەر من نەبوومایە کەس خۆشی لە زەردەپەڕی جوانی خۆرئاوابوون نابینی، کەسیش نەیدەتوانی شێوەکان و رەنگەکان دیاری بکات.. هەر بە هۆی منەوە منداڵان خۆشی لە بینینی فیلمی کارتۆن دەبینن، بە هۆی منەوە…

گوێ(قسە بە چاو دەبڕێت و دەڵێ..): ئەی بۆ دان بەوەشدا نانێیت.. کە بە هۆی تۆشەوەیە قوتابییەکان لە تاقیکردنەوەکاندا فێڵ و قۆپیا دەکەن دەکەن.

(هەموو هەستەکانی تر، بە دەنگێکی بەرز پێدەکەنن…)

چاو: ئێوە بایەخی من نازانن.. لە نابینایەک بپرسن.. ئەو وەڵامتان دەداتەوە.

ژنە داناکە: قسەکانت تەواکە..

چاو: من سەرەڕای ئەرکەکەم کە کاری بینینە.. جوانی و روخسارشیرینییەکی بێوێنەش بە دەموچاو دەبەخشم.. خانمەکەم تۆ خەیاڵ لە خۆت بکەرەوە ئەگەر بێتو چاوت نەبێت.. (بە تەڵفیسییەوە پێدەکەنی…)

(ژنە داناکە چاو بەجێدێڵێ و.. بۆ لای گوێ دەچێ…)

ژنە داناکە: تۆش.. خۆتمان پێبناسێنە.

گوێ: من گوێم، کێ هەیە کە من نەناسێت..؟ کێ هەیە کە رۆڵی من نەزانێت کە چییە..؟ بەبێ من کەس گوێی لە دەنگی خوڕەی ئاو نابێت.. بەبێ من کەس گوێی لە جریوە جریوی چۆلەکە و لە قاسپە قاسپی کەو نابێت.. بەبێ من کەس گوێی لە گۆرانی و لە موزیک و لە هەڵهەڵە نابێت، کە خۆراکی رووحن و، دەرمانی ساڕێژکردنی خەم و کەسەر و دڵتەنگین.. هەروەها من بەڵانسی لەش دەپارێزم.

ژنە داناکە: جوانە.. جوانە.

گوێ: ئەوەش بزانن، کە من پێویستم، بۆ بینین بە باشی.

ژنە داناکە: (بە سەرسامییەوە لێدەڕوانێت…) چۆن..؟

گوێ: بەڵێ خانمەکەم، من لە تۆ دەپرسم بەبێ من چۆن چاویلکە لە چاوەکان دەکرێت..؟( بە مەکرێکەوە پێدەکەنێ…)

ژنە داناکە (ئاوڕ لە لووت دەداتەوە…): ئەی قنجە، نزیک بەرەوە.

لووت: من گێژبوومە.. لە من لادە.

(ئەو دوای هەستەوەرەکان بەرەو لای ژنە داناکە، پاڵ بە لووتەوە دەنێن…)

ژنە داناکە: تۆ کێی؟

لووت: من لووتم.

ژنە داناکە: چ رۆڵێکت هەیە..؟

لووت: ژیانی مرۆڤ بەبێ لووت چ ژیانێکە..؟! بە هۆی منەوە هەوا هەڵدەمژێ.

ژنە داناکە: بە دەمیش دەتوانێ..!!

لووت: راستە کە بە دەمیش دەتوانێ.. بەڵام دەم تۆز و پیسی گلناداتەوە.. بەڵام من بە هۆی ئەو مووە بچووکە تایبەتییانەم، تۆز و پیسییەکانی هەوا دەگرم و، ناهێڵم بگەنە سییەکان، لەشی مروڤ لە نەخۆشییەکان دەپارێزم.. بە تایبەتیش لە خروشت.

ژنە داناکە: راست دەکەی.

لووت: هەر بە هۆی منیشەوە مرۆڤ بۆنی باشترین و خۆشترین بۆن و گڵاو دەکات.

