كاتێك باس له‌سه‌ر خه‌بات ده‌كرێ، كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه و ئاكاری گرێدراوی هه‌رجۆره خه‌باتێك له‌م بازنه‌یه‌دا ده‌سووڕێته‌وه. شۆڕشگێڕ، خه‌باتگێڕ، (له نێو كورددا) پێشمه‌رگه، رووناكبیر، خایین، به‌زیو، گه‌مژه‌ی سیاسی و چه‌نها ئاوه‌ڵناو و نازناوی دیكه. له خه‌بات و بزووتنه‌وه رزگاریخوازانهكانی كورددا گه‌لێك مرۆڤ كه هه‌ڵگری ئه‌م نازناو و ئاوه‌ڵناوانه بوون و هه‌ن به‌شدار بوون و هه‌نووكه‌ش هه‌ر له‌م ره‌وته‌دا درێژه‌ده‌ری ئه‌و ره‌وته‌ن كه ده‌ستیان پێ كردووه.
پاش به‌كولتور كردنی چه‌مكی ریفۆرمخوازی له چوارچێوه‌ی هزریی چالاكانی ئێرانی له بواری سیاسه‌تدا، به‌شێكی به‌رچاو له‌م چالاكانه كه‌وتنه نێو گێژاوی ئۆتۆپیای هزری خۆیان و له نێو ئه‌م بیرۆكه‌یه‌دا توانه‌وه و ئه‌وه‌ی داڕێژه‌رانی ئه‌م تیۆرییه له هه‌وڵیدا بوون، به هۆی كارێكتێره ناسراوهكانهوه ده‌سته‌به‌ریان كرد و توانیان خه‌سارێكی مه‌زن له ره‌وتی خه‌بات دژی رێژیمێكی به واتای راسته‌قینه دیكتاتۆر بده‌ن. ئه‌مه له ئاستی سه‌راسه‌ریی ئێران‌دا تا ئه‌وپه‌ڕی خۆی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا و وه‌ك دیارده‌یه‌كی پێشكه‌وتووانه و رووناكبیرانه خۆی خزانده نێو چوارچێوه‌ی هزریی به‌رهه‌ڵستكارانی رێژیمه‌وه. له‌م نێوه‌دا كوردستان و خه‌بات بۆ رزگاریی ئه‌م نه‌ته‌وه، جیاواز له به‌شه‌كانی دیكه نه‌بوو و په‌نا بردنه به‌ر چه‌مكێك به ناوی ریفۆرم تا راده‌یه‌ك له‌لای به‌ناو رووناكبیرانی ناوچه‌كانی كوردستان په‌ره‌ی سه‌ند. له راستیدا ئه‌و كه‌سانه‌ی له كوردستان په‌نایان بۆ برد دوو ده‌سته بوون، به‌شێك به واتای راسته‌قینه متمانه‌یان به سیناریۆكانی رێژیم كرد و هه‌موو هه‌وڵی خۆیان له‌م چوارچێوه‌یه‌دا خسته گه‌ڕ و خزمه‌تیان به‌م ره‌وته رواڵه‌تییه ده‌كرد و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه. به‌شه‌كه‌ی دیكه له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه بوون و هه‌ن كه ره‌وتی ریفۆرم كۆمه‌ڵێك ده‌رفه‌تی بۆ چالاكانی سیاسی و مه‌ده‌نی له‌بار كردووه و ده‌بێ به‌قازانجی نه‌ته‌وه كه‌ڵكی لێ وه‌ربگیردرێ كه به‌داخه‌وه به هۆی ساكار بوونی هزری به‌شێك له‌م كه‌سانه، له نێو ئه‌م ره‌وته‌دا توانه‌وه و بوون به به‌شێك له له‌مپه‌ره‌كانی سه‌ر رێگا.
