نوسینی: عه‌لی حه‌مه‌ره‌شید به‌رزنجی..
لێوان له‌سه‌ر كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی ئیشی ده‌كرد ، ورده ورده ئه‌و شتانه‌ی كه مامۆستای خوله‌كه بۆی باسكردبوون ، ئه‌م به كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی ئه‌نجامی ده‌دان و پرۆڤه‌ی ده‌كرد. ئیتر خه‌یاڵ بردییه‌وه بۆلای خولیا و حه‌ز و خه‌ونه‌كانی ، كه له مێژبوو له مێشكی‌دا بوون و بواری بۆ نه‌ڕه‌خسا بـــوو بیانهێنێته دی.
ئه‌مڕۆ هه‌ر زۆر دڵخۆش بوو، چونكه یه‌كه‌م خه‌ونی ده‌رچوون بوو به پله‌یه‌كی به‌رز، ئه‌ویان هاته‌دی و باوكیشی ئه‌م كۆمپیوته‌ره‌ی بۆ كڕی ، كۆمپیوته‌ریش یه‌كێك بوو له حه‌زه‌كانی ئه‌ویشیان هاته‌دی ، خه‌یاڵ لێوانی به‌ره‌و جیهانی خۆی برد، له‌وێ ئه‌و چیرۆك و هۆنراوانه‌ی كه ده‌ینوسین، ده‌یكردن به‌ناملیكه‌ی ڕه‌نگین و به‌دیاریی ده‌یبه‌خشینه منداڵانی كوردستان . له‌و خه‌یاڵه‌یدا زۆر شوێن گه‌ڕا ، زۆر منداڵی بینی، كه قسه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كردن هه‌ركه‌یان حه‌زی له‌شتێك بوو، هه‌ر له وێنه‌كێشان و گۆرانی و مۆزیكه‌وه تا نووسین و شانۆ و كۆمپیوته‌ر و پله‌ی سته‌یشن و وه‌رزش ومیكانۆ ، به‌ڵام هه‌ر منداڵه بۆ بژێوی ژیانی به‌كارێكه‌وه خه‌ریك بوو، كه دوور بوو له خولیا و ئاواته‌كانیه‌وه . لیوان هه‌ر له خه‌یاڵه‌كه‌یدا مه‌ڵبه‌ندێكی گــــــــه‌وره‌ی به‌نـــــاوی (مه‌ڵبه‌ندی حه‌زه‌كانی منداڵ) كرده‌وه كه جێگه‌ی تایبه‌تی بۆ هه‌موو حه‌ز و ئاره‌زووه‌كان تێدا بوو، لێوان یه‌كه یه‌كه ده‌ستی منداڵانی ده‌گرت و هه‌ریه‌كه‌ی ده‌برده ئه‌و شوێنه‌ی كه‌حه‌زی لێیه‌تی ، لێوان ئه‌وه‌نده دڵخۆش بوو، نه‌یده‌زانی چی بكـــــــات .
له‌سه‌ر كورسیه‌ك به‌رامبه‌ر منداڵان دانیشتتبوو، قاقا پێده‌كه‌نی له خۆشی‌دا ئه‌وه‌نده پێكه‌نی تا له ده‌نگی قاقای پێكه‌نینه‌كه‌ی به‌ئاگا هات . ئنجا خه‌نده‌یه‌كی بۆ كرد و له‌سه‌ر كۆمپیوته‌ره‌كه به فۆنتێكی گه‌وره نووسی (مـــــه‌ڵبه‌ندی حـــــــــه‌زه‌كانی منداڵ). ئیتر له‌و رۆژه به‌داوه هه‌ر هاوڕێیه‌كی ده‌هات بۆ لای به‌سه‌ر هاته‌كه‌ی بۆ ده‌گێرایه‌وه و باسی خه‌ون و حه‌زه‌كانی خۆی ده‌كرد . به‌م شێوه‌یه سه‌رجه‌م هاوڕێكانی له‌خۆی كۆكرده‌وه و پێكه‌وه بڕیارندا كه له‌وه و دوا چالاكتربن و كۆشـــش بكه‌ن تا له دوا رۆژدا خه‌ونه‌كه‌یان بهێننه دی و مه‌ڵبه‌ندی حه‌زه‌كانی منداڵ به‌راستی بكه‌نه‌وه .