زمان (بە فیزیکەوە، بە ژنە داناکە دەڵێ..): بێگومان لە منیش دەپرسیت کە کێم.. پێت دەڵێم.. من زمانم.. بەڵام دەربارەی رۆڵی من، من وەڵام نادەمەوە (ئاماژە بە جەماوەری بینەر دەکا…) هەموو ئەمانە شایەتی منن..(دووبارە ئاماژە بە جەماوەر دەکا) ئەی خەڵکینە دەربارەی رۆڵی من.. چی دەزانن.. پێی بڵێن.

(جەماوەر هەندێ لە رۆڵەکانی زمان دەگێڕنەوە.. باشتر وایە پێشتر ئەو کەسانەی ناو جەماوەر دیاری بکرێن.. ئەوان بە کورتی چەند رۆڵێکی زمان باس بکەن.. بۆ نموونە)

کەسێکی بینەر(لە ناو هۆڵەەکەدا): ئێمە بە هۆی زمانەوە چێژی خواردن دەکەین.

کەسێکی تری بینەر: بە هۆی زمانەوە دەتوانین بدوێێن و گوزارشت بکەین.

کەسێکی تر لە بیننەران: بە هوی زمانمانەوە.. خواردن لە ناو دەماندا گڕدەدەین و.. بەرەو گەدەمانی دەنێرین..

ژنە داناکە: باشە ئەی لەخۆبایی بچووک.

چاو: خانمەکەم، بینەران رۆڵێکی زمانیان لە بیرچووە.. بە هۆی زمانیشەوە لە ناو پۆلدا قوتابییە چەنەبازەکان، چەنەبازی دەکەن.

(هەمووان دەست بە پێکەنین دەکەن…)

ژنە داناکە: تکایە.. تکایە.. بێدەنگبن.

ژنە داناکە (بۆ لای پێستەوە دەچێت…): ئەی تۆ..

پێست: من پێستم

ژنە داناکە: ئەی پێست وەرە پێشەوە.. تۆ دەربارەی رۆڵی خۆت، چی دەڵێی؟

پێست: خانمەکەم من هەموو شوێنێکی لەش دەپۆشم.. بە هۆی هەستی دەست لێدانەوە پارێزگارییەکی گەورە لە لەش دەکەم.. لە هەر چزێک و لە هەر گۆڕانکارییەکی گەورە لە پلەکانی گەرمیدا.. بە هۆی دەمارە هەستییەکانەوە کە پەیوەندیان لەگەڵ مندا هەیە.. لەش ئاگادار دەکەمەوە.. ئەوەش لە یاد نەکەین کە رۆڵێکی گەورەشم هەیە لە هەناسەدان و، لە دەردانی ئارەق لە لەشدا.. بە هۆی ئەو خانە وردیلانەی کە لە سەر روومدا هەن.. ئەمانە هەندێکن لە رۆڵەکانی من.. کەواتە من باشترینی هەموویانم..؟؟

لووت: نەخێر من لە هەمووتان باشترم.

گوێ: من لە هەمووتان گرنگترم.

زمان: من باشترینی هەمووتانم.

چاو: من جوانترینی هەمووتانم.

پێست: بەسوودترینی هەمووتانم.

(دەنگەکان بەرزدەبنەوە و.. ژاکە ژاک و.. گەڕەلاوژێ.. دەست پێدەکا…)

ژنە داناکە (بە دەنگێکی بەرز هاواردەکات): بەسێتی.. ئەم شاتە شاتەتان لە چییە..؟!