ره‌وتی ریفۆرم ئامانجێكی دیاریكراوی هه‌بوو و له سات و كاتێكی هه‌ستیاردا سه‌ری هه‌ڵدا. ده‌سه‌ڵاتی خامنه‌یی په‌ره‌ی ده‌ستاند و سه‌ره‌تاكانی شه‌ڕی زێڕنگه‌ری سه‌ریهه‌ڵدابوو و ره‌فسه‌نجانی و رێبه‌ری رێژیم ده‌ستیان دابووه مه‌ته‌رێز گرتن له یه‌كدی. پرسی نێوده‌وڵه‌تیی ئێران روو له ئاڵۆزی بوو و ریسوایی رێژیم له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا روو له هه‌ڵكشان بوو. په‌شیمان بوونه‌وه‌ی مۆره‌كانی رێژیم لانیكه‌م له رواڵه‌تدا ده‌ستی پێكردبوو. له هه‌موو ئه‌مانه گرنگتر بڕیاری مێژوویی دادای میكۆنووس بوو كه روخساری راسته‌قینه‌ی رێژیمی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا پیشان دا و بووه هۆی داخرانی زۆربه‌ی بالوێزخانه ئه‌وروپاییه‌كان و پێوه‌ندیی ئه‌م رێژیمه له‌گه‌ڵ وڵاتانی پێشكه‌وتوودا تا ئاستێكی زۆر نزم دابه‌زی و كرده‌وه‌كانی ئه‌م رێژیمه له‌مه‌ڕ تیرۆر و تیرۆری ده‌وڵه‌تی بووه مانشێتی هه‌موو هه‌واڵده‌رییه‌كان و بۆ یه‌كه‌مجار رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌م رێژیمه ئاشكرا بوو.
هه‌موو رێژیمێك بۆ ده‌رباز بوون له قه‌یرانێكی ئاوا مه‌زن ده‌بێ پلانێكی كاریگه‌ر داڕێژێ تاكوو لێی ده‌رباز ده‌بێ. رێژیمی ئێرانیش تاقه سیناریۆیه‌ك كه ده‌یتوانی به‌كاری بێنێ و هاوكات دوو ئامانجی پێ بپێكێ، سیناریۆی وه‌ڕێ خستنی ریفۆرم و ده‌سپێكردنی شه‌ڕی زێرنگه‌ری له نێوان ده‌سه‌ڵتداران و كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانی رێژیم‌دا بوو.
رێژیم به‌م هه‌نگاوه‌ی دوو ئامانجی سه‌ره‌كیی هه‌بوو كه بریتی بوو له: گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتوو و ده‌سپێكی وه‌رزێكی نوێ له پێوه‌ندییه دیپلۆماتیكه‌كان و نیشاندانی هه‌وڵێكی نوێ بۆ گۆڕینی سیاسه‌ته‌كانی رێژیم له ئاستی جیهانی، به قه‌ولی خاته‌می {گفتگوی تمدنها} ببێته بنه‌مای ئه‌و پێوه‌ندییانه و وه‌رزێكی نوێ له پێوه‌ندی له‌سه‌ر بنه‌مای جیهانبینییه‌كی دێموكراتیكی ئیسلامی له‌گه‌ڵ جیهانی پێشكه‌وتوو هه‌ڵبداته‌وه. له‌ڕاستیدا ده‌كرێ بڵێین له‌م هه‌ڵخڵه‌تاندن و گهمژاندنهی تۆڕی دیپلۆماتیكی جیهانیدا سه‌ركه‌وتووانه قۆناغه‌كانی بڕی و لایه‌نی ریفۆرمخواز به ئاشكرا زلهێزانی جیهانی به‌لاڕێدا برد و ناچاری كردن دیسان به‌ره‌و باوانی به‌پیت و به‌ره‌كه‌ت باوهخۆنیان بكاته‌وه.
