دارگوێزەکەی مام هۆمەر

0
1371

                                              نووسینی: رەزا شوان

لە باشووری کوردستاندا، لە نزیک دێیەکی قەشەنگ و جواندا، کانییەکی گەورە هەیە. ئاوێکی زۆری روون و سارد و شیرینی لەبەر دەڕوات.. هەموو خەڵکی دێیەکە بە ئاوی شیرینی ئەو کانییە حەساونەتەوە.
مام هۆمەر پیاوێکی بەتەمەن و دانای دێیەکەیە، خەڵکی دێیەکە زۆر خۆشیان دەوێت. مام هۆمەر هەر لە منداڵییەوە حەزی لە سەوزایی و لە داری بەردار و گوڵ و گۆڵزار دەکرد.. لەسەر پێشنیاری ئەمیش بوو، کە هەموو ساڵێک لە وەرزی بەهاردا، هەر ماڵێکی دێیەکە، دارێک یا دوو داری بەردار و، دارێکی گوڵیان لە ئەمبەر و ئەوبەری جۆگەی کانییەکەدا دەڕواندن و خزمەتیان دەکردن.. لە ماوەی چەند ساڵێکدا چەمێکی گەورەی داری بەردار و، باخچەیەکی پڕ لە گۆڵەباخ دروست بوون. لە ئەمڕۆدا خەڵکی دێیەکە، بە بۆنی گوڵەباخە گەشەکانیان مەست دەبن، بە خواردنی میوە خۆشەکانی بەری دارەکانیانشیان خەنی دەبن.

لە نزیکی کانییەکەدا دارگوێزێکی گەورە هەیە، کاتی خۆی مام خەسـرەوی باوکی مام هۆمەر بە نەمامی ئەو دارگوێزەی لە هەورامانەوە هێنابوو، لە رۆژی لە دایکبوونی هۆمەری کوڕیدا لەو شوێنەدا رواندبووی.. مام هۆمەر ئەو دارگوێزەی زۆر لا شیرینە، خزمەتێکی تایبەتی دەکات، چونکە یادگارییەکی جوانی باوکێتی.. خەڵکی دییەکەش بە (دارگوێـزەکەی مام هـۆمەر) ناوی دەبن.. گوێزێکی زۆر ناسک و خـۆش دەگـرێ، هەموو خەڵکی دێیەکە بەشی خۆیانی لێدەخۆن.
ژێر دارگوێـزەکەش، بووە بە ژوانگەی منـداڵان و لاوان.. لەبنیدا یاری دەکەن و هەڵدەپەڕن و بەزم و رەزمی خۆش دەگێڕن.. زۆر جاریش مام هۆمەر و پیاوان و ئافرەتە بە تەمەنەکانی دێیەکە، عەسرەچایەک لەبن دارگوێزەکەدا دەخۆنەوە.. قسەی قوت و گاڵتە و گەپی خۆش دەکەن. 

رۆژێک منداڵانی دێیەکە چووبوونە سەر لقەکانی دارگوێزەکە، چەند لقێکی ناسکیان لێشکاندبوو، گەڵایەکی سەوزی زۆریشیان لێوەراندبوو.
کە مام هۆمەر ئەم دیمەنەی بینی، زۆر دڵگران بوو.. بۆ سبەینێی دوای ئەو رۆژە، کە منداڵکان هاتن و ویستیان وەکو رۆژان لەبن دارگوێزەکەدا یاری بکەن.. مام هۆمەر رێی پێگرتن.
مام هۆمەر: بۆتان نییە لەبن دارگوێزەکەدا یاری بکەن.
منداڵەکان: بۆ مام هۆمەر، بۆمان نییە؟ چی بووە؟
مام هۆمەر: جا چیتان نەکردووە.. دار گوێزەکە دوێنی زۆر گلەیی لێتان کرد و، لێتان زیزبووە.. بۆچی ئەو لقە ناسکانەیتان شکاندووە و، ئەو گەڵا گەشانەیتان وەراندووە..؟ دەزانن کە کارێکی زۆر ناشیرینتان کردووە.

منداڵەکان لە شەرمەزاریدا سەریان داگرت.. هەستیان بە هەڵەکەیان کرد.

منداڵەکان: مام هۆمەر، ئێمە دان بە هەڵەکەماندا دەنێین.. داوای لێبووردنت لێدەکەین.
مام هۆمەر: بڕۆن لە پێشا بن دارگوێزەکە لەو لق و گەڵایانە باش پاک بکەنەوە.. ئینجا داوای لێبووردن لە دارگوێزەکە بکەن.

منداڵەکان جوان بن دارگوێزەکەیان پاک کردەوە.. ئینجا چوون دەستەکانیان لە ئاوی کانییەکەدا شۆرین.. گەڕانەوە و چوونە بەردەم دارگوێزەکە.

منداڵان: دارگوێزە خۆشەویستەکەمان.. ئێمە دوێنی هەڵەیەکی گەورەمان کرد، ئازاری تۆمان دا، زۆر پەشیمانین، بمان بەخشە، داوای لێبووردنت لێدەکەین.
دارگوێزەکە: منداڵە نازدارەکـان، ئەی نازانن کە منیش حەز بە ژیـان دەکەم.. ئێرە نیشتمانی منیشە.. منیش بوومەتە نیشتمانی بە دەیان چۆلەکەی خنجیلانە کە رۆژانە لە سەر لقەکانمدا دەنیشنەوە و جریوە جریوی خۆشتان بۆ دەکەن.. دارێکی سوودبەخشم ئێوە لە بەرەکەم دەخـۆن، لەژێـر سێبەرەکەمدا یاری دەکەن.. گوریس بە لقەکانمەوە دەبەستن و جۆلانی دەکەن.. من بە رۆژ گازی ئۆکسجیتان پێدەبەخشم و.. گازی دووەمی کاربۆنیش هەڵدەمژم، تا زیان بە ئێوە نەگەیەنێت.. ئەوەش بزانن کە منیش وەکو ئێوە، هەست بە خۆشی و ناخۆشی و بە ئازار دەکەم.
منداڵەکان( بە شەرمەزارییەکی زۆرترەوە): دارگوێزە جوانەکەمان، بەس ئەمجارە لێمان ببوورە، بەڵێن بێ کە هەرگیز کاری ناشیرینی وا دووبارە ناکەینەوە.
دارگوێزەکە (بە زەردەخەنەیەکی ناسکەوە): هـاوڕێ شیرینەکـانم، من ئێوەم زۆر خۆشدەوێ، دەزانم ئێوەش منتان زۆر خۆشدەوێ.. لێتان دەبوورم.. ئاشت بووینەوە.

منداڵەکان (بە خۆشی و گەشییەوە): زۆر سوپاس دارگوێـزە جوان و بەسوودەکەمان، ئێمەش بڕیاری دەدەین، لە ئەمڕۆە دەبینە هاوڕێیانی دار و درەخت و ژینگەپارێزی کوردستانی رەنگینمان.
دارگوێزەکە: هەر بژین.. دەی هاوڕێکانم، چاوم لێتانە.. وەکو رۆژان، یـاری بکەن.. گـۆرانی خۆش بڵێن.. جـۆلانێ بکەن.. هەڵپـەڕن.. پێبـکەنن.

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here