(بێدەنگی سەر شانۆ دەگرێتەوە…)

ژنە داناکە: هەریەکە لە ئێوە هەوڵی ئەوەی دا.. کە سەرنج بۆ لای خۆی رابکێشێ و.. تیشک بخاتە سەر خۆی و.. هەستەوەرەکانی تر بە کەمتر بزانێ..  ئەی لە بیرتان چوو کە هەمووتان دانیشتووی لەشێکن و.. سەر بەو لەشەن..؟؟ رۆڵی ئێوە ئەوەیە، کە تەواوکەری یەکتری بن.. نەک رقبەر و ناکۆکیکەری یەکتری بن.. هاوکاری یەکتری بکەن.. نەک بەربەرەکانی یەکتری بکەن.. ئێوە هەمووتان لە خزمەتی لەشدا.. تا بە ئەوپەڕی باشییەوە کارەکانی راپەڕێنێ.

(ژنە داناکە روو لە جەماوەری بینەر دەکات.. کە بە زۆری منداڵ و مێردمنداڵن، دەڵێ )

ژنە داناکە: هاوڕێ خۆشەویستەکانم.. رەشماڵی ئێمەش وەکو ئەم لەشە وایە ، ئيوە هەستەوەرەکانین، ئەو بە چاوی ئێوەوە دەبینێت.. بە زمانی ئێوەوە قسەدەکات.. ئێوەش تەواوکەری یەکترین.

 لێبووردن.. ئەی منداڵان.. لێبووردن.. هاوکاری.. ئەی لاوان هاوکاری.

  هۆنراوەی هەستەوەرەکان

چـــاو:
چـاوم هەســتەوەری بینیــــنم

رەشم یا قـــاوەییم یا شیـــــنم

گـــوێ:

من گوێم هەستەوەری بیستنم

وریــــــــابـن بـۆ پاراســــــتنم

لـــووت:

مـن لـووتم ناسراوە پێــناسەم

هەستەوەری بۆن و هەناسەم

زمـــان:

هەمووتان دەمناسن کە زمانم

هەسـتەوەری چـــێژ و دووانم

پێســـت:

پێستم لەشپۆشـێکی بەهەستم

لەگەڵ دەمـارەکان پەیـوەسـتم

 

   (هەستەوەرەکان پێکەوە)

ئێــــمە هەســتەوەرەکــــــــانین

کـــار و رۆڵــمان بـاش دەزانین

تـەواکـــــەرین و هــــــاوکـارین

زۆر وریاین و زۆر هەستیارین
……………………………………….

 (*) تێبینی ـ بۆ گوزارشتکردن لە هەستەوەرەکان:

دەکرێ لەسەر پێنج لاپەڕەی سپیدا (کارتۆن).. ناوی هەریەکە لە هەستەوەرەکان بنووسرێت و..
بە سەر سنگی ئەو منداڵەوە هەڵواسرێت.. کە رۆڵی ئەو هەستەوەرە دەبینێت.. یا لەسەر پێنج لاپەڕەدا. وێنەی(چـاو)،(گـوێ)، (لـووت)،(زمـان)،(دەسـت) بکێشرێن و بە پێی رۆڵەکان لەسەر سنگی منداڵەکاندا هەڵواسرێن.. یان دەشێ (دەرهێـنەر) بیرۆکەیەکی باشتری هەبێت.. بۆ گوزارشتکردن لە هەستەوەرەکان.

(*) دەقی ئەم چیرۆکەم لە عەرەبییەوە بە ناوی(الحواس الخمسە)ەوە، بە کەمی دەستکارییەوە وەرم گێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی.. لە عەرەبییەکەیدا ناوی نووسەرەکەی نەنووسراوە کە کییە (گورانی هەستەوەرەکان) یش، لە عەرەبییەکەیدا نییە.. من خۆم دام ناوە.

(*) هۆنراوەی کۆتایی لە دەقە عەرەبییەکەیدا نییە.. من خۆ هۆنیومەتەوە.. بۆیە مەرج نییە کە
کە ئەو هۆنراوەیە بەشێک بێت لە شانۆگەرییەکە. دەکرێ دەرهێنەر لای بەرێت.  

 رەزا شوان

نەرویـج: ٢٠١٦

Comments

comments

‎وه‌ڵام بده‌وه‌