ئامانجی دووهه‌م نێوخۆی ئێران و رووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای ناڕازیی نێوخۆ بوو. خه‌ڵكی ناوخۆ پاش ته‌واو بوونی شه‌ڕی پڕ له نه‌هامه‌تیی ئێران و عێراقی به جووت دیكتاتۆر، چاوه‌ڕێی دروشمه‌كانی ره‌فسه‌نجانی بوون كه بانگه‌شه‌ی بۆ {سازندگی} ده‌كرد و دوو خولی سه‌ركۆماریی به‌م دروشمه و گه‌لك به‌ڵێنی دیكه برده سه‌ر و ئاكامه‌كه‌شی ده‌ركه‌وت و كۆمه‌ڵگای ئێران هێنده‌یتر بێ هیوا كرد له باشتر بوونی دۆخی ناله‌باری ژیان و ناڕه‌زایه‌تی له په‌ره سه‌ندندا بوو. داهاتی رێژیم تا ئاستێكی زۆر دابه‌زیبوو و نرخی نه‌وت له ئاستێكی زۆر نزمدا بوو. گه‌نده‌ڵی هه‌روه‌ك هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانی دیكه‌ی ئێران هه‌روا به‌رده‌وام بوو و باری ئابووریی ده‌ست و پێوه‌ندییه‌كانی رێژیم روو له هه‌ڵكشان و خوانی خه‌ڵكی ئاسایی روو له لاوازتر بوون. له‌مانه‌ش گرینگتر، پێش له سه‌رهه‌ڵدانی سیناریۆی ریفۆرمخوازی، ره‌وتی كوشتن و تیرۆری رووناكبیرانی ره‌خنه‌گر و دژبه‌ری رێژیم له نێوخۆ به چڕی ده‌ستی پێكردبوو و ببوه هۆی كه‌وتنه سه‌ر زاری رۆژانه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و به‌تایبه‌ت رووناكبیران و نووسه‌ر و رۆژنامه‌وان و كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كانی ره‌خنه‌گر و دژبه‌ری رێژیم و گووشاری نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه هه‌تا ده‌هات زیاتر رێژیمی ده‌خسته ته‌نگانه‌وه.
كه‌واته و به پیێ ئه‌م كورته ئاماژه به دۆخی ئه‌وكاتی رێژیم، لۆژیكییه گه‌ر بیهه‌وێ له‌م قه‌یرانه و به هه‌ر نرخێك ده‌رباز ببێت و له‌ڕاستیدا تاقه رێگایه‌كی موومكین بوو كه ئامانجی سه‌ره‌كی واتا درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان، بپێكێ و كه‌مترین تێچوویی و زیاترین قازانج ده‌سته‌به‌ر بكات.
له راستیدا هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌ی پێكرا، كوردستانیش له‌م رووداوانه‌دا بێلایه‌ن نه‌بوو و كۆمه‌ڵێك كه‌س و بگره كه‌سانی خاوه‌ن ئه‌زموونی سیاسیش له‌م داوه كه‌وتن و بڕوایان به سیناریۆیه‌كی پوختی ئه‌ندازیاری كرا‌و كرد و له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌وته كه‌وتن.
هه‌روه‌ك هه‌موومان ده‌یزانین، پاش شۆڕشی گه‌لانی ئێران و رووخانی رێژیمی شا، به‌شی هه‌ره زۆری حیزب و رێكخراوه‌كان، له چه‌پ و راست و ماركسیستی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و پان ئێرانی و فارس بگره هه‌تا نزیك به هه‌موویان له‌لایه‌ن خومه‌ینی و پاشماوه‌كانی كه له دوواییدا بوونه كۆڵه‌كه‌ی ئه‌و رێژیمه،فریو دران و متمانه‌یان به دروشمی ئاخوونده‌كان كرد و به پاساوی دژبه‌ری له‌گه‌ڵ ئیمپریالیزم ده‌نگی خۆیان خسته پاڵ خومه‌ینی و به هه‌ردوو ده‌ست وڵاتی ئێرانیان پێشكه‌شی تاقمێكی ئاخووند كرد. شایانی باسه كه له‌و سه‌رده‌مه‌شدا له كوردستان دوو ره‌وتی لاواز كه بریتی بوون له تاقمی حه‌وت كه‌سی به سه‌رۆكایه‌تیی مام غه‌نی بلووریانی تووده و مه‌كته‌ب قورعان به رێبه‌ریی كاك ئه‌حمه‌د موفتی زاده هه‌بوو و به پێچه‌وانه‌ی زۆرینه‌ی حیزبه‌كان و خه‌ڵكی كوردستان، كه به ئاشكرا رایانگه‌یاند رێژیمی ئیسلامی نامۆیه و له‌گه‌ڵ دێموكراسی ئاویان به جۆگه‌یه‌كدا ناڕوا، په‌نایان برده لای رێژیمی خومه‌ینی و وه‌ك باقیی حیزبه سه‌راسه‌رییه‌كانی دیكه یارمه‌تیده‌ری به‌هێزبوونی ئه‌و رێژیمه بوون و له ئاكامدا تێكڕا له‌لایه‌ن رێژیمی ئیسلامییه‌وه قه‌ڵاچۆ كران.
سه‌رهه‌ڵدانی ره‌وتی ریفۆرم پاش نزیك به ٢٠ ساڵ دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران و بهدهسهڵت گه‌یشتنی ئاخوونده‌كان، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مانه بوو كه توانیان به ئاسانی به‌شی هه‌ره‌زۆری كۆمه‌ڵگای ئێران و به‌تایبه‌ت حیزب و رێكخراوه و كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ خۆیان هاوهه‌نگاو بكه‌ن و سیستمێكی دیكتاتۆری دامه‌زرێنن، به‌ڵام جیاوازیی ئه‌مجاره گه‌ره‌نتی كردن و درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی رێژیم و هه‌نگاو نان بۆ هه‌تایی كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان بوو.
لێره‌دا با ئاوڕێكی كورت بده‌ینه‌وه له پێناسه‌ی رێژیمێكی ئیسلامی كه پێشگری كۆمارییه‌كی دوور له واتاكه‌ی پێوه لكاوه.
له سیستمێكی ئیسلامی‌دا و له باشترین بارودۆخیدا، ده‌بێ یاساكان به پێی شه‌رع و ئایینی ئیسلام دابنرێت و به‌ڕێوه ببرێ. له ئاوا حاڵه‌تێكیشدا ده‌بێ كه‌سانێك چاوه‌دێریی بكه‌ن و ئه‌و یاساگه‌له بنووسن و تۆماری بكه‌ن كه شاره‌زاییان له‌سه‌ر دینی ئیسلام و شه‌رع و قورعان هه‌بێت و تێیدا پسپۆڕ بن. كه‌واته ده‌بێ مه‌لا و مامۆستایانی ئایینی و به واتایه‌كی دیكه له ئێران‌دا ده‌بێ ئاخووند بێت. هه‌روه‌ك بینیمان ده‌سپێكی ئه‌م رێژیمه‌ش هه‌ر به‌م شیوازه بوو و رێبه‌ر، سهركۆمار، سه‌رۆكی مه‌جلیس و هه‌موو ناوه‌نده ده‌سه‌ڵاته سه‌ره‌كییه‌كان له‌ده‌ست ئاخووندهكاندا بوون و ئه‌گه‌ریش له هێندێ شوێندا كه‌سی یه‌كه‌م نه‌بووبن، جێگره‌كه‌ی ده‌با ئاخووندێك بێ. ئه‌مه له حاڵێكدایه كه وڵاتی ئێران جگه له چه‌ند نه‌ته‌وه‌ی جیاواز، له چه‌ند ئایین و مه‌زهه‌بی جیاوازیش پێكهاتووه و له‌و یاسایه‌دا كه له‌لایه‌ن ئاخوونده‌كانه‌وه نووسراو و په‌سه‌ند كراوه، لانیكهمی مافه‌كانی ئه‌م كه‌مه نه‌ته‌وه و ئایین و مه‌زهه‌بانه له‌به‌رچاو نه‌گیراوه و هه‌موو یاساكان به پێی رێسای شیعه‌ی ١٢ ئیمامی نووسراوه‌ته‌وه.
باس كردنی ئه‌م پێناسه‌یه ته‌نیا به‌و مه‌به‌سته بوو كه به‌رچاوڕوونییه‌ك هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی كه چۆن بوو و چۆنه كه پاش ئاشكرا بوونی ئه‌و هه‌مووه جینایه‌ت و گه‌نده‌ڵی و فریودانه و سیستمێكی ئتدئۆلۆژیكی چه‌قبه‌ستووی لهمچهشنه، هه‌نووكه‌ش و پاش چه‌ندها جار تاقیكردنه‌وه‌ی ره‌وتی به ناو ریفۆرم و واده و به‌ڵێنی بێ بنه‌ما، دیسان له ئاستی سه‌راسه‌ری و به‌تایبه‌ت له كوردستان هه‌روا متمانه به‌و كۆڵه‌كانه‌ی رێژیم ده‌كرێ و نایانهه‌وێ ته‌نیا جارێك ئه‌و پرسیاره له خۆیان بكه‌ن كه دوور له یاسای بنه‌ڕه‌تیی ئیسلامی كه هیچ مافێكی مرۆیی بۆ نه‌ته‌وه‌كانی جگه له فارسی شیعه‌ی ١٢ ئیمامیی تێدا به‌دی ناكرێت، له به‌رنامه و پڕۆگرامی به‌ناو ریفۆرمیست چ مافێك بۆ كورد و باقیی نه‌ته‌وه‌كان له‌به‌رچاو گیراوه كه ئاوا هه‌ڵوه‌دان له شوێنی؟ ته‌نانه‌ت هه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌رده‌مێك له‌و سیستمه‌دا بوون و ئێستا كه‌وتوونه‌ته به‌ر رقی تاقمی خامنه‌یی و له ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌ژین، له كام نووسراوه و گوتار و ئاخهوتندا ته‌نانه‌ت ئاماده بوون وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ نا، وه‌ك هاووڵاتییه‌كی وه‌ك خۆی باسی كورد و به‌لووچ و عه‌ره‌ب و تورك بكات؟
سه‌رنجڕاكێش ئه‌وه‌یه كه رێژیم و ئه‌م ره‌وته گارانتی به‌خشه‌ی رێژیم هێنده چووه‌ته پێش كه ته‌نانه‌ت له نێو كه‌سانی دژبه‌ری بهئهزموونیشدا كه ساڵانێكی دوور و درێژه دژی ئه‌و رێژیمه خه‌باتیان كردووه كاریگه‌ریی داناوه و جگه له چاندنی تۆوی هیوا بۆ سه‌ركه‌وتنی ره‌وتی ریفۆرم و به‌ده‌ستهێنانی ماف له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، چ له نێوخۆ و چ له ده‌ره‌وه‌ی ئێران و لای به‌شێكی زۆر له ئۆپۆزیسیۆن رێژیم، بێ هیوایی و ره‌وینه‌وه‌ی متمانه به‌خۆ بوونی به ناخیاندا كردووه و به ئاشكرا هاواری بۆ ده‌كه‌ن و له باشترین حاڵه‌تدا، چاوه‌ڕوانییه‌كی ناڕوون و لێڵ باڵی كێشاوه به‌سه‌ر زۆرینه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیم‌دا و هه‌موویان پێكه‌وه له‌سه‌ر بازنه‌یه‌كی به‌رته‌سكدا ده‌سووڕێنه‌وه و ده‌توانم بڵێم ته‌نیا به‌شێك له ئێران كه تا راده‌یه‌ك باشتر له باقیی ناوچه‌كانه، كوردستانی رۆژهه‌ڵاته كه ئێستا له بن ده‌ستی ئیران و رێژیمهكهیدایه.
پاش ساڵانێكی دوور و درێژ چاوه‌ڕوانیی داسه‌پاو به‌سه‌ر خه‌باتی رۆژهه‌ڵاتدا، له نه‌ورۆزی ئه‌مساڵدا و له ناوچه‌یه‌كی واتاداردا له‌لایه‌ن حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانه‌وه په‌یامێك ئاراسته كرا كه به‌رده‌نگه‌كه‌ی نه‌ته‌نیا نه‌ته‌وه‌ی كورد له رۆژهه‌ڵات، به‌ڵكوو كوردی هه‌موو جیهان و ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ناوچه و جیهان بوو. په‌یامێك بوو كه وزه و هێزێكی نوێی له كوردستانی رۆژهه‌ڵاتدا خسته‌گه‌ڕ و بووه باسێكی رۆژه‌ڤ بۆ خه‌ڵكی كورد و هه‌موو چاوه‌دێران و توێژه‌رانی ناوچه‌یی و جیهانی. ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراوی به‌دوای خۆیدا هێنا. له ئاستی ئێران‌دا گه‌لێك كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا و بووه بابه‌تێك بۆ توێژینه‌وه و تێڕامان له‌لایه‌ن دۆستان و دژبه‌رانی كورد و به‌تایبه‌ت حیزبی دێموكرات.
به‌داخه‌وه به‌شێك له دژبه‌ران به‌ناو رووناكبیرانی كوردی نێوخۆ بوو كه ئێستاش خولیای پێئهسپاردنی پله‌یه‌كی حكوومه‌تی له‌لایه‌ن ریفۆرمخوازانی ناوه‌نده‌وه له مێشكیاندا هه‌ر ره‌نگ ده‌داته‌وه و چاوه‌ڕوانی {مه‌هدیی مه‌وعوود}ن. به‌داخه‌وه سه‌ری ئه‌م گوریسه تا ئاستێك درێژ بووه‌ته‌وه كه سنووره‌كانی رێژیمی ئێرانی تێپه‌ڕاندووه و له نێو كه‌سانێكی خاوه‌ن ئه‌زموونی سیاسیش‌دا په‌رچه‌كرداری لێ كه‌وته‌وه و بووه هۆی گه‌لێك هه‌ڵوێستی ته‌ڕ و نالۆژیكی.
به‌ڵام هه‌روه‌ك حیزبی دێموكرات له رابردوودا سه‌لماندوویه، هه‌رگیز بڕیارێكی بێ بنه‌ما و به بێ بێگوومان بوون لێی نادات و پێش ئاشكرا كردنی بڕیاره‌كانی هه‌موو لایه‌نه‌كانی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و بواری بۆ له‌بار ده‌كات. ئه‌م په‌یامه‌ی حیزبی دێموكرات كه ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی به‌رفراوانتر كردنه‌وه‌ی پانتای خه‌بات و لێك گرێدانی چالاكیی پێشمه‌رگه‌ی ئاشكرا و پێشمه‌رگه‌ی نهێنیی نێوخۆی رۆژهه‌ڵاته، به مه‌به‌ستی رابوونێكی هزری و شعووری و فیزیكیی كۆمه‌ڵگایه‌كی تینووی ئازادییه. كۆمه‌ڵگایه‌ك كه حیزبی دێموكرات به‌رده‌وام به سه‌رچاوه‌ی پشتیوانی و هێز و توانا و هیوای خۆی پێناسه‌ی كردووه. كۆمه‌ڵگایه‌ك كه نزیك بیست ساڵه چاو له به‌رزایی و لووتكه‌ی كێوه‌كان ده‌كه‌ن تاكوو تیشكی وزه‌به‌خشی لێ ده‌ركه‌وێ و رابوونیان بۆ به‌دیاری بێنێ.
حیزبی دێموكرات په‌یامی سه‌ربه‌رزیی ئاراسته كرد و به‌رده‌نگه راسته‌قینه‌كانی وه‌ڵامیان دانه‌وه و هه‌موو چاوه‌كان چاوه‌ڕیی هه‌نگاوی به كرده‌وه‌ی و راماڵینی بێ هیوایی و چاندنی داری سه‌ربه‌ستی و ئازادیی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستانن. به‌ڵێ ئادرهسهكه راست خۆیه‌تی: حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران.